سەردانی گۆڕستانەکان کرا: شوێنکەوتەی شەهیدەکانمان دەبین

جەماوەر سەردانی گۆڕی شەهیدانی تێکۆشانی ئازادیان کرد، بەڵێنیان بۆ بڵندکردنەوەی تێکۆشان دووپاتکردەوە.

بەبۆنەی هاتنی جەژنی قوربانەوە لە چەند شارێک سەردانی گۆڕستانەکان کرا، جەماوەر سەردانی گۆڕی ئەو کەسانەیان کرد کە لە تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی گیانیان لەدەستداوە، بەڵێنیان دووپاتکردەوە تێکۆشان بڵندتر دەکەن.

بەم بۆنەیەوە، لە شارەکانی ئەدەنە و ئامەد و وان و ئیستەنبوڵ و مێردین و شەرناخ سەردانی گۆڕستانەکان کرا، پارتە سیاسییەکان و پەرلەمانتاران و ڕێکخراوەکان و دایکانی ئاشتی و بنەماڵەکان سەردانی گۆڕستانەکانیان کرد، لەسەر گۆڕەکان گوڵ دانرا و نزا کرا.

لە شەرناخ وتەبێژی دەم پارتی ئایشەگوڵ دۆغان، ڕایگەیاند پێویستە بە پراکتیک شوێنکەوتەی شەهیدان بین، گوتی: "بەڵێن دەدەین تا کۆتایی شوێنکەوتەی ئەوان بین، وەک هەموو وڵاتپارێزێک لە هەر کوێیەک بین، بێ ئەوەی چاوەڕێی ئەرک بین، هەرچیمان لەدەست بێت دەیکەین".

پاشان دایکی سێڤێ دەمیر، ساکینە دەمیر قسەی کرد و گوتی: "ڕۆڵەکانمان بۆ زمان و خاک و ڕێبەرێتی خۆیان شەهیدبوون". دووپاتی کردەوە لەسەر ڕێگەی ڕۆڵەکانیان دەبن.