١٣ هەمین ڤیستیڤاڵی نێونەتەوەیی چاندی کورد لە ئەوروپا بە چالاکی بەرفراوان بەردەوامە و ئەمساڵ بە درووشمی "لە ١٠٠ هەمین ساڵیادی لۆزاندا، چارەسەر پرسی کورد، ستاتۆ بۆ کوردستان" لە شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو. لە کاتژمێرەکانی سەرلەبەیانی دەیان هەزار کوردستانی لە وڵاتانی جیاوە وەک ئەڵمانیا و سویسرا و بەلژیکا و ئیتاڵیا و نەمسا و هۆڵەندا و سوید و فەرەنسا، ڕوویانکردە شوێنی ڤیستیڤاڵەکە لە ڕێبستۆپارک.
پانکارتی "ستاتۆ و ئازادی بۆ کوردان" بەرزکرایەوە
کوردستانیان بە جلوبەرگی نەتەوەیی و ئاڵاکانیان سەرنجیان ڕاکێشا. لە گۆڕەپانی فێستیڤاڵەکەدا، جۆشوخرۆشێکی زۆری تێدا بوو، پانکارتی "ستاتۆ و ئازادی بۆ کوردان" لەسەر شانۆ و سەدان وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە مەیدانەکەدا هەڵواسرا.
لە گۆڕەپانەکەدا هەزاران کەس وێنەی ئەو شەهیدانەیان بەرزکردەوە لە تێکۆشانی ئازادی کوردستاندا لە کاتە جیاوازەکاندا شەهیدبوون و دروشمی "بژی بەرخۆدانی پەکەکە" و "بێ سەرۆک ژیان نابێ" گوترایەوە. ناوچەی فێستیڤاڵەکە بە ڕەنگی نەتەوەیی کوردی ڕازێنرابووەوە، ناوەندەکانی چاندی دیموکراتیکی کورد و دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی کورد ستاندیان بۆ پێشخستنی چاندی کورد دانا. هەروەها نووسەران لە پێشانگاکانی کتێبدا چاویان بە خوێنەرانیان کەوت.
فێستیڤاڵەکە کە بە دروشمی "لە یادی ١٠٠ ساڵەی لۆزان، چارەسەری پرسی کورد، ستاتۆ بۆ کوردستان" بەڕێوەچوو، کرایە دیاری بە ئەڤین گۆیی، میر پەروەر و عەبدوڕەحمان کیزیل کە لە پاریس کوژران.
فێستیڤاڵەکە دوای خولەکێک ڕێزگرتن دەستی پێکرد. هاوسەرۆکانی (کەجەدە-ئە) ئەنگین سەڤەر، زوبەیدە زومروت، هاوسەرۆکانی (کۆن-مەد) ئامینە ڕوکەن ئەکچا، کەرەم گۆک، وتەبێژی تەڤگەری ژنانی کوردی ئەوروپا ئایتن کاپلان و نوێنەرانی کۆنفیدراسیۆنی کۆن-مەد هاتنە سەر شانۆ و سڵاویان لە خەڵک کرد.
زوبەیدە زومروت: پێداگرین لەسەر ئازادکردنی ڕێبەرێتیمان
هاوسەرۆکی کەجەدە-ئە، زوبەیدە زومروت مافی قسەکردنی وەرگرت. زومروت ڕوونیشیکردەوە کە دەوڵەتی فاشیستی تورک لە چوار پارچە گەلی کورد دەکوژێت و دەڵێت: "ئەو زیهنیەتەی 100 ساڵە گەلەکەمان دەکوژێت چاوەڕێی کۆمەڵکوژی نوێیە. بەڵام گەلی کورد لە یادی 100 ساڵەی لۆزاندا، بڕیارە ئازادی و مافی ستاتۆی خۆی بەدەستبهێنێت. گۆشەگیری ئیمراڵی سەر ڕێبەر ئاپۆ لەلایەن گەلەکەمانەوە قبوڵ ناکرێت. گەلەکەمان پێداگرە لەسەر ئازادی ڕێبەرەکەی. ئەگەر گۆشەگیریی سەر ڕێبەرێتی نەشکێنین، دەوڵەتی تورک لە هەر چوار پارچەی کوردستان، بە تایبەت لە ڕۆژئاوا بەردەوام دەبێت لە کۆمەڵکوژیمان.
سەڤەر: ئێمە بە هەموو هێزمانەوە بۆ ستاتۆی کوردستان و ئازادی ئۆجالان لە گۆڕەپان دەبین
ئەنگین سەڤەر ڕایگەیاند، لە ١٠٠ هەمین ساڵیادی پەیماننامەی لۆزاندا، داخوازی گەلی کورد بۆ ستاتۆ زیاتر هاتەپێش، ئاماژەی بەوەشکرد، گۆشەگیریی ڕەها ئیمراڵی تاوانێکی گەورەیە دژی مرۆڤایەتی و ڕایگەیاند، لەژێر قووڵبوونەوەی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان کە ٢٥ ساڵە بەردەوامە، سیاسەتی کۆمەڵکوژی نوێ لەدژی گەلی کورد دادەڕێژرێت. ئاماژەی بەوەشکرد، کورد لە هەموو گۆڕەپانێکدا بە ڕۆژەڤی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان و ستاتۆ بۆ کوردستان بەندە و داوای لە دامەزراوە نێونەتەوەییەکان و وڵاتانی پەیوەندیدار کرد، واز لە سیاسەتەکانی دووڕوویی بێنن و بەرپرسیارێتی خۆیان بەجێبهێنن.
وتەبێژی تەڤگەری ژنانی کورد لە ئەوروپا، ئایتن کاپلان، بە زمانی ئەڵمانی قسەی کرد. ئایتن کاپلان سەرنجی بۆ گۆشەگیریی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕاکێشا، پاشان پەرلەمانتاری فیدراڵیی پارتی سۆسیال دیموکرات، ئارماند زۆرن، مافی قسەکردنی وەرگرت.
لە میانی فێستیڤاڵەکەدا پەیامی نوێنەرانی فێستیڤاڵی چاندی کورد، موزیکژەنی ئەڵمانی کۆنستانتین ڤیکەر و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەب لە نەمسا، ئەلفرێد جێلینێک خوێندرایەوە.
فێستیڤاڵەکە بە گوێگرتن لە گرووپی مۆسیقای کەوانەی زێڕین درێژەی پێدرا و فیلمێک سەبارەت بە مێژووی ٣٠ ساڵەی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی چاندی کوردی نمایش کرا. دوای گوێگرتن لە گرووپی مۆسیقای عەرەب گۆکسەل و گرووپی مۆسیقای ئینزێبەل، پەیامی نووسراوی کەجەکە خوێندرایەوە. هەروەها هونەرمەندی ڕۆژهەڵاتی جەلێ سنەیی هاتە سەر شانۆ.
بەردان ئۆزتورک: گەلی کورد سەرەڕای هەموو قڕکردنێک بە داخوازی ستاتۆ بەرخۆدان دەکات
هاوسەرۆکی کۆنگرەی جڤاکی دیموکراتیک (کەجەدە) و پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوزی ئامەد، بەردان ئۆزتورک بەشداریی لە فێستیڤاڵەکەدا کردبوو، سڵاوی لە خەڵک کرد و ئەڤین گۆیی و عەبدوڕەحمان کیزیل و میر پەروەری بیرهێنایەوە.
ئۆزتورک ڕوونیشیکردەوە، ئەو فێستیڤاڵە کە لە یادی ١٠٠ ساڵەی لۆزان بەڕێوەدەچێت مانایەکی مێژوویی هەیە و وتی:" ١٠٠ ساڵ بەسەر پەیمانی لۆزاندا تێپەڕیوە. ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر هێزە نێونەتەوەییەکان کوردستانیان دابەش کرد. پاشەڕۆژی گەلی کورد بۆ دەوڵەتی تورک، ئێران، عێراق و سوریا جێهێڵراوە. ئەو دەوڵەتانە بۆ ئاسمیلەکردن و لەناوبردنی گەلی کورد سیاسەتی قێزەون و قڕکردنیان جێبەجێ کرد. ١٠٠ ساڵ تێپەڕی؛ گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان خاوەنی ناسنامە و چاندی خۆیەتی. ئەمڕۆ سەرەڕای ئەو هەموو کۆمەڵکوژییە، بەرخۆدان دەکات و داوای ستاتۆ دەکات".
ئۆزتورک گوتی: "ئەو وڵاتانەی هێزیان لە پەیمانی لۆزان وەرگرت، گۆشەگیرییەکی توند لەسەر بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام دەدەن. گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان بە هاوکاری دەوڵەتانی ئەوروپا و ئەمریکا بەردەوامە. ئامانج لە گۆشەگیری، تەسلیمکردنی ئیرادەی گەلی کوردە و تا لە سەدەی نوێدا کورد بێ ستاتۆ بمێنێتەوە. بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان تەنها کەسێک نییە، نوێنەرایەتی ئیرادەی ملیۆنان دەکات. بەم گۆشەگیرییە دەیانەوێت هیوای ئازادیی گەلان لەناوببەن".
ئۆزتورک ئاماژەی بەوە کرد، قه یرانی ئابووری له تورکیا قووڵتر و قووڵتر ده بێتەوه و وتی هۆکاری ئه م قه یرانه سیاسەتی شەڕ و ناڕەزایەتییەکانە دژی ئەم سیاسەتە.
"پێویستە گەلەکەمان دژی بێدەنگی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بوەستێتەوە"
ئۆزتورک ڕایگەیاند، بێدەنگی سی. پی. تی. و کۆنسەی ئەوروپا بەرامبەر گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، واتە ئەرێکردنە بۆ گۆشەگیری، بانگەوازی لە گەل کرد، دژی ئەم بێدەنگییە تێکۆشان بکەن.
"ژیان بە کوردی خۆشە"
ئۆزتورک گوتی: "پێویستە چاند و زمانی خۆمان لە ئاسمیلەکردن بپارێزین. لە ژیانی ڕۆژانەماندا زمانەکەمان بەکاربهێنین. ژیان بە کوردی خۆشە. ئەگەر زمانەکەمان نەمێنێت، مێژوو و چاند و هەموو شتێکمان نامێنێت. با هەمووان سەرەتا زمانی کوردی فێری منداڵەکانیان بکەن."
لە میانی فێستیڤاڵەکەدا، پارێزەرانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان عومەر گونەش و مەحمود شاکار لەسەر شانۆ دەرکەوتن. عومەر گونەش بە زمانی کوردی و مەحمود شاکار بە تورکی زانیاریان دا. پارێزەران لە ساڵیادی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی ٩ی ئۆکتۆبەر دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، داوایان لە گەلی کورد کرد خاوەندارێتی لە ڕێبەرەکەیان بکەن، تێکۆشانی مەزن بکەن و تێکۆشانی سیاسی و یاسایی لە پلاتفۆرمە نێونەتەوەییەکان گەشە پێبدەن.
دوای وتارەکان، ئەو گەنجانەی بە دروشمی "گەشتی ئازادی" لە شاری دۆرتمۆندی ئەڵمانیا دەستیان کرد بە ڕێپێوان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و لە ماوەی ٥ ڕۆژدا بەرەو شاری کۆڵن ڕێپێوانیان، چوونە سەر شانۆ و سڵاویان لە جەماوەر کرد.
لە کۆتایی ڤیستیڤاڵەکەدا هونەرمەندان و گروپە میوزیکییەکان کەوتنە سەر شانۆ و چەند ساتێکی پڕ جۆشیان بە جەماوەرەکە بەخشی. فێستیڤاڵەکە کە بە گوێگرتن لە مۆسیقا و هەڵپەڕکێ بەردەوام بوو، دوای بە پێشکەشکردنی بەرنامەی جۆراوجۆری هونەری کۆتایی هات.