بە دیمەن

ئاوازی چیا: دەرکەوتنی ڕێبەرێتی شۆڕشێکە دژی قڕکردنی کولتووری

گرووپی ئاوازی چیا لەدایکبوونی ڕێبەر ئاپۆیان پیرۆز کرد و ڕایانگەیاند، "دەرکەوتنی ڕێبەرێتی لە دژی قڕکردنی کولتووری بە واتای شۆڕشێکە. بەم بۆنەوە پێویستە بە جۆش و خرۆشی ٨ی ئادار و نەورۆزەوە ٤ی نیسان پیرۆز بکرێت."

ڕۆژبوونی ڕێبەر ئاپۆ

ڕێبەر ئاپۆ لە ٤ی نیسانی ١٩٤٩ لە  گوندی ئامارای ناوچەی خەلفەتی ڕحا لە دایکبووە. گەلی کورد و گەریلاکانی ئازادی کوردستان هەموو ساڵێک لەو کاتەدا لەدایکبوونی ڕێبەرەکەیان پیرۆز دەکەن. هەروەها بەو بۆنەوە سێ ئەندامی گرووپی ئاوازی چیا بە بۆنەی ٤ی نیسان هەم ئاوازیان پێشکەش کرد و هەم هەستەکانی خۆیان بۆ ئێمەدا هێنایە زمان.

خەبات: لە کەسایەتی ڕێبەر ئاپۆدا ٤ی نیسان لە هەموو هەڤاڵان، گەلی کوردستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو گەلانی بندەست پیرۆز بێت. ئەمڕۆ ملیۆنان کەس بە هۆی زۆر شتەوە دەتوانن ئەم ڕۆژە پیرۆز بکەن. لەبەر ئەوە ئەم ڕۆژە تەنها پەیوەندی بە ڕۆژی لەدایکبوونی کەسێکەوە نییە بەڵکوو ڕۆژی لەدایکبوونی گەلێکە، ڕۆژی لەدایکبوونی ملیۆنان کەسە. بۆیە هۆکارەکان زۆرن بۆ بەرز ڕاگرتنی ئەم ڕۆژە. ڕێبەر ئاپۆ بۆ گەلی کورد واتە ڕزگاربوون لە مردن. گەل لەو ڕۆژەوە کە ڕێبەر ئاپۆیان لە ئیمرالی بەدیل گرت، ئەو پرسیارەی بۆ دروستبوو: ئایا دەکرێت ملیۆنان کەس لە ژوورێکدا گۆشەگیر بکەن؟ ئەمە ڕاستی رێبەرایەتی نیشان دەدات.

بێگومان هەمیشە لە نێوان ڕێبەر ئاپۆ و گەلی کورددا پەیوەندییەکی مەعنەوی قووڵ بوونی هەبووە. ئەم پەیوەندییە قەد نەبراوە و بەهێزتر ماوەتەوە و بەتایبەتی لە ٤ی نیساندا گەیشتووتە بەرزترین ئاستی خۆی. پێش دەرکەوتنی ڕێبەر ئاپۆ، کاتێک کە مرۆڤ سەیری کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دەکرد، جگە لە شەڕ، ململانێ، کوشتن و ئازار هیچی تری نەدەبینی. بەڵام بە سەرهەڵدانی ڕێبەر ئاپۆ دۆخەکە گۆڕانی بەسەردا هات. بۆیە گەلی کورد بە دڵ خاوەنداری لە ڕێبەر ئاپۆ دەکات. بۆیە ڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ وەک ڕۆژی لەدایک بوونی گەلی کورد دەبینرێت و هەروەها دەتوانین بڵێین ڕۆژی لەدایکبوونی هەموو گەلانی بندەست.

هەروەها ڕێبەر ئاپۆ پرسی کوردی پێناسە کرد و دەست نیشانیکرد کە گەلی کورد ڕووبەڕووی قڕکردنی کولتووری بووەتەوە. دەرکەوتنی ڕێبەر ئاپۆ بە مانای ڕاپەڕینە دژی قڕکردن. ڕێبەر ئاپۆ لە وتنێکیدا دەڵێت: "کاتێک دەنگی ئارام تیگرانم بیست، بە خۆمم گوت نابێت ئەم دەنگە ون بێت." ئەم وتەیە پێناسەیەکە بۆ کولتوور. هەروەها دەتوانرێت لە ڕێگەی مۆسیقاوە یان دەنگی گۆرانی بێژێکەوە، لە ڕێگەی زۆر شتی دیکەوە دەرببڕدرێت. بۆیە مانای ٤ی نیسان زۆر لایەنی هەیە و قووڵە. لەسەر ئەم بنەمایە ٤ی نیسان لە ڕێبەر ئاپۆ و هەموو هەڤاڵان، گەلی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پیرۆز دەکەم.

بە تایبەت دەبێ  ژنان و گەنجان خاوەنداری لە ٤ی نیسان بکەن

هەدار: هەروەها منیش بە گەرمی نەورۆزەوە، ٤ی نیسان لە گەلەکەمان، گەلانی بندەست و هەڤاڵان پیرۆز دەکەم. وەک چۆن نەورۆز بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازی لێکرا، ٤ی نیسانیش بە هەمان شێوە پێشوازی لێ بکرێت. وەک هەڤاڵ خەبات وتی ئێمە ئەم ڕۆژە تەنها وەک ڕۆژی لەدایک بوونی تەنها مرۆڤێک نابینین. لە ڕاستیدا لەدایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ لەدایکبوونی ئێمەی خوڵقاند. بە راپەڕینی ڕێبەرایەتیمان هەستمان بە بوونی خۆمان کرد. بۆیە ئەم یادە بەتایبەتی بە واتای لەدایکبوونی گەلی کورد و گەلانی بندەستە. لەبەر ئەوەی لە راستی ڕێبەرایەتیدا گەلانی چەوساوەی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نوێنەرایەتی کران. بۆیە دەتوانین بڵێین ٤ی نیسان ڕۆژی لەدایکبوونی هەموو مرۆڤایەتییە، ڕۆژی پیرۆز کردنە.

هەروەک چۆن ژنان بە ڕەنگ و جۆشی خۆیان پێشەنگایەتی جەژنی نەورۆزیان کرد، پێویستە بەهەمان شێوە ٤ی نیسان پیرۆز بکەن.

بۆچی ژنان پێویستە زیاتر گرنگی بە ٤ی نیسان بدەن؟ چونکە ڕێبەرایەتی هەمیشە بەرپرسیارێتی گەورە بە ژنان دەبەخشێت و ئەوانەی زۆرترین خاوەنداری لەم بانگەوازانە دەکەن، ژیان دەخوڵقێنن و لە هەموو بوارێکدا پێشەنگایەتی دەکەن ژنانن. بۆیە ئێمە لە دەستەبەرکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ زیاتر بەرپرسیارین. وەک ژن دەبێ زیاتر لە پێناو ڕێبەر ئاپۆ و ٤ی نیساندا تێکۆشانمان بەرز بکەینەوە. جارێکی تر ٤ی نیسان لە ژنان، هەموو گەلەکەمان و هەڤاڵانم پیرۆز دەکەم.

یڵماز: ئێمە ئەمساڵ بە خرۆشێکی بەرزەوە ٨ی ئادار و نەورۆزمان لە کوردستان و دەرەوەی وڵات پیرۆز کرد. هیوادارن هەروەک چۆن ٨ی ئادار و نەورۆز بە جۆش و حەماسەتەوە پیرۆزکران، ٤ی نیسانیش بە هەمان ڕۆحەوە پیرۆزبکرێت. بە تایبەتی ئەرکی گەنجانە، پێویستە هەموو گەنجان خاوەنداری لە بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ بکەن. ڕێبەر ئاپۆ فەلسەفەیەکی نوێیە و ژیانێکی ئازادە. ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: "بە گەنجیەوە دەستمان پێکرد، بە گەنجیەوە سەردەکەوین" پێویستە گەنجان بەو ڕۆحیەتەوە ئەرکی خۆیان بەجێبهێنن. بەو بۆنەوە جارێکی دیکە ٤ی نیسان لە ڕێبەر ئاپۆ، گەلەکەمان و هەڤاڵان پیرۆز دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.