سەڵاحەدین دەمیرتاش: دەنگەکانی کورد ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی تورکیا یەکلادەکەنەوە

سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) و دیارترین نەیاری ڕەجەب تەیب ئەردۆگان لە زیندانەوە قسەی کرد و گوتی، ئەمە باشترین دەرفەتی بەردەم ئۆپۆزیسیۆنی تورکیایە بۆ دوورخستنەوەی سەرۆکی وڵات.

سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە پێش زیندانیکردنی لە ساڵی ٢٠١٦، لە وەڵامی ڕۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز گوتی، ئەو ئۆپۆزیسیۆنە یەکگرتووەی کە کوردەکان لەخۆدەگرێت، دەتوانێت ڕێگربێت لە خزانی تورکیا بەرەو «دیکتاتۆرییەت».

لە وەڵامی پرسیاری پارێزەرەکەیدا، دەمیرتاش گوتی، تورکیا خەریکە بەرەو دیکتاتۆرییەت هەنگاو دەنێت، هەروەها دەڵێت، «ئەگەر ئەردۆگان لەم هەڵبژاردنە براوە بێت، تورکیا پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێی دیکتاتۆرییەتەوە».

هەروەها گوتی: «ئەردۆگان لەڕێگەی دابەشکردنی کۆمەڵگەوە توانی لە دەسەڵات بمێنێتەوە. یەکگرتنی ئۆپۆزیسیۆن زۆر گرنگە، نەوەک هەر بۆ سڕینەوەی ئەم جەمسەرگیرییە، بەڵکو بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنەکانیش».

بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، دەنگەکانی کورد یەکلاکەرەوەن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا کە بڕیارە لە ١٤ ـی ئایار بەڕێوەبچێت.

هەدەپە بە فەرمی نەچۆتە ناو ئەو هاوپەیمانێتییە شەش‌قۆڵییەی کە پاڵپشتی کەمال کلیچدار ئۆغلۆ دەکەن بۆ سەرۆکایەتی.

دەمیرتاش گوتی: «هیچ پارتێک بەبێ پاڵپشتی کورد ناگاتە دەسەڵات. کوردەکان لەم هەڵبژاردنەدا یەکلاکەرەوە دەبن».

بەڵام دەمیرتاش کە خاوەنی بنکەیەکی جەماوەریی مەزنە لەنێو پارتی دیموکراتیکی گەلاندا، بەگوێرەی ئەو تویتانەی کە پارێزەرانی بڵاویانکردۆتەوە، دەڵێت: هێشتا بڕیاری نەداوە بۆ پاڵپشتیکردنی کەمال کلیچدار ئۆغلۆ وەک هەوڵێک بۆ کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی ئەردۆگان.

سەرۆکی تورکیا لەم هەڵبژاردنەدا ڕووبەڕووی دژوارترین تاقیکردنەوە دەبێتەوە، چونکە دۆخی سەختی بژێویی و کەمتەرخەمی دەوڵەت لە بومەلەرزەکەی شوبات، گورزێکی کوشندەن لە دەنگەکانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە).

دەمیرتاش سەبارەت بە کلیچدار ئۆغلۆ کە سەر بە تایفەیەکی عەلەوییە لە دەوڵەتێکدا کە زۆرینەی سەر بە مەزهەبی سوننەیە، هەروەها لە ناوچەیەکی کوردنشیندا لەدایکبووە، دەڵێت: «هەوڵی دڵسۆزانەی هەبووە بۆ گۆڕانکاری و دیموکراسی». هەروەها گوتی: «کوردەکان بەربژێرێکی سەرۆکایەتیی هاوبەشیان دەبێت» و «گەشبین» بوون بە هەڵمەتەکەی کلیچدار ئۆغلۆ، بەڵام هێشتا چاوەڕێ دەبن پێش بڕیاردان.