ئەمڕۆ، تەڤدەم ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی بڵاوکردەوە و نوسخەیەکی دەست ئێمە کەوتووە.
لە سەرەتای ڕاگەیاندراوەکە هاتووە:
"لەگەڵ ڕاگەیاندنی دەسپێشخەرییەکەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بۆ چارەکردنی پرسی سوریا و ڕاگەیاندنی دادگایکردنی تیرۆریستە دەستگیرکراوەکانی داعش لە زیندانەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، دەوڵەتی تورک هێرشەکان و دەستدرێژییە ئاسمانییەکانی لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە زیاتر کرد بۆ سەر هەموو جوگرافیای باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، چەندین ئۆتۆمبیل و ناوەندی لە ناوچە سنوورییەکان بە قووڵایی دڵخوازی خۆی کردە ئامانج. وا دیارە ڕوسیا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ئەمریکا، نایانەوێت دەستوەردان بکەن لەم تاوانکارییە و هەڵوێستی ئەخلاقی دەربڕن دژی هەڕەشە و دەستوەردانە دڕندانەکانی داگیرکەری تورک دژی سەروەری و ئیرادەی هەرێمەکە، وا دیارە هەردوولایان تەبان لەسەر هەراسان نەکردنی تورکیا لە کوشتنی کورد و عەرەب و هەموو پێکهاتەکانی هەرێمەکە، بەهۆی بەرژەوەندییە سیاسییەکان بەبێ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی گەلان".
هەروەها دەڵێت: "ئەوەی ئەم ماوەیە لە شەهبا ڕوودەدات، ئەو ناسەقامگیرییەی بەرئەنجامی شەڕی دەوڵەتی تورک و چەتەکانێتی بۆ سەر هەرێمەکە و بۆردومانی هەڕەمەکی، لەگەڵ هاوتوچۆی فڕۆکە جەنگییەکان و بەزاندنی ئاسمانی وڵاتەکە کە لەلایەن هێزەکانی سوریاوە کۆنتڕۆڵکراوە و لەگەڵ هێزەکانی حکومەتی دیمەشق لە هەرێمەکە جێگیربوون، بەڵام هەردوولایان بێ هەڵوێستن بەرامبەر ئەم هێرشانەی تورکی فاشیست".
ڕوونی دەکاتەوە: "ڕێککەوتنی دەوڵەتانی کۆمەڵگەی ئەستانە بۆتە گەمەیەکی شکستخواردوو و نایەکانگیر، هەرێمی شەهبایان کردۆتە گۆڕەپانی ململانێ و ناکۆکی نێوانیان، بۆیە بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکەوە چەندین قوربانی کەوتەوە، ئامانجەکەش شکاندنی ئیرادەی گەلەکەمان و کۆچبەرانی عەفرینی داگیرکراوە.
بۆردومانی دڕندانەی داگیرکەری تورکی فاشیست بۆ سەر نەخۆشخانەی تەل ڕەفعەت تاوان و کۆمەڵکوژییەکی نوێیە بۆ لەناوبردنی هەزاران نەخۆش و بڕینی یارمەتی و ناچارکردنیان بە کۆچکردن، چونکە تاکە نەخۆشخانەیە شەو و ڕۆژ بەباشی کاردەکات بۆ خزمەتکردنی نەخۆشەکان و حاڵەتە لەناکاوەکان، سەرەڕای کەمی توانا و کەرەستەکان، بەهۆی گەمارۆکانی حکومەتی دیمەشق و بۆردومانی ڕۆژانەی دەوڵەتی تورک و چەتەکانییەوە.
بەئامانجگرتنی نەخۆشخانەکە بۆتە مایەی پەکخستنی جووڵەی کادرە پزیشکییەکان و وەستانی کاری نەخۆشخانەکە بەهۆی ئەو زیانانەی بەر نەخۆشخانەکە کەوت، ئەمەش گەورەترین مەترسییە بۆ سەر ژیانی هەزاران بنەماڵەی کورد و عەرەبی هەرێمەکە، ئەوانەی بێبەشن لە سادەترین مافەکان و لە ڕەوشێکی زۆر سەخت دەژین بەهۆی سیاسەتی قڕکردنی سیستەماتیک و گەمارۆی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە، بوونەتە قوربانی پیلانگێڕی و سیاسەتە قێزەونەکان کە هەوڵ دەدەن درێژە بە قەیرانی سوریا بدەن و ڕێگە نەدەن بە هیچ پەرەسەندنێکی ئەرێنی و کاریگەری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بۆ چارەسەری دیموکراتیک.
بەرخۆدانی گەلەکەمان لە هەرێمی شەهبا و عەفرینی داگیرکراو ڕۆژانە زیاتر دەبێت، هەروەها ئیرادە و پێداگری بۆ بەرخۆدان و هەڵوێستی وڵاتپارێزی گرێدراو بە بەها و پرەنسیپ زیاتر دەبێت، بۆیە داگیرکەر هێرشی زیاتر دەکاتە سەر هەرێمی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لەپێناو تێکدانی ئاسایش و ئارامی و سەرنەکەوتنی دادگایکردنی داعشەکان.
نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان و خاچی سور بەرپرسن لەم ڕەوشە، چونکە هیچ ڕۆڵێکیان نییە و بەرپرسیارێتی ئەخلاقی هەڵناگرن بەرامبەر شەڕو وێرانکارییەکانی شەهبا و هەوڵە نوێیەکانی داگیرکەر بۆ سەر هەرێمەکانمان، غیابی ئەوان ڕێخۆشکەرە تا هەرێمەکەمان بەرەو کارەسات و مەرگێکی ڕاستەقینە و ڕۆژانە ببرێت بە چەکی ڕژێمە فاشیستەکان و زیهنیەتی شۆڤێنی.
داوا لە گەلی کورد و هەموو گەلانی هەرێمەکە دەکەین پشتیوانی بەرخۆدانی کۆچبەرانی عەفرین و شەهبا وهەموو دانیشتووان بکەن، پاڵپشتی تێکۆشان و خەباتەکەیان بکەن دژی سیاسەتی قڕکردن و داگیرکەری تورک کە تۆڵە لە ئیرادەی گەلان دەکاتەوە، بۆیە پێویستە لە هەموو جێگەیەک تێکۆشان و بەرخۆدان زیاتر بکەین، پشتیوانی و هاریکاری گەورەترین بیرۆکە و کەلتووری سەرکەوتووە لای ئیرادەی گەلانی ئازاد".