تولای حاتەم ئۆغۆللاری: پێویستە سەرەتا گۆشەگیری ئیمراڵی هەڵبگیرێت

هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند، پێویستە گۆشەگیری ئیمراڵی هەڵبگیرێت و گوتی: "ئێمە بۆ ئاشتییەکی شکۆدار ئامادەین بۆ دانوستان. پێویستە بەرنامەیەکی ڕوون ئاشکرا بکرێت".

دەم پارتی

هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تولای حاتەم ئۆغۆللاری لە پەرلەمان لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی پێشهات و ڕۆژەڤەکانی هەڵسەنگاند.

حاتەم ئۆغۆللاری تیشکی خستەسەر کۆمەڵکوژی ژنان لە تورکیا، پاشان ئاماژەی کرد بە بڵاوبوونەوە و تەشەنەسەندنی شەڕ و وێرانکاری لە هەرێمەکە و جیهان. ڕایگەیاند لە بەرامبەر جەنگ و وێرانکاری، پێویستە بزووتنەوەیەکی ئاشتیی جیهانیی ڕێکبخرێت.

پاشان تیشکی خستەسەر ڕەوشی تورکیا، ڕایگەیاند دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە هێشتا لەسەر هێڵی پاوانخوازی و عوسمانی سیاسەت دەکات، لەسەر بناغەی دوژمنایەتی کورد کاردەکات، گوتی: " پێویستە پرسی کورد لە تورکیا بە ڕێگەی ئاشتیانە و دیموکراسی چارەسەر بکرێت. نەک تەنها لە تورکیا؛ پێویستە پشتگیری لە کوردەکان بکەن لە سوریا کە کەمێکیان ماوە بۆ بەدەستهێنانی ستاتۆیەک. ئەم پشتگیرییە پێویستە بە فەرمی ئەنجام بدرێت. نابێ ئەوە لەبیر بکرێت کە ئەمە ڕێگای ئاشتییە لە هەرێمەکە. هەروەها دەڵێین بۆ ئەم داخوازییانە، پێویستە گۆشەگیری سەر بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان هەڵبگیرێت".

هەروەها گوتی: "بۆ ئەمە لە ١٣ ی تشرینی یەکەم بە بەشداری دەیان هەزار کەس و بە درووشمی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری دیموکراتیک بۆ پرسی کورد" لە ئامەد دەبین. دەمانەوێت دەنگی ئاشتی لە ئامەدەوە بگەیەنین بە ئەنقەرە و ئیستەنبوڵ و بەیروت و فەڵەستین و ئۆکرانیا و تایوان".

حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند وەک دوێنێ، گەل ئاشتییەکی شکۆدار دەخوازێت و ئێمە وەک دەم پارتی ئامادەی هەموو شتێکین لەپێناو ئاشتی، گوتی: "ئامادەین بۆ دانوستان و گفتوگۆ. بەڵام نابێت لەبیر بکرێت، ئێمە کردارمان دەوێت، نەوەک قسە. نابێت تەنها لەچوارچێوەی قسەکردندا بمێننەوە. پێویستە بێنە بەردەم کامێراکان و پلان و بەرنامەی خۆیان ئاشکرا بکەن. بەم هەنگاوە ڕوونانە دەتوانرێت سیاسەت بکرێت".