ڤێستیڤاڵی چاند و هونەر کە بە هاوکاری ڕێکخراوی ساناتچا، کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی کرێکارانی جەماوەری (کەسک) و کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی کرێکارانی شۆڕشگێڕ (دیسک) و بە دروشمی "هونەری ئازادی ژنی ئازاد" لە ئێلح بەڕێوەدەچێت، لە دووەم ڕۆژدا بەردەوامە.
هەر لە چوارچێوەی ڤیستیڤاڵەکەدا، پانێڵێک بە ناونیشانی "گۆشەگیری و ئەسیمیلاسیۆن" پانێڵێک بەڕێوەچوو. لە پانێڵەکەدا، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (هەدەپ)، نەورۆز ئویساڵ، تیشکی خستە سەر گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گوتی: " ئەوان پابەندی ڕێسا نێونەتەوەییەکان نابن. تەنانەت یاساکانی خۆیان پەیڕەو ناکەن. لە یاسا نێونەتەوەییەکان دیدار لەگەڵ پارێزەران بە هیچ شێوەیەک قەدەغە نییە. بەڵام لە ئیمراڵی ئەم دیدارانە بەبێ هیچ هۆیەک ئاستەنگ دەکرێن. لە ڕێگەی گۆشەگیرییەوە مافەکان پێشێل دەکرێن. بەڕێز ئۆجالان گوتی؛ "لە ڕۆژی دەستگیرکردنمەوە تا ئێستە گۆشەگیری هەیە"، گۆشەگیری بە پیلانگێڕی دەستیپێکرد تا ئێستاش بەردەوامە. تەنانەت قەدەغەیە پاسەوانەکانیش قسە لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان بکەن. هەلومەرجی ژوورەکەی زۆر خراپە".
ئویساڵ لە درێژەدا ئاماژەی کرد بە ئامانجی گۆشەگیری و گوتی: "لە ڕێگەی گۆشەگیرییەوە دەیانەوێت جڤاک دیزاین بکەن. بەڕێز ئۆجالان ڕێبەری گەلی کوردە. کاریگەرییەکی مەزنی هەیە. لە ڕۆژهەڵاتی ناوین سیستەمێکی نوێ دروست دەکرێت. لەم سیستەمەدا لە جیاتی کوردی ئازاد، کوردی کۆیلەیان دەوێت. ئەوانەی ئەمەیان دەوێت درێژە بە گۆشەگیری دەدەن. ئۆجالان بە بەرخۆدان وەڵامی گۆشەگیری دایەوە. کاتێک لەوێ بەرخۆدان دەکات، بیری لای پاشەڕۆژی گەلی کوردە. هەمیشە لە بەرهەمهێناندایە. لە زینداندا ٢٠ پەرتوکی نوسیوە. ئەوە ٢٤ ساڵە بەڕێز ئۆجالان دژی ئەم سیستەمە تێکۆشان دەکات".
ئویساڵ دووپاتی کردەوە، دەیانەوێت گەل ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەبیر بکات، لەڕێگەی شەڕی تایبەتەوە دەیانەوێت گەل دووربخەنەوە، پاشان گوتی: "بەڵام ئێستە ناتوانن ئەم کارە بکەن و هزری بەڕێز ئۆجالان لە هەموو جێیەک بڵاوبۆتەوە. لەم هەڵمەتەی دوایین لە سەرانسەری جیهاندا، ئەم ڕاستییەمان دیت. پێویستە هەمووان بەرامبەر پرسی گۆشەگیری هۆشیار بن. بەڕێز ئۆجالان ٢٤ ساڵە بەرخۆدان دەکات. تاوەکو گۆشەگیری کۆتایی نەیەت، پرسەکانی گەلی کورد چارەسەر نابن و تا دێت ئاڵۆزتر دەبن".
پاشان هاوسەرنوسەری گشتی گۆڤار دەستار، ژین ئاریان، ئاماژەی کرد بە سیاسەتی ئەسیمیلاسیۆن، دووپاتی کردەوە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دژی ئەم سیاسەتە تیشکی خستۆتە سەر بایەخی هێزی ژنان و وەک بەهێزترین هێز دژی ئەم سیاسەتە نرخاندنی بۆ دەکات، هەروەها گوتی: " ئەگەر زیهنیەتی ئێمە بۆ پەرەپێدان و بڵاوکردنەوەی چاند و زمانەکەمانە، ئەوا پێویستە نزیکایەتی و تێکۆشانێکی بەهێز هەبێت. دارەکانمان دەسووتێن، خواردنەکانمان بە شێوازی جیاواز لەژێر ناوی ڤێستیڤاڵ پێشکەش دەکرێن. ئەو ڤیستیڤاڵانەی لەلایەن دەسەڵاتەوە ڕێکدەخرێن، بە ئامانجی ئەسیمیلاسیۆن بەڕێوەدەچن. بۆ فریودانی گەل سترانی کوردی پێشکەش دەکەن. بەڵام تاکە ئامانجیان ئەوەیە، کوردێکی جیاواز پیشان بدەن و لەنێو قاڵبێکدا قەتیسی بکەن".
پانێڵەکە بە پرسیار و وەڵام کۆتایی هات.