سیاسەتەکانی شەڕ و داگیرکاری شەرمەزارکران

هێرشەکانی سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و فەڵەستین لە چەندین شار شەرمەزار کران.

هێرشی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و کۆمەڵکوژی ئیسرائیل لە فەڵەستین لە چەندین شار شەرمەزار کران.

ڕحا

بە پێشەنگایەتی پلاتفۆرمی ڕەنج و دیموکراسی، بە بەشداری پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان (هەدەپ) و پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە)، بۆ شەرمەزارکردنی هێرش و کۆمەڵکوژییەکان ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوە.

ئەندامی پلاتفۆرمەکە، کەمال یوکسەک کایا، گوتی: "لەم جوگرافیا و لە جیهاندا، ئاشتیمان دەوێت".

کەمال یوکسەک کایا، ئاماژەی کرد بە کوشتنی خەڵکی سڤیل و بەئامانجگرتنی ژێرخان و سەرچاوەکانی ژیان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە.

هەروەها دووپاتی کردەوە، بە بەئامانجگرتنی نەخۆشخانەکان لە فەڵەستین، دژی پەیماننامەی ژنێڤ و ڕێساکانی شەڕە.

ڕاگەیاندراوەکە بە درووشمی "نا بۆ شەڕ، با دەمودەست ئاشتی بێتەدی" کۆتایی هات.

هاتای

ئەندامانی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی ئەسکەندەرونە لە پارکی ساگلیکلی یاشام ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوە. هاوسەرۆکی کۆمەڵەکە، جۆشکون سەلچوک، هێرش و کۆمەڵکوژییەکانی شەرمەزار کرد. ئاماژەی کرد بە قسەکەی وەزیری دەرەوە هاکان فیدان کە گوتی "هەموو ژێرخان و سەرچاوەکان وزە و ژیان دەکەینە ئامانجی خۆمان"، دووپاتی کردەوە، لەدوای ئەو قسەیەوە بە دڵەڕاوکێوە دەڕوانینە ڕەوشی ئەو جوگرافیایە، گوتی: "شەڕ چارەسەر نییە، لەسەر ئەم جوگرافیایە و جیهان دەست لە خواستی ئاشتی بەرنادەین".

مێرسین

پێکهاتەکانی پلاتفۆرمی ڕەنج و دیموکراسی مێرسین، بە ڕاگەیاندراوێک دژی سیاسەتی شەڕ وەستانەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەدا پانکارتی "نا بۆ شەڕ، با دەمودەست ئاشتی پێک بێت، قڕکردن و کۆمەڵکوژی گەلی فەڵەستین شەرمەزار دەکەین"، درووشمی "گەلی فەڵەستین بە تەنیا نییە" و "بکوژ ئیسرائیل، هاوبەشی وی ئاکەپە" بەرزکرانەوە.

ئەنقەرە

کۆنفدراسیۆنی سەندیکاکانی کرێکارانی شۆڕشگێڕ (دسیک) و کۆنفدراسیۆنی سەندیکاکانی زەحمەتکێشانی جەماوەری (کەسک)، ژووری پزیشکانی دەرمانی ئەنقەرە، بە بەشداری پەرلەمانتارانی (هەدەپ)  سەرۆکی یەکێتی پزیشکانی تورک (TTB) و سەدان کەس، لەسەر ئەم مژارە ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوە.

لەوێدا دووپاتکرایەوە، ئەم جوگرافیایە بە ئاشتی دەگۆڕێت، نەوەک شەڕ. کۆمەڵکوژی ئیسرائیل لە نەخۆشخانەی غەززە شەرمەزارکرا.

ئاماژە بەوە کرا، وەزیری بەرگری ئیسرائیل سەبارەت بە فەڵەستینییەکان گوتویەتی: "مرۆڤەکان وەک ئاژەڵن" ئەمەش گوتاری قڕکردن و کۆمەڵکوژییە.

ئامەد

پلاتفۆرمی ڕەنج و دیموکراسی ئامەد و پلاتفۆرمی تەندروستی ئامەد لەبەردەم نەخۆشخانەی سەڵاحەدین ئەیوبی ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوە.

لەوێدا ئاماژە بەوە کرا، بەبێ چارەسەری کێشەی کورد و فەڵەستین، کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین چارەسەر نابێت. دووپاتکرایەوە، تاکە ڕێگە چارەسەری دیموکراتیک و ئاشتیانەیە.

شەرناخ

پلاتفۆرمی لقەکانی (کەسک) لەبەردەم بینای پلاتفۆرمەکە ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە، ئەندامانی پلاتفۆرمەکە و بەڕێوەبەرانی (هەدەپ) و هاوسەرۆکی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ لقی شەرناخ، هاشم توگورلی، بەشداربوون.

دووپاتکرایەوە، بە پاساوی هێرشەکەی حەماس لە فەڵەستین گەلێک قڕ دەکرێت.

هەروەها باس لەوە کرا، پێش دوو ڕۆژ لە پەرلەمانی تورک مۆڵەتی درێژکردنەوەی هێرشەکان واژۆکرا، ئەمەش شەڕ و کوشتارەکان دژی باکوری سوریا زیاتر دەکات.

ئیستەنبوڵ

خوێندکارانی زانکۆی ئیستەنبوڵ بە ئامانجی شەرمەزارکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر فەڵەستین، ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەدا چەندین پانکارت و درووشم دژی هێرش و قڕکردن بەرزکرانەوە.

خوێندکاران پشتیوانی خۆیان بۆ گەلی فەڵەستین دەربڕی دژی هێرش و کۆمەڵکوژییەکان.