پێش هەموو شتێک لە ئامەد و لە زۆرێک لە ناوەندەکانی جیهان، کە کورد تێیدا دەژی نەورۆز لە گۆڕەپانەکاندا بە چالاکیی جۆراوجۆر پیرۆز دەکرێت. لەو چوارچێوەیەدا لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا دیدارێک بۆ سیاسەتمەدارانی کورد و فەرەنسی رێکخرا.
دیدارەکە لەلایەن کۆمەڵەی دیموکراتیکی کوردی فەرەنسا (CDK-F) ڕێکخرابوو و لە هۆتێل لوتیتیا بەڕێوەچوو.
سیاسەتمەدارانی فەڕەنسی و کورد پێکەوە کۆ بوونەوە
لە پێشوازیەکەدا، پیەر لۆران جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پیران، وتەبێژی حکومەت لە ئەنجومەنی نیشتمانی سیلڤیان مایڵارد، سەرۆکی گشتیی (UDI) و سەرۆکی گروپی کاری پرسی کورد لە ئەنجومەنی نیشتمانی جین کریستۆف لاگارد، سەرۆکی گروپی لا فرانس ئینسۆمیسی لە ئەنجومەنی نەتەوەیی ماتیلد پانۆت، سکرتێری نەتەوەیی پارتی سەوز جولیان بایۆ، سیناتۆری پارتی سۆسیالیست ریمی فیراود، پاتریس فرانچێسکی، تریستان بانۆن، فرانز ئۆلیڤێر گیسبێرت، جیرارد چالیاند، کارۆلین فوارست، گیلبێرت ئابێرگێل و ئامادە بوون.
هەروەها نەسرین عەبدوڵا یەکێک لە فەرماندەکانی یەپەژە، نوری مەحمود فەرماندەی یەپەگە، هاوسەرۆکی کەنەکە ئەحمەد کاراموس، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەنەکە زوبەیر ئایدار، هاوسەرۆکی کەجەدەکەئە یوکسەل کۆچ و فەردا چەتین و چەندین کەسی تر لە دیدارەکەدا ئامادە بوون.
"دەبێت فەڕەنسا ڕۆڵی خۆی بگێڕێت"
عەگید پۆڵات بە ناوی جەدەکە فەرەنسا وتاری کردنەوەی دیدارەکەی پێشکەش کرد. پۆڵات وتارەکەی بە پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز دەستیپێکرد و وتی: چارەسەرێکی بەردەوام بۆ پرسی کورد بابەتێکی گرنگە. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە هاوپەیمان و لایەنگرانی کورد لە فەرەنساش بەشداری لە بزووتنەوەکەدا بکەن. لەلایەکی ترەوە فەرەنسا دەبێت ڕۆڵێکی گرنگ و ستراتیژی لەم بوارەدا بگێڕێت. لەم بوارەدا فەرەنسا وەک دەوڵەت دەبێت سیاسەتێکی نوێی بەرامبەر بە کورد پێش بخات، کە بەرژەوەندیەکانی گەلی کورد لەبەرچاو بگرێت و لە ئاستی نێونەتەوەیشدا پێشەنگایەتیی بۆ بکات و هاوپەیمانەکانی ڕازی بکات و لەم بوارەدا ڕۆڵ بگێڕێت".
"ئێمە لە دژی داعش و دواکەوتوویی هەرێمی تێدەکۆشین"
پاشان دوو فەرماندەی ڕۆژئاوا لە دیدارەکەدا وتەیان پێشکەشکرد. نەسرین عەبدوڵا بە ناوی یەپەژەوە جەژنی نەورۆزی لە هەموو میوانان پیرۆز کرد و وتی: "نەورۆز بەرخۆدان و ئازادیە. ئەمڕۆ لە ڕۆژئاوا تێکۆشانی بۆ دەکرێت. ئێمە وەک کورد ژیانێکی نوێ لەگەڵ گەلانی عەرەب، ئەرمەنی، ئاشووری و سریانیدا دروست دەکەین، ژیانێکی یەکسان و ئازاد".
نوری مەحمود فەرماندەی یەپەگە پیرۆزبایی نەورۆزی لە هەمووان کرد و ڕایگەیاند، لە دژی داعش و دواکەوتوویی ناوچەکە لە تێکۆشاندان و دەجەنگن و داوای یەکگرتوویی بۆ ئەو تێکۆشانە کرد.
لە دیدارەکەدا چەندین سیاسەتمەداری فەڕەنسی جەژنی نەورۆزیان پیرۆزکرد و پەیامی هاوکاریی و یەکگرتوویی خۆیان گەیاند.
دیدارەکەه به مینی کۆنسێرتێکی هونەرمەندی کورد دیار مێهرووی کۆتایی پێهات.
ژ.ت