قەسەدە ئاماری شەڕی ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی بڵاوکردەوە

هێزەکانی سووریای دیموکراتیک ڕایگەیاند، هێرشە ئاسمانی و زەوینیەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و سوپای نیشتیمانی سووریا بۆ سەر هەرێمەکە بەردەوامە.

ناوەندی زانیاری و ڕاگەیاندنی قەسەدە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند؛

"ماوەی ٣مانگە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامە". داگیرکەران و چەتەکانی بەهۆی بەرخۆدانی قارەمانانەی شەڕڤانانمان ناتوانن بێنە پێشەوە.

دوێنێ (شەممە) فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆردومانی شوێنی نیشتەجێی کرێکارانی بەنداوی تشرینیان کرد لە باشووری ڕۆژهەڵاتی منبج. هەروەها ناوچەی دەوروبەری بەنداوەکە و ناوچە گوندنشینەکانی دەوروبەر بە تۆپ و هاوەن بۆردومان کران. لەم هێرشانەدا زیانی کەوتووتەوە.

لە بەرەی دێرحافر، شەڕ و پێکدادان لە نێوان شەڕڤانان و چەتەکاندا ڕوویدا و ژمارەیەک چەتە کە بە تەواوەتی ڕوون نەبووەتەوە کوژران.

هەروەها گوندەکانی تینا، جادە، بیرحسۆ، دیکان، مەلحا، سناعی و گردەکانی سێوە و قەرەقوزاق زیاتر لە ٣٠ جار، بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بە تۆپ و تانک بۆردومان کران. لە ئەنجامی هێرشەکاندا زیانی ماددییان بەر ماڵ و سامانی هاوڵاتیان کەوت.

هەروەها بەدرێژایی ڕۆژ فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمب هەڵگر بەسەر شارەکانی کۆبانی و عەین عیسا و گوندەکانی دەوروبەریدا سوڕاونەتەوە."