پێویستە سوید رێگە بە تاوانبارکردنی کورد نەدات

ئەمینە کاکەباوە پەرلەمانتاری سۆسیالیستی سوید رایگەیاند، پێویستە رێگە نەدرێت، پۆلیسی سوید کورد تاوانبار بکات.

ئەمینە کاکەباوە پەرلەمانتاری سۆسیالیستی سوید، پرسی ناحەقیکردن لە کوردی کردە رۆژەڤی پەرلەمانی سوید و داوای لە حکومەتی سوید کرد کە رێگە نەدات مافی کورد بخورێت.

دوای ئەوەی دۆسیەی کوشتنی ئۆلوف پاڵمە سەرۆک وەزیری پێشووی سودی داخرا و راگەیەنرا کە پەیوەندی پەکەکە بە کوشتنی پاڵمەوە نییە، رێکخستنە کوردەکان و نوێنەرانی پارتە سیاسیەکانی سوید داوایان کرد لێبۆردن لە کورد بکرێت و پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێنرێت، بەڵام بە پێچەوانەوە پۆلیسی سوید فشار لە سەر کوردان دروست دەکات، داواکاری پەنابەری سیاسی کوردان رەت دەکرێتەوە. کاکەباوە لەمبارەیەوە ئاماژەی بە یاسای تیرۆردا کە لە ١ی ئازاردا لەبەرانبەر داعش دەرکراوە، بەڵام زیاتر لەسەر کورد جێبەجێ دەکرێت.

کاکەباوە باسی ئەوەی کرد، یاساکە دەرکراوە بەڵام هیچ داعشێک دادگایینەکراوە و دیپۆرتنەکراوەتەوە، بەڵام پۆلیسی سوید ٣٠ کوردی وەک مەترسی پیشانداوە و ئەوانیان دەستنیشان کردووە.

ئەو پەرلەمانتارەی سوید، فشارەکانی سەر کورد و تاوانبارکردنی کوردانی بە دەستی سوید وەک دووروویی لەقەڵەمدا کە لەلایەک فشار دروست دەکات و لەلایەک ئەندامی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشە کە هاوپەیمانیەکە پشتگیری لە شەڕڤانە کوردەکان لە رۆژئاوا و باشوری کوردستان دەکات.

کاکەباوە وتیشی پۆلیسی تورک هەوڵ دەدات، هەدەپە وەک پارتێکی تاوانبار پیشان بدات و وتی،" فشاری پۆلیسی تورک لە کوردستان و تورکیا لەسەر هەدەپە هەیە و لێرەش پۆلیسی سوید فشار دروست دەکات.

کاکەباوە بەبیریهێنایەوە کە تا ئێستا ٣٠ کورد دیاریکراون و وتی،"نە رێکخراوی لێبۆردنی نێودەولەتی و نە پارێزەران نازانن ئەو کەسانە بۆچی تاوانبارکراون. پۆلیسی تورک لەسەر داعش فشار دروست ناکات، بەڵکو لەسەر کورد فشار دروست دەکات. کوردان پێویستە لەدژی هەڵوێستی پۆلیس خاوەن هەڵوێستێکی هاوبەش و بەهێز بن."

ف.ق