سەدان کەس بۆ ڕێپێوانی ئازادی لە ڕەنس کۆبوونەوە

"ڕێپێوانی ئازادی ٢٥ کەسی" بە پێشەنگایەتی کۆڵەکتیڤی پشتیوانی کوردستان کە لە ١٢ ڕێکخراو پێکدێت، ئەنجامدرا. ئەندامی کۆڵەکتیڤەکە، مایکڵ جۆرج ڕایگەیاند پێویستە فەرەنسا بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕۆڵ بگێڕێت.

سەدان کەس و چەندین ڕێکخراوی شۆڕشگێڕ و کرێکاری و سۆسیالیست بەشداری ڕێپێوانەکە بوون.

وتەبێژی کۆنسەی کوردی دیموکراتیکی فەرەنسا (جەدەکە-فە) بێریڤان فورات ڕاگەیاندراوی خوێندەوە و زانیاری بە دەوروبەر ڕاگەیاند. تیشکی خستەسەر تێکۆشانی مەزنی کوردان دژی بەربەریزمی داعش و دەوڵەتی تورک.  

بێریڤان ڕایگەیاند ١٢ هەزار گەنجی کورد بە فیکر و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان چەندین ساڵ دژی بەربەریزم فیداکاریان کرد و گوتی: "ئەگەر ئێوە لێرە و لە ئەوروپا و هەموو جێیەکی جیهان بە ئاسوودەی دەژین، ئەوە لەسایەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گەلی کوردە".

گەلی شارەکە بەگەرمی پێشوازیان لە چالاکییەکە کرد و لە تەواوی ڕێپێوانەکەدا بڵاوکراوە دابەشکران. دووپاتکرایەوە پێویستە گەلی فەرەنسا بەهێزتر بەشداری ڕێپێوانەکە بکەن.

نوێنەری پارتی چەپ، مایکڵ جۆرج ڕایگەیاند پێویستە فەرەنسا لە چارەسەری سیاسیدا ڕۆڵی خۆی بگێڕێت، چارەسەری سیاسی بۆ کورد پێویستە، ئەمەش پێویستی بە ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە، گوتی: "لەسەر ئەم بناغەیە بانگەواز لە هەموو کۆمەڵە و ڕێکخراوە مەدەنی و پارتە سیاسییەکان دەکەین بەشداری کۆڵەکتیڤەکە بکەن. گەلی کوردیش وەک گەلانی جیهان مافی ئازادی هەیە. بژی گەلی کورد! بژی عەبدوڵا ئۆجالان! ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان!".