راپەڕینی ئێران بەرەو ئازادی هەنگاو دەنێت

چەندین ساڵە کە دەوڵەتی ئێران فشار لە گەلانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکات. تاوەکو ئێستا بەهەزاران کەسی لەسێدارەداوە و زیندانیانی بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجە داوە. ئێدی گەل بۆ ئازادی لە گۆڕەپانەکانە و لەدژی دەسەڵاتی ئێران راپەڕیوە و دەڵێت 'ئێدی بەسە'.

پێکهاتەکانی کورد، عەرەب، فارس، ئازەری و بەلووچ ٢٠ ساڵە دژی ڕژێمی ئێران تێدەکۆشێت. بۆ یەکەمجار لە مانگی تەمموزی ساڵی ١٩٩٩دا ئێران شایەتحاڵی بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی بوو. پێشەنگەکانیش خوێندکار بوون. دڕندەیی و توندوتیژی قبوڵ نەکرا، توڕەییان لە تاران تەقیەوە و بۆ ماوەی ٨ مانگ دەوڵەتی ئێران رۆژنامەیەکی رۆژانەی نزیک لە محەمەد خاتەمی ڕیفۆرمخواز قەدەغە کرد.

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2009 سەرکەوتنی بنئاژۆخواز مەحمود ئەحمەدی نەژاد بۆ جاری دووەم ناڕەزایەتی لێکەوتەوە. لەو کاتەدا لایەنگرانی میر حسێن موسەوی و مەهدی کەڕوبی ئەو ساختەکارییەیان ڕەتکردەوە و لە تاران خۆپیشاندانیان ئەنجامدا. وەک جاران پۆلیسی ئێران دەستوەردانی کرد. حکومەتی ئێران ١١٢ کەسی کوشت و هەزاران کەسی دەستگیرکرد و بە توندی سزای سیاسەتمەداران و ڕۆشنبیرانی ئۆپۆزسیۆنی دا.

لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٧ گەلی ئێران لەدژی دۆخی خراپی ئابوری راپەڕین و حکومەتیان بە گەندەڵی تۆمەتبار کرد. گەل هێرشیان کردە سەر بنکەکانی پۆلیس و ژمارەیەک هاوڵاتی کوژران.

لە ساڵی ٢٠١٩دا سەرنجی جیهان چووە سەر ئێران. لەو کاتەدا ٢٠٠ هەزار کەس پێکەوە دەنگیان لە دژی دەسەڵات بەرزکردەوە و بە گەورەترین ناڕەزایەتی دژی دەوڵەت لە دوای ٤٠ ساڵی رابردوو ناوزەد کرا. هۆکاری ئەم توڕەبوونە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و بە گشتی دۆخی ئابوری بوو.

گەل لە گۆڕەپانەکەدان خۆپیشاندانی ئەنجامدا، بەڵام ئەمجارە پرسەکە گەندەڵی و ئابوری نییە، ئەو خۆپیشاندانانەی کە ئەمجارە باسی دەکەین، پریشکی ڕاپەڕینی ژینا ئەمینیە لە ئێران. ڕۆژی ١٤ی ئەیلولی ئەمساڵ، بە هۆی بڕیارە توندەکانی دەسەڵات، پۆلیسی ئێران ژینا ئەمینی خەڵکی شاری سەقزیان کوشت. لە ماوەیەکی کورتدا ئەم توڕەیی و ناڕەزاییە گشتییە گۆڕا بۆ گەورەترین راپەرینی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

دروشمی ئەم راپەرینە بریتییە لە 'ژن، ژیان، ئازادی'. ئەم دروشمە لەخۆوە نەگوترا. خاوەنی ئەم دروشمە عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کوردە. ئەوە نیشان دەدات کە ژن بنەمای ئازادی و ژیانە. ئەم دروشمە وەک فەلسەفەیەک دەزانێت و ئەم فەلسەفەیەی لە سەدەی بیستەمدا، لە کۆمەڵگەی نیۆلیتیک و شۆڕشی کشتوکاڵییەوە تا مێژووی مۆدێرن، لە هەموو ڕوویەکەوە بارودۆخی ژنانی شیکردەوە. ژنی بە ژیان و ئازادی لەقەڵەمدا. ئەم هەڵسەنگاندنە ئێستا بووەتە پاشخانی بزووتنەوەیەکی جیهانی و ژنان لە هەموو شوێنێک بەم دروشمە دژی سیستمە دەسەڵاتدارەکان دەوەستنەوە.

ئەم دەستەواژانەی ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجالان، ساڵانێکە بووەتە پریشکی هیوای هەموو ژنان. زۆرێک لە ژنە قارەمانەکانی وەک زیلان، بێریتان، سارا، بەسێ و هەزاران ژن کە ئەمڕۆ لە سەنگەرەکانی پێشەوە لە چیاکانی کوردستان شەڕ دەکەن، خۆیان گەیاندە ئەم دەستەواژەیە. ژنانی وەک سارا تۆڵهەڵدان و روکەن زیلان بە رووناکی دڵیان ئەم دروشمەیان گەیاندە بەرزترین لوتکە.

دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' کە دەگۆترێتەوە، ژینا ئەمینی کچی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان دێتە بیرمان کە بەهۆی ئەوەی کەمێک قژی بەدەرەوە بوو، لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتی ئێرانەوە کوژرا.

ژینا ئەمین، ئەو کچە کوردەی کە زەوی و ئاسمانی هەژاند و ئەو گەلەی خەوتبوو بەئاگا هێنایەوە، بە هاوارکردنی 'ژن، ژیان، ئازادی' بوو بە کابوسەکانی سیستەمی حوکمڕانی ئێران. ژینا ئەمینی بە بسکی قژی بووە هێمای خەبات و ئازادی هەموو ژنانی جیهان.

ئەمڕۆ لە هەر چوار پارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات، خاوەنداری لە ژینا ئەمینی دەکرێت. ٢ مانگ بەسەر دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕابەرایەتی ژنان تێپەڕیوە و بەردەوامن.

ئەمڕۆ حکومەتی ئێران بە مەبەستی رێگریکردن لەو ناڕەزایەتیانە و ترساندنی گەل هەزاران کەسی دەستگیرکرد و زیاتر لە ٣٠٠ کەسی کوشتووە.

لە رابردووشدا دەیان خۆپێشاندان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوون بەڵام زۆریان نەخایاند. بە شێوازی جیاواز کۆتاییان هات. ئەوەی دەتوانین بڵێین ئەم ناڕەزایەتییە بەردەوام بوو و مۆری خۆی لە مێژوودا.

ئەمڕۆ منداڵ، ژن، گەنج، پیر، وەک پێشینەکانمان دەیانگوت لە حەوت ساڵەوە بۆ حەفتا ساڵان، گەل جێگەی خۆی لەم خۆپیشاندانانەدا دەگرێتەوە و بە دەنگێکی بەرز کە جیهان دەهێژێنێت، دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' و 'بمرێت دیکتاتۆر' دەڵێنەوە.

چەندین ساڵە کە دەوڵەتی ئێران فشار لە گەلانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکات. تاوەکو ئێستا بەهەزاران کەسی لەسێدارەداوە و زیندانیانی بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجە داوە. ئێدی گەل بۆ ئازادی لە گۆڕەپانەکانە و لەدژی دەسەڵاتی ئێران راپەڕیوە و دەڵێت 'ئێدی بەسە'.

ف.ق