تولای حاتەم ئۆغۆللاری: تێکۆشان چارەسەر دەهێنێت

هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری لە سەردانەکەی بۆ ئێشکگری دادپەروەری ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر گۆشەگیری و سیاسەتی شەڕ لە ئیمراڵی و ڕایگەیاند چارەسەر لەڕێگەی تێکۆشانەوە دێتەدی.

چالاکییەکانی ئێشکگری دادپەروەری خزمی زیندانیان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری پرسی کورد، لە شارەکانی ئامەد و ئێلح و وان و مێردین و مێرسین و ئیستەنبوڵ بەردەوامە. لە چالاکییەکاندا درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بێ سەرۆک ژیان نابێ" و "بژی بەرخۆدانی زیندان" و "ژن، ژیان، ئازادی" بەرزکرایەوە، دایکان یەلەکیان پۆشی و لەسەر نوسرابوو "گۆشەگیری تاوانێکی دژی مرۆڤایەتییە".

هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) سەردانی ئێشکگری دادپەروەری مێرسینی کرد کە ١١٥ ڕۆژە بەردەوامە، دایکی ئاشی مەریەم ئەربای لەسەر ناوی چالاکوانانی سوپاسی تولای حاتەم ئۆغۆللاری کرد  و داوای کرد هەمووا بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان تێبکۆشن.

مەریەم ئەربای ڕایگەیاند ڕێگەی ئاشتی لەڕێگەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە پێکدێت، دووپاتی کردەوە تا ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان درێژە بە چالاکییەکەیان دەدەن.

تولای حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند ئێشکگری دادپەروەری ڕێگەی بۆ چارەسەری ئاشتیانە و دیموکراتیکی پرسی کورد و چارەسەری چەندین پرسی ڕۆژهەڵاتی ناوین دەکاتەوە، دوو پرسی سەرەکی ڕۆژهەڵاتی ناوین پرسی کورد و پرسی فەڵەستینە، گوتی: "بڕوامان وایە چارەسەری پرسی کورد پێکەوەژیان لەم وڵاتە بەهێزتر دەکات و هەرکەس لەسەر بناغەی مافی هاوڵاتیبوونی یەکسان بە زمانی خۆی گوزارشت لە ڕوانینەکانی دەکات".

حاتەم ئۆغۆللاری تیشکی خستەسەر کۆبوونەوەی بەرپرسانی تورک لە عێراق وەک ئامادەکارییەک بۆ شەڕ، هەروەها ئاماژەی کرد بە گرنگی نەورۆزی ئەمساڵ و بانگەوازی گەلی کورد لەپێناو ئاشتی، گوتی: "بەڵام بەداخەوە حکومەت بە کۆبوونەوەی شەڕ وەڵامی ئێمە دەداتەوە، دوێنێ دەستبەرداری داوای ئاشتی و پێکەوەژیان و تێکۆشانی مافی گەلانی بندەست و چەوساوەی ئەم وڵاتە نەبووین، ئەمڕۆش دەستبەرداری دۆزی ئاشتی نابین.

جارێکی تر سڵاو دەکەم لەم تێکۆشانە شکۆدارەی دایکانی هێژا و ژنانی دەلال، بێگومان ئاشتی لەم وڵاتە دەچەسپێت".

لە چالاکییەکەی مێردین دایکە حەلیمە گەزەر دووپاتی کردەوە بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیان، بۆ ئازادی و بەرخۆدانی گەلی کورد و بندەستان ئێشکگری دەگرن.