تولای حاتەم ئۆغوللاری: کات کاتی بونیادنانی ژیانێکی یەکسانە

هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغوللاری لە کۆبوونەوەی پەڕلەماندا قسەی کرد و گوتی: "کات کاتی بونیادنانی ژیانێکی یەکسان و وڵاتێکی هاوبەشە."

هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغوللاری لە پەڕلەمانی تورکیادا لە کۆبوونەوەی هەفتانەی پارتەکەی قسەیکرد و هەڵسەنگاندی بۆ ڕۆژەڤەکان کرد. تولای حاتەم ئۆغوللاری سەرنجی خستەسەر قڕکردنی چەرکەسەکان و هەموو قوربانیانی کۆمەڵکووژییەکی بیرهێنایەوە. هەروەها پشتگیری پارتەکەی بۆ دایکانی شەممە دەربڕی و گوتی: "هیچ کاتێک دەستبەرداری ڕێ و ئامانجی دادپەروەری نابین."

لە بەردەوامییدا تولای حاتەم ئۆغوللاری سەرنجی خستەسەر پرۆسەکە و بانگەوازییەکی ڕێبەر ئاپۆ و ئاماژەی بەوەدا پەکەکە بە بەستنی کۆنگرەی ١٢ـەمینی خۆی دەرگای بەڕووی سەردەمێکی نوێدا کردەوە و گوتی: "ڕاگەیاندنی کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە لە دایکبوونەوەیەکە. بڕیارێکی گرنگە بۆ دیموکراتیزەکردن و کردنەوەی دەرگای ئاشتی. بێگومان ئەمە دەرفەت و شانسێکە بۆ گەلانی تورکیا و کۆیی ناوچەکە. لە ئێستادا هەمووان دەپرسن داخۆ لەمەوبەدوا تورکیا دەپەڕێتەوە بۆ وڵاتێکی دیموکراتیکی؟ داخۆ ناسنامە و باوەڕە جیاوازەکان لە ژیانێکی یەکساندا دەژین؟ بێگومان خودی چارەسەری وەڵامی کۆی ئەم پرسانە دەداتەوە.

بۆ دۆزینەوەی ئەم وەڵامانە پێویستە زیاتر لەدەور یەک کۆببینەوە. ئەگەر ئێمە دەرگای چارەسەری، ئاشتی و دیموکراسی بۆ هەتا هەتایە بکەینەوە، ئەوە زیاتر وەڵامی ئەم پرسیارانە دەدۆزینەوە. ئیتر هیچ ئاستەنگێک لەبەردەم ئەو هەنگاوانەدا نامێنێت. پێویستە حکومەت بۆ داهاتووی ٨٦ ملیۆن هاوڵاتیمان لەبواری یاسایی، سیاسی و کولتوورییەوە هەنگاوی جدیی و کرداری بنێت.

بۆیە کاتی ئەوە هاتووە لە وڵاتێکی هاوبەشدا ژیانێکی یەکسان بنیات بنێین و کۆمارێکی دیموکراتیک بنیات بنێین. بۆیە نابێت کات لەدەست بدەین. سەردەمی ئاشتی، دیموکراسی و دادپەروەرییە.

لە ڕاستیدا ئێمە چونکە باسی ئاشتی و چارەسەری دەکەین زۆر دڵخۆشین. بەڵام لە لایەکی ترەوە گەلەکەمان لە هەژاریدا دەژیت، دڵخۆش نییە. گەل بەدەست برسێتی و هەژارییەوە دەناڵێنێت. بۆیە پێویستمان بە قسەیەکی نوێ هەیە لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتیدا. پێویستە بوێرانەتر لەسەر ئەم بابەتە قسە بکەین. ئێمە باجی ئەم شەڕە لەسەر سفرەی نانمان دەدەین. جێگری سەرۆککۆمار تێچووی ئەم شەڕەی بە دوو تریلیۆن دۆلار ڕاگەیاند، بەراستی ئەمە ژمارەیەکی زۆر بەرزە. ئەگەر ئەم پارەیە زۆرە بەهۆی سیاسەتی شەڕەوە خەرج نەکرابا، ئێستا ئەم هەموو برسێتی و هەژارییەمان بەسەردا نەدەهات.

گەلانی ‌هێژامان؛ بەڕێز ئەردۆغان وتی، 'پشتگیری لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک دەکەم.' ئەمە زۆر گرنگە. هەروەها لایەنەکانی ناو پەرلەمانیش پشتیوانییەکی بەهێز نیشان دەدەن، ئەمەش زۆر گرنگە. کاتی ئەوەیە بەرپرسانی یاسادانان، بەرێوەبەران و دادوەری قسەکانیان جێبەجێ بکەن.

هەروەک بەڕێز ئۆجەلانیش لە پەیامەکەیدا رایگەیاندووە، 'پێویستە بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی باش و هەمیشەیی هەوڵێکی زۆر بدەین.' لەسەر بنەمای ئەم پێشکەوتنانە بۆ جاری چوارەم دەستمان بە سەردانی لایەنە سیاسییەکان کردووە. دواتر سەردانی ئاکەپە، مەهەپە و لایەنەکانی تر دەکەین. لە سەردانەکانماندا سەبارەت بە ئاشتی و چارەسەری گفتوگۆەکان بەردەوام دەکەین. هەروەها پێشنیاری بەرێز باخچەلی بۆ کۆمیسیۆنێک زۆر بەگرنگ دەزانین. ناونیشانی پرۆسەی چارەسەری نوێ پەرلەمانە.

بۆ ئەوەی ئەم کۆمیسیۆنە بە خێرایی و کاریگەرییەوە کارەکانی ئەنجام بدات، لە چوارچێوەی یاسایی پێویست بە بڕیارێکی هاوبەشە. ئەم کۆمیسیۆنە دەتوانێت هەم وەک بنەمایەکی یاسایی بۆ 'ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک' و هەم وەک ناوەندێک بۆ چاودێریکردنی پرۆسەکە بەردەوام بێت لەکارەکانی. گەلانی تورکیا چاوەرێ ئاشتی و دیموکراتیزەکردنی وڵاتن، هەروەها هەلومەرجی نێونەتەوەیی و هەرێمیش ئامادەی گۆڕانکارییە.

لێرەوە داوا لە سەرۆکی پەرلەمان بەرێز نوعمان کورتوڵموش دەکەم؛ ئەگەر ئێوە بتانەوێت، دەتوانن پەرلەمان بکەنە گۆڕەپانی ئاشتی. هەروەها دەتوانن لە بەرزترین ئاستدا میوانداری چارەسەرییەکان بکەن. دەتوانن بۆ ئاشتی و دیموکراسی لە تورکیا هەنگاوی زۆر گرنگ بنێن. هەروەها دەتوانن بۆ سەدەی دووەمی تورکیا ڕێگایەی نوێ دەست نیشان بکەن و ببنە هیوایەک بۆ گەلانی تورکیا."