یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژییەکەی وێستگەی میترۆی ئەنقەرە کرایەوە

لە ڕێوڕەسمی یادی ۹۰هەمین مانگی قوربانیانی کۆمەڵکوژییەکەی وێستگەی میترۆی ئەنقەرە ڕاگەیەندرا، "تا ئەو کۆمەڵکوژییە ڕوون نەکرێتەوە، ئاسایشی ژیانی گەلی بوونی نابێت و دادپەروەری ڕاستەقینە بەدی نایەت."

لە هێرشێکی خۆکوژەکانی داعش دا لە ١٠ تشرینی یەکەم لە وێستگەی میترۆی ئەنقەرە ١٠٤ کەس کۆمەڵکوژ کران. لە یادی ۹۰هەمین مانگی ئەو کۆمەڵکوژییەدا ڕێوڕەسمێکی یادکردنەوە بەڕێوەچوو. کۆمەڵەی ئاشتیی ۱۰ی تشرینی یەکەم (۱۰ی ئیکیم-دەر) لەبەردەم وێستگەی میترۆی ئەنقەرە ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوە. لە کاتی خوێندنەوەی ڕاگەیاندراوەکەدا پۆستەر و وێنەی قوربانییەکان کرایەوە. بەشداربووان دروشمی "۱۰ی تشرینی یەکەم لەبیر مەکەن و مەهێڵە لە بیر بچێت"یان دەوتەوە. ڕێوڕەسمی یادکردنەوەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن دەستی پێکرد.

مەهتاپ ساکینجی کۆشگون سەرۆکی (١٠ی ئیکیم - دەر) لە ڕاگەیاندراوەکدا وتی، " ۹۰ مانگ بەسەر کۆمەڵکوژییەکەدا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا لێکۆڵینەوە و بە دواداچوونێک، کە ئەنجامدەرانی تیادا دادگایی بکرێت، ئەنجام نەدراوە. ئێمە هەموو مانگێک ناڕەزایەتی دەردەبڕین و ئیدانەیان دەکەین. ئێمە جارێکی دیکە لە عارفەی هەڵبژاردنێکداین. ئێمە خزمەکانمان لە نێوان دوو هەڵبژاردندا لەدەستدا. ئێمە زۆر باش دەزانین ئەوانەی، کە دەیانوت؛ 'ئەگەر من شتێک لەبارەی ئەو ڕووداوانەوە بڵێم، کە لە نێوان هەر دوو هەڵبژاردن دا ڕوویانداوە، ئەوا دار بەسەر بەردەوە نامێنێت'، لە پرۆسەی ئەم هەڵبژاردنەی ئەمڕۆشدا یاری دەکەن، بەڵام ئەوە بوو بە ٩٠ مانگ و هیچ بەرپرسێک دادگایی نەکرا. با ئێستا هیچ کەسێک بەڵێنی پووچمان پێنەدات. ئێمە چاوەڕێی ئەو ڕۆژانە دەکەین، کە بەڵێنەکانی تیدا جێبەجێ دەکرێت".

جۆشگن لە کۆتایی قسەکانیدا وتی، "تا ۱۰ی تشرینی یەکەم ڕوون نەبێتەوە، ژیانی هیچ کەسێک سەلامەت و پارێزراو نابێت و دادپەروەری لە تورکیا بەدی نایەت. ئەم سیستەمە زۆر ئێمەی بە نەبوو زانی. بۆمبێک لە ناوەڕاستی شاری ئەنقەرە تەقییەوە و بە هیچ و نەبووی دەزانن. ئەوە ٩٠ مانگە و هێشتا بەهار نەهاتووە. ئێمە بە خەونی ئەو ڕۆژەوە دەژین، کە هەموو ئەوانەی بەرپرسن لەو کۆمەڵکوژییە دادگایی دەکرێن. دەبێت تورکیا بۆ مرۆڤایەتی ڕووبەڕووی ئەم کۆمەڵکوژییانە ببێتەوە. ئەم وڵاتە قەرزاری ئێمەیە. هیچ کام لە ئێمە لە داواکردنی دادپەروەری ماندوو نابێت و بەردەوام دەبین لە خەبات و تێکۆشانەکەمان. تەنانەت ئەگەر دەسەڵاتیش بگۆڕێت ئێمە دەستبەرداری داواکارییەکانمان بۆ دادپەروەری نابین و تاوەکو دادگایکردنی بکوژەکان بەردەوام  دەبین لە بەرەنگاری و خۆڕاگریمان".

ژ.ت