سۆسیالیستەکانی ئەمریکا پشتیوانیان لە هەدەپە کرد

بزووتنەوەى سەرەکیی سۆسیالیستەکانی ئەمریکا بە ناوی سۆسیالیستە دیموکراتیکەکانی ئەمریکا (DSA) بە بڵاوکردنەوەى راگەیاندراوێک پشتیوانیی لە هەدەپە کرد.

لە راگەیاندراوی کۆمیتەى نێونەتەوەیی (IC) سۆسیالیستە دیموکراتیکەکانی ئەمریکا (DSA)دا هاتووە، بە توندی گوشارەکانی دەسەڵاتی نەژادپەرەستی ئاکەپە – مەهەپە لەسەر هەدەپە ئیدانە دەکەین.

لە راگەیاندراوەکەدا باس لە سکاڵا بۆ داخستنی هەدەپە و هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانتاریی عومەر فاروق گەرگەرلی ئۆغڵو و پەرلەمانتارانی تری هەدەپە کراوە و راگەیاندراوە، ئەو گوشارانە نوێ نین.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، زۆربەى هاوسەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراوەکانی هەدەپە ئەرک و کارەکانیان لێوەرگیراوەتەوە و لە بریی ئەوان قەیوم داسەپێنراوە. ئەوەش هەڵسوکەوت و رەفتارێکی گاڵتەپێکردن و دژە دیموکراتیکە.

لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، پشتیوانی لە هێزە دیموکراتیک و سۆسیالیستەکان دەکەین، کە لە بەرامبەر فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپەدا وەستاونەتەوە.

سۆسیالیستە دیموکراتیکەکانی ئەمریکا (DSA) لە راگەیاندراوەکەیدا داوای لە زیاتر لە ٨٥ هەزار ئەندامی خۆی کردووە، بە هەستیارییەوە سەرنجیان لەسەر هەدەپە بێت و دەبێت بۆ پشتیوانکردن لە هەدەپە کار بکەن.

ژ.ت