سەرەڕای ئەوەی سێ مانگ بەسەر بانگەوازی ٢٧ی شوباتی ڕێبەر ئاپۆ تێپەڕی، هێشتا دەوڵەتی تورک هەنگاوێکی ڕوونی نەناوە. بە تایبەتی تاوەکو ئێستا گۆشەگیری لەسەر ڕێبەر ئاپۆ بەردەوامە.
ئەندامی ئەنجوومەنی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) موستەفا ئاکەنگین بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد و گوتی: "ئەگەر بە گشتیی تەڤگەری سیاسیی کورد هەڵسەنگێنین، دەبینین پێش ٣٠ ساڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بۆ چەکدانان بانگەوازی ئاگربەستی کرد بوو. لە ١٧ی نیسانی ١٩٩٣دا تورگوت ئۆزاڵ مرد و پڕۆسەکە بە شێوەیەک وەستا.
هەربۆیە ئەو بانگەوازەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان لە ٢٧ی شوبات کردی، بانگەوازێکی نوێ نییە، پێش ٣٠ ساڵیش هەمان شتی گوتووە. هەربۆیە ئەم بانگەوازە نوێیە بۆ تورکیایەکی نوێ وەک هیوایەک هەڵدەسەنگێنین."
'کورد خاوەندارێتی لە پڕۆسەکە کرد'
ئاکەنگین ئاماژەی بەوەدا گەلی کورد بە شێوەیەکی جدی خاوەندارێتییان لەو پڕۆسەیە کرد کە ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێکرد و گوتی: "فشار و نکۆڵیکردنی زمانی کوردی و کوردان هێشتا بەردەوامە. بە ڕاستیی بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجالان خاوەن گرنگییەکی مێژووییە. دەبێت مرۆڤ بەها، واتا و گرنگی ئەمە بزانێت.
دەبێت مرۆڤ ئەمەش بڵێت: لە دۆخی ئێستای دەوڵەتی تورکدا ئابووری، یاسا و ئەخلاق تێکچووە. هەربۆیە نیگەرانم ئایا حکومەت ئەم پرسانە چارەسەر دەکات و یا نا. بەداخەوە، حکومەت ڕەوایەتی خۆی لە دەستداوە. هیوام بە پڕۆسەکە هەیە؛ هیوادارم ئەم پڕۆسەیە بە ئەنجام بێت و حەسرەتی کوردان کۆتایی بێت. ئیدی یاری لەگەڵ کوردان ناکرێت. هەربۆیە دەبێت بە ئەقڵێکی ساغەوە نزیکی پڕۆسەکە ببنەوە."
'بۆ ئاشتیەکی شكۆدار پێداگرین'
ئاکەنگین ئاماژەی بەوەدا دەبێت گۆشەگیری لەسەر ڕێبەر ئاپۆ دەستبەجێ هەڵبگیرێت و ئازادی جەستەیی بە دی بێت و وتی: "لە مێژەوە دەبینین کورد دانی پێدانانرێت، هەبوون و زمانی کوردان بە تەواوەتی نکۆڵی لێدەکرێت. لە ١ی تشرینی یەکەم دەوڵەت باخچەلی بانگەوازێکی کرد. ئاماژەی بەڕێز ئۆجالان کرد و گوتی: "با لە پەرلەمان قسە بکات و مافی هیوا بە دەست بێنێت". با ئەو شتانەی بۆ ئەمە پێویستە بکرێت. با نیشانمان بدەن بۆ ئەم پرسە چەندە جدین.
بەڕێز ئۆجالان لە سەدەی نوێدا چارەسەرێکی پێشکەشی تورکیا دەکات. ئەگەر گۆشەگیری هەڵبگرن و هەموو هەلومەرجێک بئافرێنن، ئەوەی دەکەوتە ئەستۆی جێبەجێ دەکات. هیچ ڕێگەیەکی تر نییە. ئەگەر بەڕاستی ئەم کارانە بکرێن، ئەوا ڕێگە بۆ تورکیا دەکرێتەوە. با دەستبەجێ گۆشەگیری لەسەر بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان هەڵبگیرێت. وەک گەل و پارتەکەمان ئەمەمان دەوێت. بۆ ئاشتییەکی شكۆمەند پێداگرین."