'قەناعەت بە دە کەس بهێنە بۆ دەنگدان بە پارتی چەپی سەوز'
کۆردیناسیۆنی هەڵبژاردنی ئەوروپای پارتی چەپی سەوز هەڵمەتێکی ڕاگەیاند: «لەپێناو بردنەوەی دە ملیۆن دەنگ، لانی کەم قەناعەت بە دە کەس بهێنە».
کۆردیناسیۆنی هەڵبژاردنی ئەوروپای پارتی چەپی سەوز هەڵمەتێکی ڕاگەیاند: «لەپێناو بردنەوەی دە ملیۆن دەنگ، لانی کەم قەناعەت بە دە کەس بهێنە».
لە بەیاننامەی کۆردیناسیۆنی هەڵبژاردنی ئەوروپای پارتی چەپی سەوز هاتووە: «کاتێکی کەم ماوە بۆ هەڵبژاردنی ١٤ـی ئایار لە تورکیا، پلانەکانی هەڵبژاردنمان بە قۆناغی جیاواز لە دەرەوەی وڵات بەڕێوە دەبەین. هەڵبەت دەنگدانی دەرەوەی وڵات لە ٢٧ ـی نیسان تا ٩ ئایار دەخایەنێت. قۆناغی یەکەمی ئامادەسازییەکانی هەڵبژاردن، پیاچوونەوە و تۆمارکردنی تۆماری دەنگدەرانە، لەم ماوەیەدا، بە هەوڵی کۆردیناسیۆنی هەڵبژاردن لە دەرەوەی وڵات و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی تر، دەسکەوتنێکی مەزنمان بەچنگ خست لەڕێگەی تۆمارکردنی هەزاران دەنگدەری نوێوە».
بەیاننامەکە جەختی کردەوە لەوەی قۆناغی دووەم، هەوڵدانە بۆ گەیشتن بە دە ملیۆن دەنگ، ئەوەش لەژێر درووشمی «لەپێناو بردنەوەی دە ملیۆن دەنگ، لانی کەم قەناعەت بە دە دەنگدەر بهێنە». لە درێژەدا هاتووە: «وەک کۆردیناسیۆنی هەڵبژاردنی ئەوروپا پێویستە کاربکەین بۆ بردنەوەی دە ملیۆن دەنگ لە بەرژەوەندیی پارتی چەپی سەوز و هاوپەیمانی ڕەنج و ئازادی، دەزانین پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە هەڵبژاردنی ڕابردوو زیاتر لە ٦ ملیۆن دەنگی بەدەستهێنا، لەگەڵ ئەوەشدا، ملیۆنان دەنگدەر تووڕە و ناڕازیین لە هاوپەیمانی نێوان ئاکەپە و مەهەپە بەهۆی قەیرانە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی تورکیا و جەنگی دژی گەلی کوردەوە.
ئێمە خاوەنی ملیۆنان کەسی گەشبینین لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، ئەمانە ئازادیی ژن بە بنەما دەگرن، هەروەها باوەڕیان بە دیموکراسی و برایەتی گەلانە. وەختێک دەڵێین پێکەوە گۆڕان بەدی دەهێنین، ئەمە ئومێدێکە دژ بە نائومێدی».
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە، بۆ گەیشتن بە دە ملیۆن دەنگ، هەر دەنگدەرێکی دەرەوەی وڵات پێویستە لانی کەم دە کەس قایل بکات بۆ دەنگدان بە پارتی چەپی سەوز و کارکردنی جدی بکات بۆ ئەم ئامانجە.