هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) تولای حاتەم ئۆغوللاری لە کۆبوونەوەی گروپی پارتەکەی لە پەرلەمان قسەی کرد و ڕۆژڤەکانی هەڵسەنگاند و داوای کرد تەرمی شاعیر نازم حیکمەت بهێنرێتەوە بۆ تورکیا.
تولای حاتەم ئۆغوللاری سەرنجی خستەسەر ئاڵۆزی و پێشهاتنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و گوتی: "لە کۆتاییەندا سێ خاڵی بنەڕەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین هاتوەتە ئاراوە؛ ئەوانیش کاریگەری زلهێزە جیهانییەکان لە هەرێمەکە، ناکۆکی هێزە هەرێمییەکان و قەیرانی گوزارشتکردن لە گەل و گرنگینەدان بە خواستەکانی گەلە. لە چارەسەری چەندین پرسی ئاڵۆزیی هەرێمیدا جیۆپۆلتیکی کوردان ڕۆڵیکی کاریگەری هەیە، دەرگای ڕزگاربوونە لە ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین. ئەوانەی ئەم دەروازەیە پشتگوێ دەخەن گیرۆدەن بە لەناوچوون. هەربۆیە ئەمەش لە ئاستی تورکیا، سووریا، عێراق، ئێران و تەواوی هەرێمەکە گرنگی واقیعی کورد بە شێوەیەکی مێژوویی جارێکی دیکە دەخاتەوە پێشمان."
'پێویستە تورکیا سەردانی رۆژئاوا بکات'
تولای حاتەم ئۆغوللاری لە بەردەوامییدا سەرنجی خستەسەر ڕۆڵ و کاریگەری پێگەی تورکیا لە هەرێمەکەدا و گوتی: "بارودۆخی جیۆستراتیژی و رابردووی مێژوویی تورکیا، رۆڵی وڵاتەکەی گەیاندووەتە ئاستێکی گرنگ و کاریگەرتر. گرنگ و پێویستە لەمەودوا تورکیا وەک پێشەنگ و نێوەندگیرێک ڕۆڵی خۆی لە بەرەوپێشچوونی ئاشتی و چارەسەرکردنی کێشەکان لە ناوچەکەدا ببینێت. ناوچەکە پێویستی بەوەیە. ئەم هەنگاوە هەم سوودی بۆ خەڵکی تورکیا دەبێت، هەم پاڵپشتێکی گەورەی ئاشتیی ناوچەکە دەبێت. ئێمە بە دڵ و گیان باوەڕمان بەوە هەیە. بۆ نموونە؛ تورکیا دەتوانێت سەردانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بکات و پەرە بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا بدات."
'ئەو پرسە تەنها بۆ ئاشتیی ناوخۆیی تورکیا نییە'
لەکۆتاییدا تولای حاتەم ئۆغوللاری سەرنجی خستەسەر پرۆسەی چارەسەریی ئاشتی و گوتی: "ئەم پێگەیە هاوکارێکی باشە بۆ بەرەوپێشچوونی پرۆسەی ئاشتی. ئەم هەنگاوە تەنها بۆ ئاشتی نێوان کورد و تورک نییە، تەنها بۆ ئاشتی نییە لە ناوخۆی تورکیا. ئێمە جارێکیتر دووپاتی دەکەینەوە؛ بەگرنگی لەم پرسە دەڕوانین و هەمیشە جەختی لێدەکەینەوە. ئەو هەنگاوانەی دەنرێن پاڵپشتییەکی مەزنی پرۆسەی ئاشتی دەبن لە تورکیاو ناوچەکەدا. ئێمە جارێکی تر بانگەواز دەکەین؛ وەرن پێکەوە ئاشتی بەدی بهێنین. لەهەمان کاتدا ئاشتی ناوچەکەش بەیەکەوە بەدیبهێنین. وەرن با تورکیایەکی دیموکراسی و کۆمارێکی دیموکراسی بەیەکەوە بەدیبهێنین."