تەنیا سەردانەکەی ئیمراڵی بەس نییە

سی پی تی سەردانی ئیمراڵی کردووە، بەڵام تا تورکیا ڕێگایان پێنەدات لێدوان نادەن. پارێزەر ئیسرا بیلەن هاوسەرۆکی ئۆهەدەی ئەستەنبوڵ ڕایگەیاند، لەبەر ئەوەی هەلومەرجەکانی ساڵی ٢٠١٩ نەگۆڕان ئەگەری ئەوە هەیە سی پی تی ڕاگەیاندراوێک بڵاوبکاتەوە.

کۆمیتەی بەرگرتن لە ئەشکەنجە (سی پی تی) لە دوای ساڵی ٢٠١٩ەوە بۆ یەکەم جار لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٢دا چووە ئیمرالی، بەڵام هیچ لێدوانێکی نەدا. ئیسرا بیلەن هاوسەرۆکی کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە / OHD) لە ئەستەنبوڵ بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند، سی پی تی لەسەر بنەمای نهێنی کار دەکات و لەبەر ئەوە ناتوانێت ڕاپۆرتەکەی بڵاوبکاتەوە. بیلەن دەڵێت، لەبەر ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٩ەوە تا ئێستا مەرجەکان نەگۆڕاون و سەرباری ئەوەی تورکیا ڕێگە نادات ڕاپۆرتەکە بڵاوبکرێتەوە، بەڵام سی پی تی دەتوانێت دەستپێشخەرییەکە بکات.

بیلەن لەبارەی سەردانەکەی سی پی تی بۆ ئیمراڵی وتی، "لە ڕاستیدا ئەو لیژنەیە ماوەیەکی زۆرە سەردانی ئیمرالی نەکردووە و ئەوەش دژە بە بوونی خودی لیژنەکە، چونکا لیژنەکە لەڕاپۆرتەکانی پێشوویدا ڕایگەیاندبوو، پەیوەندیی زیندانیانی ئیمراڵی لەگەڵ دونیای  دەرەوەدا کۆسپ و لەمپەری بۆ دروست دەکرێت و لە هەموو جۆرە پارێزگاری و بەرگرییەکی یاسایی بێبەشن دەکرێن. ئەو دەستنیشانکردنە، بە مانای دەستنیشانکردنی گرفتەکانی بەردەم قەدەغەی ئەشکەنجەیە. ئەرکی لیژنەکەیە سەردانی ئەو کەسانە بکات، کە لە ئازادی بێبەشکراون، بەڵام ئەو لیژنەیە ماوەیەکی زۆرە سەردانی ئیمراڵی نەکردووە. ئەمەش بەو مانایە دێت، کە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ پەسەند دەکرێت.

دەکرێت سەردانی تازە و ئەمداییە لە ڕووی میکانیزمە نێونەتەوەییەکانەوە وەک پێشکەوتنێکی ئەرێنی سەیر بکرێت، بەڵام سەردانەکە بەتەنیا لەم قۆناغەدا بەس نییە. پێویستە لیژنەکە لەبارەی سەردانەکەوە ڕاگەیاندراوێک بڵاو بکاتەوە. گەرچی دەکرێت دەستنیشانکردن و ئەو ئەنجام و ڕاپۆرتانە، کە لیژنەکە دەیدات و وەڵامەکانی حکومەت لە ڕووی پرەنسیپەوە نهێنی و شاراوە بن. لەوانەیە دەوڵەت ڕێگە بە لیژنەکە نەدات ڕاپۆرتەکانی ئاشکرا بکات. لەم حاڵەتەدا لیژنەکە لێدوان لەسەر ئەوە دەدات، کە دەوڵەت ڕێگە بە بڵاوکردنەوەی  ڕاپۆرتەکە نادات، بەڵام ئەگەر دەوڵەت بەپێی ڕاسپاردەکانی لیژنەکە دۆخەکە باشتر نەکات ئەوا لیژنەکە دەتوانێت بڕیار بدات بۆ بڵاکردنەوەی ڕاگەیاندراو. سی پی تی چوو بۆ ئیمرالی و زانیویەتی، دۆخی ئەوەی، کە هیچ پەیوەندییەک بە دونیای دەرەوەوە نییە هێشتا بەردەوامە. ئێمە با باس لە باشکردنی دۆخەکە نەکەین، ئەوان بینیویانە، کە گۆشەگیریی خراپتر و قورستر بووە. دەبێت ئێستا بێ ئەوەی خۆی بە تورکیاوە ببەستێتەوە ڕاگەیاندراو بڵاوبکاتەوە".

پارێزەر ئیسرا بیلەن ڕایگەیاند، سی پی تی ڕاپۆرتی خۆی لەسەر سەردانەکەی ساڵی ٢٠١٩ بۆ ئیمراڵی بڵاونەکردەوە، چونکە تورکیا ڕێگەی پێنەداوە، بەڵام هێشتا تاوەکو ئیستا مەرجەکانی ئیمراڵی نەگۆڕاون و قورستریش بوون. بیلەن ڕاشیگەیاند، " سی پی تی دەتوانێت دەستپێشخەرییەک بەکاربێنێت و ڕاپۆرتەکەی بڵاو بکاتەوە. لە مانگەکانی داهاتوودا، ئێمە هەڵوێستی سی پی تی دەبینین".

بیلەن لەبارەی وەڵامی دەوڵەتی تورکەوە وتیشی: "وەڵامی دەوڵەتی تورک بۆ لیژنەکە هیچ جیاوازیەکی نابێت لە وەڵامی زیندانەکان و وەزیری داد. لێرەدا سەرنج ڕادەکێشن بۆ ئەو سیاسەتە، کە هەرگیز ئەشکەنجەیان نەداوە. لە وەڵامی تورکیا زیاتر، بە بڕوای من ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی گرنگترن. با تورکیا تا بەیانی بڵێت، هیچ ئەشکەنجەیەک نییە، ئایا ئەمە ڕاستە؟ نەخێر، ئەوە ڕاست نییە.

لەڕاپۆرتەکانماندا و لەڕێکخراوەکانی ماف و دادپەروەریدا چەندین زانیاری لەبارەی ئەشکەنجەدان لەزیندانەکاندا هەیە. نەبینین و ڕەتکردنەوەی ئەم شتانە نابنە هۆی ئەوە، ئەم شتانە لەناوببرێت. لە وەڵامی تورکیا زیاتر، ڕاپۆرتی سی پی تی و رێکخراوەکانی بواری مافەکان و دادپەروەری و دادییەکان گرنگترن".

بیلەن وتیشی: هەڵەیە گۆشەگیریی لە ئیمراڵی بە یاسای تەکنیکی ڕاڤە بکرێت و وتی: "بە سزای دیسپلینی رێگری لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان دەکرێت. بەهۆی ئەو سزایانەوە لە ٢٧ی تەمووزی ٢٠١١ەوە پارێزەران لە ماوەی ١١ ساڵدا تەنها ٥ جار چاویان بە بەڕێز ئۆجالان کەوتووە. لە ساڵی ٢٠١٤ەوە تا ئێستا بنەماڵەکان تەنها ٥ چاوپێکەوتنیان ئەنجامداوە. پێشتر چاوپێکەوتن لەگەڵ پارێزەران هەفتەیەک کاتژمێرێک بوو، بەڵام ئەمە هەموو کات رێگریی بۆ دروستکراوە.

لە ساڵی ١٩٩٩ەوە تا ئیستا پەیوەندی بە دونیای دەرەوە سنوردار کراون، ئایا ئێمە ئەمە بە سزای دیسپلینی ڕاڤەبکەین؟ پێش هەموو شتێک پێویستە باس لە مافی زیندانیان و مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ بکەین. مەسەلەی قەدەغەکردنی ئەشکەنجە قەدەغەیەکی دیاریکراوە و دەبێت بە دڵنیاییەوە قەدەغە بکرێت. لە هەلومەرجەکانی وەک باری نائاسایی و شەڕدا پێشێل ناکرێت، بەڵام وەک سی پی تی و دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا ڕایانگەیاند، ئەم گۆشەگیرییە مانای پێشێلکردنی قەدەغەکارییەکانی دژ بە ئەشکەنجەیە و نابێت مافە سەرەکیەکان بە پاساوی سزای دیسپلین پێشێل بکرێن و نەمێنن".

ژ.ت