ئامار و رێژەى بەشداربوون لە پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت ڕاگەیاندرا

کۆمیسێۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماری بەشداربوونی پڕۆسەی دەنگدانی تایبەتی ڕاگەیاند.

بەگوێرەی ووتەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، تا ئێوارەی دوێنێ (هەینی)، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەچوو.

 پرۆسەکە لە کاتژمێر ٧:٠٠ی سەر لە بەیانی هێزە ئەمنییه‌كان و پێشمەرگە و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان لە عێراق و هەرێم و ئاوارەکان لە بنکەکانی دەنگدان لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بەشداربوون و پرۆسەی هەڵبژاردنی تایبەت  کاتژمێر ٦ی ئێوارە کۆتاییهات و سەرجەم سندوقەکان داخران و ئامێرەکانی دەنگدان بەشێوەی ئۆتۆماتیکی کوژانەوە. بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان تا کۆتایی هاتنی پرۆسەکە ھیچ کێشەیەکی جدی رووی نەدا.

لە سەرانسەری عێراقدا یەک ملیۆن و ٧٥ ھەزار و ٧٢٧ کەس لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا مافی بەشداریکردنیان هەبوو، ١٢٠ ھەزار و ١٢٦ ئاوارەش مافی دەنگدانیان هەبوو، لە گرتووخانەکانیش ٦٧١ کەس مافی دەنگدانیان هەبوو.

هەروەها نوێنەرایەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق راگەیەنراوێکی لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی تایبەتی عێراقەوە بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "هێزە چەکدارەکان بە هەموو بەشە جیاوازەکانییەوە، زیندانیان و ئاوارەکان لە دەنگدانی تایبەت دا دەنگیاندا."

ئاماژەی بەوەشداوە، "تا ئێستا لەلایەن چاودێرە نێودەوڵەتییەکانەوە هیچ سکاڵایەک بەرز نەکراوەتە تیایدا پێشێلکارییان تۆمار کردبێت، هەر بۆیە دڵنیایی دەدەن لەوەی لە دەنگدانی تایبەتدا هیچ پێشیلکارییەک تۆمار نەکراوە."

لەکاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی تایبەتدا، جێنین پلاسخارت نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق سەردانی بنکەی دەنگدانی کەمپی ئاوارەکانی کرد لە شێخان لە پارێزگای دهۆک و رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی بنکەکانی دەنگدان و ئامانجیانە ئاگاداربن لە چۆنییەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە.

هاوکات، رێکخراوی یۆنامی لە عێراق داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات کە رێز لە ئازادی هەموو عێراقییەکان بگرن لە دەنگدانیان بۆ ئەو نوێنەرانەی کە دەنگیان پێدەدەن.

رێژەی بەشداربوون لە هەرێمی کوردستان

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەبارەت بە ڕێژەی بەشداری کردن لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەدەنگدانی تایبەتدا رێژەی بەشداریکردن لە هەولێر ٧٥٪، سلێمانی ٧٨٪ و دهۆک ٦٩٪ بووە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، ٥٠٪ی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە، یان نەچوون بۆ دەنگدان یان دەنگەکانیان سوتاندووە.

سۆران عومەر کاندیدێکی کۆمەڵی دادگەری رایگەیاند، له‌ په‌ڕه‌ی خۆی له‌ فه‌یسبوك بڵاویكردەوە: زیاتر لە ھەشت ھەزار ھاوڵاتی ڕۆژئاوای کوردستان خراونەتە سەر هێزه‌كانی زێرەڤانی بەناوی پێشمەرگەی رۆژ، ئەمڕۆ بەشداری دەنگدانی تایبه‌تیان كردووه‌ و دەنگیان بە پارتی دیموکراتی کوردستان داوە.

ئەو کاندیدەی کۆمەڵ کە پێشتر ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بوو دەشڵێت “له‌سه‌ر ئەم بابەتە سکاڵای یاسایی تۆمارەکەین، چونکە ئه‌وانه‌ خاوەنی ھیچ ناسنامە و رەگەزنامەیەکی فه‌رمی عێراق نین، بۆشیان دروست کرابێت نایاساییە مافی دەنگدانیان ھەبێت."

ناوچەکانی کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان

دەنگدانی تایبەتی لە شاری کەرکوک، کە بە شارێکی مادەی ١٤٠ هەژمار دەکرێت، ده‌نگدانی تایبه‌ت له‌ كه‌ركوك به‌ چاودێریی نێوخۆیی و ده‌ره‌كی به‌رێوه‌چوو.

لە ١١٤ وێستگەی كەركوك و قەزا و ناحیەكانی، هێزەكانی پۆلیسی ناوخۆ لە كەركوك و پۆلیسی فیدڕاڵی و سوپای عێراق و دژەتیرۆر مافی دەنگدانیان هەیە، ١٦ وێستگەش بۆ دەنگدانی ئاوارەكان تەرخان كراوە.

بەپێی ووتەی لقی کەرکوکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕێژەی دەنگدانی تایبەت  لەکەرکوک ٪٦٠ بووە، لەکوێ ٤٧،٥٠٠ دەنگدەر ٣٠،٧٧٢ کەس دەنگی داوە و ئاوارەکان بە رێژەی ٪٥٦ بەشداریان کردووە لە پرۆسەی هەڵبژاردنی تایبەت، کە لە کۆی ٦،٤٥١ ئاوارە ٣،٦٦٣ ئاوارە دەنگی داوە.

ئەنجامی هەڵبژاردنی تایبەت

سەبارەت بە ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی تایبەت کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، "ئەنجامی دەنگدانی تایبەت ئەمڕۆ راناگەیەندرێت و لەگەڵ ئەنجامی دەنگدانی گشتیدا بڵاودەکرێتەوە."

هەڵبژاردنی گشتیی چوارەهەمین خولی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سبەی یەک شەممەی بەڕێوەدەچێت.

ژ.ت