سەدان کەس لە کادیکۆ: دەستبەرداری تێکۆشانی ئاشتی نابین
بە پێشەنگایەتی هێزەکانی ڕەنج و ئاشتی و دیموکراسی لە ئیستەنبوڵ، سەدان کەس کۆبوونەوە و بانگەوازیان کرد بۆ ئاشتی، داوایان کرد، دەسەڵات واز لە سیاسەتی شەڕ بهێنێت.
بە پێشەنگایەتی هێزەکانی ڕەنج و ئاشتی و دیموکراسی لە ئیستەنبوڵ، سەدان کەس کۆبوونەوە و بانگەوازیان کرد بۆ ئاشتی، داوایان کرد، دەسەڵات واز لە سیاسەتی شەڕ بهێنێت.
هێزەکانی ڕەنج و ئاشتی و دیموکراسی لە ئیستەنبوڵ بەبۆنەی ١ ی ئەیلول، ڕۆژی جیهانیی ئاشتییەوە، لە گۆڕەپانی ئیستیقلالی ناوچەی کادیکۆ بە درووشمی "لەپێناو ئاشتی جڤاکی، ژیانێکی یەکسان و ئازاد" ڕاگەیاندراوێکی جەماوەرییان خوێندەوە. سەدان کەس بەشداری چالاکیەکە بوون، پانکارت و لافیتە و درووشم بۆ ئاشتی بەرزکرانەوە. دایکانی ئاشتی بە سەرپۆشی سپییانەوە بەشداربوون.
پۆلیس ویستیان ڕێگە لە لافیتەی "گۆشەگیری" بگرن
ئەو پەرلەمانتارانەی پارتی چەپی سەوز کە دەیانویست بە لافیتەی "لەپێناو ئاشتی، نا بۆ گۆشەگیری" بچنە نێو گۆڕەپانەکەوە، ڕووبەڕووی ئاستەنگی پۆلیس بوونەوە. لەسەر پێداگری و ناڕەزایەتی پەرلەمانتاران، لافیتەکانیان لەگەڵ خۆیان بردە گۆڕەپانەکە.
لە چالاکییەکەدا، خولەکێک ڕێزگرتن بۆ ئەو کەسانە پیشاندرا کە لە تێکۆشانی ئازادی و ئاشتییدا گیانیان لەدەستداوە.
دایکی ئاشتی، بەدیعە گۆکگوز، گوتی: "دەڵێین تا دایکانی ئاشتیمان هەبێت، تا تێکۆشانی ئاشتیی شکۆمەندانەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستدا نەگەیەنینە ئەنجام، دەست لە تێکۆشان هەڵناگرین". گۆکگوز بانگەوازی لە حکومەت کرد سیاسەتەکانی شەڕ و ئەشکەنجەدان لەسەر تەرمی مردووان ڕابگرێت.
"دەست لە تێکۆشانی ئاشتی هەڵناگرین"
سەرۆکی لقی ژمارە ٣ ی ئیستەنبوڵی (Egîtîm Senê)، ئایفەر کۆچاک بەناوی هێزەکانی ڕەنج و ئاشتی و دیموکراسییەوە ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە. بانگەوازی لە دەسەڵاتداران کرد، دەمودەست واز لە سیاسەتی شەڕ بهێنن لە کوردستان و سەرانسەر تورکیا و ڕێگە بۆ سیاسەتی ئاشتی بکەنەوە. کۆچاک داخوازییەکانی بۆ ئاشتی دەستنیشان کرد و ڕایگەیاند، دەست لە تێکۆشانی ئاشتی هەڵناگرن.