تەنها سێ مانگ لەبەردەم تورکیادا ماوە پەیوەست بە 'مافی هیوا'ەوە

ئەو کاتەی کە کۆمیتەی وەزیرانی کۆنسەی ئەوروپا پەیوەست بە 'مافی هیوا'ـی ڕێبەر ئاپۆ بۆ تورکیای دیاری کردبوو، تەنها سێ مانگی ماوە و لە مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٥دا کۆتای دێت.

پەکەکە بە بەستنی کۆنگرەی ١٢ـەمینی خۆی لە ١٢ـی ئایاردا بڕیاری کۆتایهێنان بە هەموو ئەو کار و خەباتانە هێنا کە لەژێر ناوی پەکەکە دا دەکران، بەمەش هەموو سەرنجەکان چونەسەر دەوڵەت تا ئەوەی هەنگاوی یاسایی بنێت بۆ پرۆسەکە. هەرچەندە پاکێجی دەهەمینی دادوەری بە کۆمەڵێک سەرنجەوە لەپێش جەژنی قورباندا ئامادەکرا، بەڵام نەبووە وەڵامگۆی چاوەڕوانییەکان. بۆیە ڕاگەیاندرا ئەو بابەتە جێدەهێڵدرێت بۆ مانگی ئەیلوول. لە ڕێکخستن و ئامادەکردنی پاکێجی دەهەمیندا بە هیچ جۆرێک پێشنیارەکانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان و لەسەرووی هەموویەوە پێشنیاری دەم پارتی لەبەرچاو نەگیرا.

بە ئێستایشەوە هیچ هەموارکردنەوە و ڕاستکردنەوەیەک پەیوەست بە هەلومەرجەکانی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆوە نەدراوە، لە کاتێکدا پەکەکە لە ڕاگەیاندراوی کۆنگرەی ١٢ـەمینەوە جەختی لەم بابەتە کردووەتەوە و دەستنیشانی کردووە. جگە لە دیداری بنەماڵەیی لە ئیمراڵی کە لە جەژنی قورباندا ئەنجام دران، هێشتا دیار نییە بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە کارێکی جیاواز و کاریگەر لە ئارادایە یان نا، دیداری نوێی پەیوەست بە پرۆسەکەوە لە ئیمراڵی ئەنجام دەدرێت یاخود نا!

مافی هیوا و کاتە دیاریکراوەکەی

پەیوەست بە ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆوە کۆمیتەی وەزیرانی کۆنسەی ئەوروپا لە ١٧-١٨ـی ئەیلوولی ٢٠٢٤دا بڕیاری 'مافی هیوا'ی خستە رۆژەڤی خۆیەوە. بۆ جێبەجێ کردنی ئەم بڕیارەیش ماوەی ساڵێک کاتی دا بە تورکیا. ئەم کاتە دیاریکراوەیش لە ئەیلوولی ٢٠٢٥دا واتا دوای سێ مانگی دیکە تەواو دەبێت.