شەپۆلی نوێی تەقینەوە لە لوبنان: ٩ کەس مردن و زیاتر لە ٣٠٠ کەس برینداربوون

لە شەپۆلی نوێی تەقینەوەی ئامێرەکانی پەیوەندی و ئاگادارکردنەوە لە لوبنان، لانی کەم ٩ کەس مردن و زیاتر لە ٣٠٠ کەس بریندار بوون.

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە لوبنان زنجیرە تەقینەوەیەک ڕوویدا. بەتایبەت ئامێرە بێتەلەکانی ئەندامانی حزبوڵا لە گەڕەکەکانی باشووری بەیروت و دەشتی بەکا و ناوچەی سەیدا و هەرێمی بەعلەبەکی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە تەقیوەتەوە.

بەگوێرەی دوایین ڕاپۆرتی وەزارەتی تەندرووستی لوبنا لە شەپۆلی نوێی تەقینەوەدا کە کاریگەری لە ئامێرە بێ‌تەلەکان دەکات، ٩ کەس مردن و زیاتر لە ٣٠٠ کەس برینداربوون.

بەرگریی شارستانیی لوبنان ڕایگەیاند لە چەندین هەرێم ئاگر کەوتووەتەوە. هەروەها پاش تەقینەوەی ئامێرەکان دەیان ئۆتۆمبیل ئاگریان گرتووە.  

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتیرێس ڕایگەیاند ئامانجی لۆژیکی تەقاندنەوەی ئەم ئامێرانە ئەوەیە پێش ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی مەزن، هێرشێکی بەرگریی ئەنجام بدرێت، گوتی: "بۆیە لەگەڵ ئەوەی خودی ڕووداوەکە گرنگە، هاوکات ئاماژەیە بۆ ئەوەی ڕەوشێکی مەترسیدار لە لوبنان لەئارادایە. بۆ ڕێگرتن لەم گرژییە پێویستە هەموو شتێک ئەنجام بدرێت".