یادی قوربانیانی شەنگال لە دەن هاگی هۆڵەندا کرایەوە

لە شاری دەن هاگی هۆڵەندا، لە میتینگێکدا، یادی قوربانیانی شەنگال کرایەوە و داوا لە حکومەتی هۆلەندا کرا کە قڕکردنی کوردانی ئێزدی بناسێت.

لە شاری دەن هاگی هۆڵەندا، یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژی ٣ی ئابی ٢٠١٤ کرایەوە کە بە دەستی چەتەکانی داعش ئەنجامدرا.

لەسەر بانگەوازی ناوەندی کۆمەڵگەی کوردی دیموکراتی دەن هاگ، کوردستانیان و دۆستەکانیان، لەبەردەم شارەوانی دەن هاگ کۆبونەوە و میتینگیان ئەنجامدا. لە میتینگەکەدا یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژی شەنگال و شەهیدانی تێکۆشانی ئازادی کوردستان بە خولەکێک رێزگرتن کرایەوە.

لە قسەکردنەکاندا، راگەیەنرا کە چەتەکانی داعش بە پشتگیری دەوڵەتی داگیرکەری تورک، لەبەرچاوی جیهان کوردانی ئێزدی قڕکرد.

هەروەها باسی ئەوەکرا کە گەلی کورد و کۆمەڵگەی ئێزدی، تاوەکو ئێستاش مەترسی قڕکردنی لەسەرە و تەئکیدکرایەوە کە دەوڵەتی تورک دەیەوێت تۆڵەی داعش بکاتەوە.

هەروەها راگەیەنرا کە گەریلاکان گەلی خۆیان پاراستن، لەبەردەم قڕکردن وەستانەوە و هێزەکانی بەرگری جەوهەری گەلی کورد تاوەکو ئێستاش لە 'لیستی تیرۆردایە' ئەوەش بۆ ئەوروپا شەرمێکی گەورەیە.

لە کۆتاییدا داوا لە حکومەتی هۆڵەنداکرا کە قڕکردنی ئێزدیان بناسێت و ئەنجامدەران سزا بدات.

ف.ق