شاندەکەی شەنگال لەگەڵ کازمی کۆبووە و  ١٨ داواکاریی پێشکەش کرد

شاندێکی هاوڵاتیانی شەنگال لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووە و ١٨ داواکاریی پێشکەشی کازمی کرد، کازیمش بەڵێنی داوە کە ڕێگا بە دەستوەردانی هێزی دەرەکی نەدات لە کێشەکانی شەنگالدا.

لە چوارچێوەی کار و خەباتەکان دژی ڕێککەوتنەکەی بەغدا و هەولێر، شاندێکی پێکهاتوو لە نوێنەرانی خۆبەڕێوبەریی شەنگال و پادێ و تاژێ، لە بەغدای پایتەخت، لەگەڵ ڕاوێژکاری مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئەمینداری گشتی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و هەندێک لە کاربەدەستانی عێراق کۆبووە و پاشان لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا داواکارییەکانی خەڵکی شەنگال لە ١٨ خاڵدا پێشکەشی کازمی کران.

داواکارییەکانی شاندەکەی شەنگال بریتین لە:

١- داوا لە حکومەت و پەرلەمانی عێراق دەکەین، کە کۆمەڵکوژیی سەر ئێزدییەکان بە جینۆساید بناسێنن و لەسەر دۆزی شەنگال کار بکەن، تاوانباران ڕادەستی دادگای نێودەوڵەتی بکەن و کار بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان بکرێت.

٢- لەبری ئەو ئیدارەیەی هەیە لە شەنگال، ئیدارەیەکی نوێ دروستبکرێت، کە بەشداریی یەکسان بۆ پێکهاتەکان تێیدا لەبەرچاو بگیرێت و تەواوی ئیدارەکە لە خەڵکی شەنگال پێکبێت.

٣- شەنگال وەک پارێزگایەکی گرێدراوی عێراق قبوڵبکرێت و هەموو شەڕە هەرێمی و نێونەتەوەییەکان لە شەنگال دووربخرێتەوە.

٤- پێویستە بڕیاری پێشکەشکردنی هاوکاری بەو کەسانەی کە ماڵیان ڕووخاوە و بریندارکراون، خانەوادەی شەهیدان و بێسەروشوێنان، شەنگال بگرێتەوە، لەبەر لەسەروو هەموو ئەو کارەساتانەی بەسەر خەڵکی شەنگالدا هاتووە، هیچ هاوکارییەک نەکراون.

٥- ئەو بڕیارانەی کە لەبارەی بەڕێوبەری شەنگال، هێزی سەربازیی، نەتەوەیی و زمان دەدرێت، پێویستە لەلایەن ئێزدییەکان خۆیانەوە بدرێت و بۆچوونیان وەربگیرێت و ڕێگا بە هیچ هێزێکی دەرەوە نەدرێت دەست لە کاروباری شەنگال وەربدات.

٦- ئامادەکاریی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بکرێت بۆ شەنگال و دوای گەڕانەوەیان هاوکارییان پێشکەش بکرێت.

٧- وێڕای سوپاسکردنمان بۆ پشتگیریتان بۆ یاسای ژنە ڕزگاربووەکانی دەستی داعش، داوادەکەین، کە پێش سەری ساڵ یاساکە پەسەند بکرێت بۆ ئەوەی هاوکاربێت بۆ گەڕانەوەی ئەو ژنانە بۆ ژیانی ئاسایی.

٨- حکومەت بودجەیەک بۆ ئاوەدانکردنەوەی شەنگال تەرخان بکات و هەلی کار بۆ دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان دابین بکرێت.

٩- بۆ هەڵگرتنی زوڵمی سەر ئێزدییەکان و بۆ ئەوەی هەست بکەین کە هاوڵاتی عێراقین، دەبێت ڕۆڵەکانی ئێزدی لە کەرتی سەربازی و پۆلیس و دامەزراوە ئەمنییەکاندا دابمەزرێنرێن.

١٠- داوادەکەین کۆمیتەیەکی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە بەدواداچوون بۆ ڕفێندراوەکانی ئێزدی دروستبکرێت، بە بەشداریی کەسوکاری قوربانییەکان، زانیارییان لەسەر کۆبکرێتەوە و چارەنووسیان ڕوون بکرێتەوە.

١١- هەزاران ئێزدی لە ناو هێزی سەربازیی عێراقدا هەیە، داواکارین ئەو ئێزدیانە بگوازرێنەوە بۆ شەنگال بۆ پاراستنی ناوچەکەیان.

١٢- داوای کردنەوە دەرگای سنووری لەنێوان عێراق و سوریا دەکەین، لە شەنگال، لەبەر ئەوەی تاکە ڕێگایە کە ڕزگاربووانی دەستی داعشی لێوە بگەڕێنرێتەوە شەنگال،

داوا دەکەین دەرگا سنوورییەک بکرێتە فەرمی و لەلایەن خەڵکی شەنگال وهێزە ئەمنییەکانەوە چاودێری بکرێت و بپارێزرێت.

١٣- داوای دامەزراندنی ڕاوێژکارێکی تایبەت بە کاروباری ئێزدییەکان دەکەین بۆ سەرۆک وەزیران، لەبەر ئەوەی ڕاستەوخۆ خەم و ئازارەکانی خەڵکی ئێزدی بگەیەندرێتە ناوەندی بڕیار.

١٤- بۆ پاراستنی دیمۆگرافیای شەنگال، داوادەکەین ئەو زەویانەی پێشتر لە نەینەوا و شەنگال لە ئێزدییەکان سەندراوە بگەڕێندرێتەوە بۆیان

١٥- داوا لە پەرلەمانی عێراق دەکەین، کە ئێزدییەکان وەک نەتەوە بناسێنێت.

١٦- داوای ڕاگرتنی بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورک دەکەین لە سنووری عێراق، بەتایبەت لە شەنگال، چونکە ئەوە ڕێگرە لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان و ئارامی شەنگال.

١٧- داوای کردنەوەی ناوەندێکی سەربەخۆی پۆلیس لە شەنگال دەکەین، کە ڕاستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراق ٥ هەزار کارمەندی بۆ دابمەزرێنێت و هاوسەنگی لە دامەزراندی پێکهاتەکانی شەنگال لەبەرچاو بگیرێت.

١٨- کاربکرێت بۆ بە جینۆساید ناساندنی تاوانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.

ف.ق