سزای ٩ ساڵ زیندانی بەسەر زوهال تەکینەردا سەپێنرا

بە تۆمەتی 'ئەندامی رێکخستنە' و 'پرۆپاگەندەی بۆ رێکخستن کردووە' سزای ٩ ساڵ زیندانی بەسەر زوهال تەکینەر هاوسەرۆکی پێشووی شارەوانی فارقیندا سەپێنرا.

دادگاییکردنی هاوسەرۆکی پێشووی شارەوانی فارقین، بە بیانووی بەشداری لە کار و چالاکیەکانی ساڵی ٢٠١٥ و ٢٠١٦دا کردووە، لە نۆیەمین دادگای سزا قوڕسەکانی ئامەد بەریوە چوو. تەکینەر بەشداری لە دانیشتنی دادگادا نەکرد، بەڵکو عەبدولقادر گولەچ پارێزەرەکەی لە جیاتی ئەو بەشداری لە دانیشتنەکەدا کرد.

لە دانیشتنی دادگادا داواکاری گشتی بە ئیدیعای 'ئەندامی رێکخستنە' و 'پرۆپاگەندەی رێکخستنی کردووە' داوای سزادانی زوهال تەکینەری کرد. عەبدولقادر گولەچ پارێزەری تەکینەریش لە دژی ئەو ئیدیعایە، بریگرتەکەی پاراست و رایگەیاند، بێجگە لە وتە ناکۆکەکانی شاهیدەکان، هیچ بەڵگەیەکی ترتان لەبەردەستدا نیە، بۆیە داوای ئازادکردنی بریگرتەکەم دەکەم.

دواتر لیژنەی دادوەران بڕیارەکەیان ئاشکرا کرد و بە بیانووی 'ئەندامی رێکخستنە' ٧ ساڵ و ٦ مانگ و بە بیانووی 'پرۆپاگەندەی بۆ رێکخستن کردووە' ساڵێکی ٦ مانگ سزای زیندانیان بەسەر تەکینەردا سەپاند.

ز.ش