شاندی نێونەتەوەیی ئاشتیی راگەیەنراوێکی لەبارەی دیپۆرتکردنەوەیان لە هەولێر بڵاوکردەوە

شاندی نێونەتەوەیی ئاشتیی و ئازادی بۆ کوردستان، بەرامبەر ڕێگرییلێکردنیان لە هەولێر ناڕەزایەتییان نیشاندا و ڕایانگەیاند: ئێمە ئەنترناسیۆنالیستین و نوێنەرایەتیی هیچ پارتێکی کوردی ناکەین، پێویستە دەوڵەتی تورک دەستوبرد لە ناوچەکە بکشێتەوە.

ئەو شاندە نێونەتەوەییە بەناوی “شاندی نێونەتەوەیی ئاشتیی و ئازادیی بۆ کوردستان” کە لە هەولێر و لەلایەن کاربەدەستانی پەدەکەوە ڕێگرییان لێکرا و دەستگیرکران و دواتر دیپۆرتی ئەڵمانیا کرانەوە، ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوی شاندەکەدا هاتووە:

وەک سیاسەتمەدار، ئاکادمیسیەن، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ، ئەندامی سەندیکا، ڕۆژنامەنووس، فمنیست و ژینگەپارێز، لە ١٤ وڵاتەوە هەستاوین بۆ چاودێریی دۆخەکە و کۆتاییهێنان بە شەڕ و وێرانکاریی، ویستمان بە ١٥٠ کەسەوە، لایەنە سیاسەکان بۆ دانوستان هانبدەین و لەگەڵ پەرلەمانتاری هەموو پارتەکان کۆببینەوە و سەردانی هەموو ڕێکخراوە مەدەنییەکان بکەین.

داگیرکاریی سوپای تورک پێشلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە و بێگومان قبوڵ ناکرێت، جێی خەمگینییە کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی لەم بارەیەوە بێدەنگە، خامساردە و بۆ ئەوەی تورکیا بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بجوڵێتەوە، هەنگاو نانێن.

 بەرپرسانی کورد لە هەرێمی کوردستان، بوونە ئاستەنگ لەبەردەم دانوستانەکانمان لەگەڵ کەسایەتییە سیاسییەکانی باشووری کوردستاندا، ، ئەو ڕێکخراوانەی ئێمە بە نیازز بووین سەردانیان بکەین، چاوترسێن کران و خۆیان لە کۆبوونەوە لەگەڵ ئێمە کشاندەوە، بەشێکی گەورەی شاندەکەمان تەنانەت نەیانتوانی بچنە کوردستان، تا ئێستا ٢٥ ئەندامی شاندەکەمان دیپۆرت کراونەتەوە یانیش سەرقاڵی دیپۆرت کردنەوەیانن، هەروەها ٢٧ ئەنداممان لە فڕۆکەخانەی دۆسەڵدۆرفی ئەڵمانیا ئاستنەگ کران و ڕێگە نەدرا بچنە کوردستان.

ئەو ئاستەنگییانە هیچ بنەمایەکی یاسایی و دەستوورییان نییە، تەنانەت هیچ هۆکارێکی ڕەوا و سروشتیشیان نییە، ئێمە بۆ پشگیریی لە گەلی کورد و گروپە ئەتنیکیی و ئاینییەکانی کوردستان لەوێ بووین، ئێمە ئەنتەرناسیۆنالیستین و نوێنەرایەتی هیچ پارتێکی کوردی ناکەین، ئێمە دژی ئەوەین کە کوردەکان لەلایەن دەوڵەتانی دەرەوەوە ڕووبەڕووی داگیرکاری ببنەوە، ئێمە بەهۆی هیچ پارتێکی کوردەوە لەوێ نەبووین، ئەم هێرشانە بۆسەر گەلی ڕەسەن و سروشتی کوردستانە، ئەمە داوێکە، نیگەرانیی هەیە کە داهاتووی کوردەکان، ئاشتی و داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بخاتە مەترسییەوە و بەرەو شەڕێکی چەکداری بیبات. 

داواکاریمان ئەوەیە، کە هەموو کوردێک لەم بارەوە هۆشیار بێت و دانوستان پێشبخرێت، پێویستە چارەسەرییەکی سیاسیی بدۆزرێتەوە و هەڵویست لەدژی هەڕەشە دەرەکییەکان بنوێندرێت.

شاندەکە ئەم داواکارییانەی خستووەتە ڕوو:

١- ئەندامانی شاندەکە کە دەستگیرکراون یان سنوورداش کراون، ئازاد بکرێن و ڕێگەیان پێبدرێت کە پەیوەندیی بە ئەوانی دیکەوە بکەن.

٢- لایەنە سیاسییە کوردەکان پێکەوە دانوستان بکەن.

٣- داوا لە ڕێکخراوە مرۆیی و سیاسییە نێونەتەوەییەکان دەکەین کە پشتیوانیی لە چارەسەریی ئاشتیانە بکەن.

٤- سوپای تورک پێویستە دەستوبرد بکشێتەوە.

ف.ق