ئاماری ساڵانەی پێشلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران بڵاوکرایەوە
دوێنێ ئاژانسی “هرانا” تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، ئاماری ساڵانەی پێشلکارییەکانی مافی مرۆڤ، لەلایەن ڕژیمی ئێرانەوە بەرامبەر هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە بڵاوکردەوە
دوێنێ ئاژانسی “هرانا” تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، ئاماری ساڵانەی پێشلکارییەکانی مافی مرۆڤ، لەلایەن ڕژیمی ئێرانەوە بەرامبەر هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە بڵاوکردەوە
دەسەڵاتی ئێران بەردەوامە لە پێشلکارییەکانی بەرامبەر، خۆپیشاندەران و ناڕازییان، کەمینە ئەتنیکی و ئاینییەکان، پارێزەران و چالاکوانانی مافی مرۆڤ و چالاکوانە مەدەنیی و سیاسییەکان، ژنان، منداڵان و زیندانیان، هەروەها لە ماوەی ساڵێکدا سەدان کەسی لەسێدارەداوە، قامچیی لە دەیان کەس داوە، دەیان هاوڵاتی مەدەنیی بە ڕاستەوخۆ کردووەتە ئامانج و دەیان کۆڵبەری کورد و سوختبەری بەلوچی کوشتووە.
دوێنێ ئاژانسی “هرانا” تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، ئاماری ساڵانەی پێشلکارییەکانی مافی مرۆڤ، لەلایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە بەرامبەر هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە بڵاوکردەوە، ئەم ڕاپۆرتە هی یەک ساڵی هەتاوییە (بەپێی ڕۆژمێری کوردی و ئێرانی) واتا لە ٢١ی ئازاری ساڵی ٢٠٢٠ بۆ ٢١ی ئازاری ساڵی ٢٠٢١، کە سەری ساڵی کوری لە یەکەم ڕۆژی نەورۆزەوە دەستپێدەکات.
دەستگیرکردن
بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە ماوەی یەکساڵدا، دوو هەزار و ٨٠٦ هاوڵاتیی مەدەنی لە سەرتاسەری ئێران لەسەر جیاوازیی بیر و باوەڕ، لەلایەن ناوندە ئەمنییەکانی دەسەڵاتەوە دەستگیر کراون، هەروەها ١٤٤ کەسیش بەهۆی جیاواز ژیان کردن دەستگیرکراون.
لە کۆی ئەو کەسانەی لەسەر بیرو بڕوای جیاواز دەستگیرکراون، هەزار و ٧٦٨ کەسیان لە بازنەی ئازادیی ڕادەربڕین، ٨٣ حاڵەتیان لە بازنەی چالاکیی کرێکاری و پیشەیی، ٤٠٨ کەس لە بازنەی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسی، ٨٤ کەسیان لە بازنەی کەمینە ئاینییەکان، ٤٠٥ کەسیان لە بازنەی کەمینە نەتەوەییەکان و شەش کەسیشیان لە بازنەی مافەکانی ژنان دەستگیرکراون.
زیندان
لەم ساڵەدا داگاکانی دەسەڵاتی ئێران، لە ٧٤١ دۆسیەدا، بە گشتی ٢٥ هەزار و ٨٢٨ مانگ سزای زیندانیانی یەکلایی و ٩٤٧ مانگ سزای زیندانی هەڵپەسێردراویان بەسەر تۆمەتبارانی باوەڕیی و سیاسیی سەپاندووە، هەروەها سزای پارەی بە بڕی ١٩٤ ملیارد و ٣٧ ملیۆن ڕیاڵیان بەسەر ئەو کەسانە سەپاندووە.
قامچیلێدان و بڕینی ئەندامەکان
بەپێی ڕاپۆرتەکە، لەم ساڵەدا چوار سزای دژەمرۆڤانەی بڕینی دەستی تۆمەتباران جێبەجێی کراوە، هەروەها سزای ٢١ هەزار و ٢٦٥ قامچیلێدان بەسەر تۆمەتباراندا سەپێندراوە کە سزای ٨٧١ قامچییان جێبەجێی کراوە و ٢٢٧ قامچییان بە بەرچاوی خەڵکەوە لێدراوە.
لەسێدارەدان
لە ماوەی ساڵێکدا (ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی)، بە گشتی لە سەرتاسەری ئێران، ٢٤٩ هاوڵاتی لەسێدارە دراون کە حەوت کەسیان ژن و چوار کەسیشیان لە کاتی ئەنجامی تاواندا منداڵ بوون، کە یەکێکیان بە بەرچاوی خەڵکەوە لەسێدارەدراون، هەر لەم ماوەیەدا، ٧٨ کەسی دیکە لەوانە دوو منداڵ، سزای لەسێدارەدانیان بۆ بڕاوەتەوە.
لەسێدارەدان
ژنان و منداڵان
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە نزیکەی ١٧ هەزار منداڵ (لەژێر تەمەنی یاسایی) هاوسەرگیرییان پێکراوە، ٧٥ منداڵ خۆیان کوشتووە، ١٠ منداڵ دەستدرێژییان کراوەتە سەر، منداڵێک خۆی سووتاندووە و ١٠ منداڵیش کوژراون.
چالاکوانانی ژن
لەم ساڵەدا، دەرەوەی هەڵاواردنی ڕەگەزی و نایەکسانی بەرامبەر ژنان، ٥٦٢ حاڵەتی توندوتیژی ناوماڵ بەرامبەر ژنان تۆمارکراوە، پێنج ژن تێزابیان بەسەردا ڕژاوە، شەش ژن خۆیان سووتاندووە، چوار ژن خۆیان کوشتووە و ١٧ ژنیش بەبیانوی ناموسەوە لەلایەن خانەوادەکانیانەوە کوژراون.
تەقەی ڕاستەوخۆ لە هاوڵاتیان
لە یەکساڵی ڕابردوودا، ٢٥٠ هاوڵاتیی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی دەسەڵاتی ئێرانەوە کراونەتە ئامانج، کە ١٠١ کەسیان گیانیان لەدەستداوە، ١٤٩ کەسیشیان بریندرابوون، لە کۆی ئەم ئامارە ٣٧ کۆڵبەری کورد کوژراون و ١٠٨ـیشیان برینداربوون، هەروەها ٢٦ سوختبەری بەلوچ کوژراون و ٢٢ سوختبەریش بریندرابوون، ٣٨ هاوڵاتی مەدەنیش کوژراون و ١٩ هاوڵاتیی دیکەش بریندرابوون.
ئەمە جگە لەوەیە کە لەم ماوەیەدا، ١٨ کۆڵبەر بەهۆی دۆخی کەشوهەوا و جوگرافیاوە، لە سەرما ڕەقبوونەتەوە یان لە بەرزاییەکان بەربوونەتە خوارەوە، کە ١٠ کەسیان گیانیان لەدەستداوە و ٨ی دیکەشیان برینداربوون، هەروەها ١٢ هاڵاتییش بەهۆی تەقینەوەی مینەوە لە ناوچە سنوورییەکان گیانیان لەدەستداوە و ١٦ کەسی دیکەش برینداربوون.
خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی و مانگرتن
لە ساڵی ٩٩ی هەتاویدا، ٢٣ هەزار و ٨٧٣ گربوونەوە و خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە سەرتاسەری ئێران بەڕێوەچووە، کە ١٦ هەزار و ٧٤١ گردبوونەوەیان ناڕەزایی کرێکاران، شەش هەزار و ٨٣٥ گردبوونەوەی پیشەیی، ٢٧٧ گردبوونەوەی هاوڵاتیانی مەدەنی و ٢٠ گردبوونەوەی هی خوێندکارن بووە، هەروەها حەوت هەزار و ١٣٠ مانگرتنی کرێکاری و چوار مانگرتنی پیشەییش ئەنجامدراوە.
خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی
هەر لەم ماوەیەدا چوار هەزار و ٩٧٩ کرێکار لەسەر کار دەرکراون، هەزار و ٦٣٧ کرێکار لە ڕووداوەکانی کاردا گیانیان لەدەستداوە و پێنج هەزار و ٤٢٦ کرێکاریش لەسەر کارەکانیاندا بریندار یان کەمئەندام بوون.
کۆڵبەران
هرانا لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا، ڕایگەیاندووە: بێگومان ئەم ئامارانە هەموو ئەو پێشلکارییانە نیین کە لەلایەن دەسەڵاتەوە دژی هاوڵاتیان کراوە، چونکە دەسەڵاتی ئێران ڕێگە بە ڕێکخراوە سەربەخۆەکانی مافەکانی مرۆڤ نادات دەستیان بە سەرچاوە پێویستەکان بگات، بۆیەش ئەمە بەشێکی کەمی دۆخی مافەکانی مرۆڤە لە ئێران کە تەنیا لەلایەن ناوەندە مەدەنییەکانەوە کۆکراوەتەوە.
ڕۆژنامەنووسان
لەلایەکی دیکەشەوە، هەر دوێنێ ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور، ڕایگەیاند: لە ئێستادا ٢١ ژن و پیاوی ڕۆژنامەنووس (هاوڵاتی-ڕۆژنامەنووس) لەلایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە دەستگیر و لە زیندانەکاندا ڕادەگیرێن، کە تەنیا “تاوان”ـیان، بەجێهێنانی ئەرکەکانیان و ئاگادارکردنەوەی کۆمەڵگایە.
ک-ش