سزای مادی بەسەر ئامینە شەنیاشاردا دەسەپێنرێت

دادگا سزای مادی بەسەر ئامینە شەنیاشار دەسەپێنێت بە تۆمەتی ناوزڕاندنی پەرلەمانتاری ئاکەپە ئیبراهیم خەلیل یەڵدز.

خزم و پاسەوانانی پەرلەمانتاری ئاکەپە لە ڕحا ئیبراهیم خەلیل یەڵدز لە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨ لە ناوچەی پیرسوسی رحا هێرشیان کردە سەر بنەماڵەی شەنیاشار. لە ئەنجامی هێرشەکەدا هاوژین و دوو کوڕی ئامینە شەنیاشار کوژرابوون. بەوهۆیەوە ئامینە شەنیاشار و فەرید شەنیاشاری کوڕی لە ٩ی ئاداری ٢٠٢١ لە بەردەم دادگای ڕحا دەستیان بە چالاکی ئێشکگریی دادپەروەری کردبوو. چالاکییەکە لە ڕۆژی ٨٠٨ بەردەوامە. ئامینە شەنیاشار بەهۆی دۆخی تەندروستییەوە لە ماڵەکەی لە پیرسوس درێژەی بە ئێشکگری دا.

سکاڵایەکی یاسایی دژی ئامینە شەنیاشار بەرزکرایەوە بە تۆمەتی ناوزڕاندنی کارمەندی حکومی لە وتارەکەیدا لە ڕۆژی ٥١٨ ی چالاکییەکەی (٩ ی ئابی ٢٠٢٢). دووەمین دانیشتنی دۆسییەکە لە پێنجەمین دادگای سزادانی گشتی بەڕێوەچوو. هەروەها پارێزەرانی شەنیاشار، مەراڵ هالات و عائیشە شەهریبان و موسلیم ساراج ئۆغلۆ بەشداری دانیشتنەکە بوون.

دانیشتنەکە بە دەستنیشانکردنی ناسنامە دەستیپێکرد. پارێزەرەکان ئاماژەیان کرد بە قۆناغی ئێشکگری دادپەروەری لەپاش ڕووداوی کۆمەڵکوژییەکە، لەو ماوەیەدا بنەماڵەکە ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ و لێپرسینەوە بوونەتەوە. پارێزەرەکان جەختیان کردەوە لەوەی بەڵگەی پێویست لەبەردەست نین بۆ بڕیاردان، ئاماژەیان بە بڕیارەکانی دادگای ئەوروپی بۆ مافی مرۆڤ کرد پەیوەست بە ئازادی بیرکردنەوە و ڕادەربڕین.

دادگا بەبڕی ٨٠٠٠ لیرە سزای بەسەر ئامینە شەنیاشاردا سەپاند، بە تۆمەتی "ناوزڕاندنی کارمەندی حکومەت"، هەروەها بڕیاریدا بە دواخستنی دانیشتنەکە.