ئامانج لە گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن پاراستن و مانەوەی دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپەیە

زوڵێخا گولوم پەرلەمانتاری هەدەپە هەموارکردنەوەی نوێی یاسای هەڵبژاردنی لە تورکیا هەڵسەنگاند و ڕایگەیاند، گومانێکی زۆر هەیە لەسەر چۆنیەتیی ئاسایشی هەڵبژاردنەکان و نوێنەرایەتیی حزبە بچووکەکان.

  ٧ خاڵ لە بەشی یەکەمی پرۆژەیاسای گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن، کە لەلایەن ئاکەپە و مەهەپەوە ئامادەکرابوو، لە کۆبوونەوەی دەستەی گشتیی ئەنجومەنی (پەرلەمانی) تورکیادا تێپەڕێنرا. لە بەشی یەکەمدا داواکراوە، بەربەستی هەڵبژاردن لەسەدا ١٠ بۆ سەدا ٧ دابەزێنێت و چەندین خاڵ بۆ باسکردن خراونەتە بەر باس. بەوانەش چەندین گومان لەسەر ئاسایشی سندوقەکانی دەنگدان و دروستکردنی هاوپەیمانێتییەکان و حیزبە بچوکەکان دروستبووە.

زوڵێخا گولوم پەرلەمانتاری هەدەپەی ئیستەنبوڵ ڕایگەیاند، ئەو پێشنیارە یاسایە بۆ پاراستنی حکومەتی ئاکەپە و مەهەپە کراوە. گولوم لەبارەی ئەو گۆڕانکارییانەوە بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی رایگەیاند، دەسەڵات بەپێی مەرجەکانی گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن هەڵسوکەوتی نەکردووەوە و وتی: دەبوو بۆ نەهێشتنی بارودۆخی دژەدیموکراسی و بۆ ئەوەی ئیرادەی گەل لە پەرلەماندا دیار و روون بوایە ئەو گۆڕانکارییانە ئەنجام بدرانایە، بەڵام دەبینین کە ئەم یاسا نوێیە هیچ پەیوەندیەکی بەوانەوە نییە.دەسەڵاتداران بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەیان ئەم یاسایەیان دروستکردووە.

 کەمکردنەوەی بەربەستی هەڵبژاردن و هەموارکردنەوەی یاسای نوێ هیچ پەیوەندیەکی بەپرۆسە دیموکراتیکەکانەوە نییە. بەربەستی هەڵبژاردن هەر لە کاتی کودەتاوە بۆ ڕێگرتن لە ئیرادەی گەلی کورد و ئۆپۆزیسیۆنی کۆمەڵایەتی دانرابوو، بەڵام ئێستا کێشەکەیان ئەوەیە، کە مەهەپە بتوانێت بچێتە پەرلەمان و بۆ ئەوەش پێویستە بەربەستەکە کەم بکرێتەوە. بەڵام لە راستیدا پێویستە بەربەستی هەڵبژاردن بە گشتی لاببرێت. ئەگەر لایەنێک و حیزبێک بتوانێت کەسێک بنێرێتە پەرلەمان، ئەوا ئیرادەی ئەو کەسانە، دەنگیان پێداوە و حیزبەکەى بچێتە پەرلەمان و تیایدا بەشدار بن. ئەو بەربەستە لە دژی گەلی کورد و ئۆپۆزیسیۆنی کۆمەڵایەتی بوو، بەڵام ئێمە ئەوەمان بینی، ئەو بەربەستەمان تێکشکاند و ئیدی لەسەدا ١٠ بۆ ئێمە بەربەست نییە".

گولوم ئاماژەی بەوەدا، یەکێک لە گرنگترین پرسەکان بابەتی دەستەى سندوقەکانی دەنگدانە و وتی: "بەپێی یاسا سەرۆکی دەستەی  سندوقی دەنگدان لە ناو بەرپرسان و دەسەڵاتدارەکاندا هەڵدەبژێردرێن، ئەوە یەکێکە لە گۆڕانکارییە خراپەکان و سندوقەکان دەخاتە ژێر دەسەڵاتی کەسێکی دەسەڵاتدار و بەوەش پێکهاتەکان و ئۆپۆزسیۆن پەراوێز دەخرێن. دەڵێن، ئەگەر لە شوێنێکدا حاکمێک و دەسەڵاتدارێک نەبێت، یان نەتوانێت ببێتە سەرۆکی دەستەى سندوقی هەڵبژاردن، دەسەڵاتدارێکی تر دەنێردرێت و لە شوێنەکەى دادەنرێت. گوایە ئەوە بۆ ئاسایش و پاراستنی سندوقەکان دەکەن، بەڵام ئەوە یەکێکە لە خراپترین گۆڕانکارییەکان بۆ سەلامەتی و پاراستنی سندوقی دەنگدان، بۆیە دەبێت  لەو پرۆسەیەدا ئاسایشی سندوقەکانی دەنگدان زیاتر بخرێتە بەرنامەی کار و رۆژڤمانەوە".

گولوم وتی، کێشەیەکی تر ئەوەیە، ئەو لایەنانەی لە ماوەیەکی کەمی پێش هەڵبژرادندا دوو جار کۆنگرەی شار و قەزا و ناوەندەکانیان نەبەستووە ناتوانن بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن و بەم شێوەیە دەیانەوێت لایەنە بچووکەکان بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا نەکەن".

ژ.ت