ئۆ ئێس سی ئی: هەلومەرجەکان یەکسان نەبوون

فەرەح کەریمی سەرۆکی شاندی ڕێکخراوی هاریکاری و ئاسایشی ئەوروپا (OSCE) بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی تورکیا ڕایگەیاند، هەڵبژاردن لە هەلومەرجێکی یەکسان دا بەڕێوەنەچوو.

فەرەح کەریمی سەرۆکی شاندی ڕێکخراوی هاریکاری و ئاسایشی ئەوروپا (OSCE) لە پەرلەمانی ئەوروپا بۆ چاودێریکردنی  هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا  نیگەرانیی خۆی لەوە دەربڕی، کە هەڵمەتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکاندا بە یەکسانی ئەنجام نەدراوە.

کەریمی ڕاشیگەیاند، ئەردۆغان بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە سوودمەندی لە توانا و دەرفەتەکانی دەسەڵات وەرگرت و وتی، " لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ٢٨ی ئایاردا، دەنگدەران دەرفەتیان پێدرا، کە لەنێوان ئەڵتەرناتیڤە سیاسییە ڕاستەقینەکاندا هەڵبژاردن بکەن و بەشدارییەکی بەهێز لە دەنگداندا کرا، بەڵام هەر وەک لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا ئەنجامدرا، پەخش و بڵاوکردنەوەی لایەنگرانەی میدیا و نەبوونی هەلومەرجی یەکسان سوودێکی نادادپەروەرانەی بە پارتی دەسەڵاتدار گەیاند. دەستەی  هەڵبژاردن بە شێوەیەکی تەکنیکی سەرکردایەتیی هەڵبژاردنەکەی دەکرد، بەڵام کەموکوڕییەکی گەورە لە شەفافیەت و ڕاگەیاندندا هەبوو.

بەڵام لە قۆناغی بانگەشە و هەڵمەتی هەڵبژاردندا، پاڵێوراوەکان نەیانتوانی بە ئازادی هەڵمەتەکەیان بەڕێوەببەن. لە کەش و هەوایەکدا، کە ئازادیی ڕادەربڕین بەربەست کرابوو، هەم میدیای تایبەت و هەم میدیای گشتی لە پەخش و بڵاوکردنەوەی پەیوەندیدار بە هەڵمەتەکانەوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ و بێلایەنانە کاریان نەکرد. ئەمەش بووە هۆی کەمبوونەوەی توانای دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنێکی هۆشیارانە. ڕۆژی هەڵبژاردن تا ڕادەیەک بەبێ کێشە تێپەڕی، بەڵام لە کاتی ژماردنی دەنگەکان هەندێک لە ڕێوشوێنەکان بە لاوازی بە کەموکوڕییەوە جێبەجێکران".

ژ.ت