بە بەشداری وتەبێژی گشتی پارتی چەپی سەوز، ئیبراهیم ئاکین، هاوسەرۆکی دەبەپە، ساڵیحە ئایدەنیز، هەروەها سەدان کەسی تر، نووسینگەکە کرایەوە. دایکان و ئایدەنیز و ئاکین، بە چەپڵە و هەڵپەڕکێ و هەلهەلەی ئامادەبووان قردێلەی کردنەوەیان بڕی، لەگەڵ گوتنەوەی درووشمی «بژی سەرۆک ئاپۆ».
وتەبێژی پارتی چەپی سەوز گوتی: «دەڵێن پارتەکەتان دادەخەین و ئێرە جێبهێڵن.
با ڕژێمی کۆشک ئێرە جێبهێڵێت. ئەمەیە گەل، ئەمەیە ئیرادەی گەل. هێزەکەتان بەس نییە بۆ داخستنی، پاش ١٤ ـی ئایار ژیانێکی نوێ دێتەکایەوە».
ئاکین ئاماژەی بەوە کرد، نە یەکێتیی کۆماری و نە یەکێتیی میللەت ڕێگەی ئەوان نییە، ئەوان ڕێگەی سێیەم هەڵدەبژێرن و وڵاتەکە لە کاولبوون دەپارێزن.
پاش ئاکین، هاوسەرۆکی دەبەپە ساڵیحە ئایدەنیز بە زمانی کوردی قسەی کرد.
لە وتارەکەی ئایدەنیز هاتووە:
«سڵاو کوردستانی بچوک، ئەمە تەنها دەسپێکە. دەڕۆین و ئەم حەماسەتە مەزنە زیاتر دەبینین. با دۆست و دوژمن ببینن، ئەوانەی دەڵێن گەلی کورد ئیرادەی نییە، دەبێتە بڕواننە ئەم گۆڕەپانە و ئەمە هێشتا سەرەتایە، گەلی کورد هەر بەپێوەیە و ڕوو لە پێشەوە دەکات.
«کۆتایی بەم دەسەڵاتە دەهێنین»
لە سات و مێژووییەکی تایبەتدا پێشوازی لەم هەڵبژاردنە دەکەین. بۆچی ئەم هەڵبژاردنە مێژووییە؟ سەدەی کۆمار ساڵی ٢٠٢٣ یە، هەروەها سەدەی پەیماننامەی لۆزان هەر ٢٠٢٣ یە. بەم پەیماننامەیە، ویستیان گەلی کورد دابەش بکەن و لە زمان و کەلتوور و جوگرافییەکەی دایبڕن. بەڵام گەلەکەمان لە هەموو شوێنێک، بە زمان و کەلتوور و هەبوون و دەسکەوتەکانی بەرگری لە خۆی کرد، ئێمە ئەمڕۆ لە مێرسین وەستاوین، مێرسین بۆتە کوردستانی بچوک.
سڵاو بۆ ئێوە، بۆچی ئەم هەڵبژاردنە گرنگە؟ ئەمە هەڵبژاردنە لەنێوان فاشیزم و دیموکراسی، هەندێک دەیانەوێت فاشیزم بەردەوام بێت.
بەڵام گەلەکەمان، ژنەکانمان، گەنجەکانمان خوازیاری دیموکراسیین، دەیانەوێت دیموکراسی بچەسپێین لەپێناو ئایندەیەکی ئازاد. هەڵبژاردن لەنێوان ئەم دوو هێزەیە، فاشیزم دەیەوێت گەلی کورد لە گۆشەگیری بهێڵێتەوە، لەڕێگەی سیاسەتی جەنگ و گۆشەگیرییەوە. بەڵام تێدەکۆشین دژی جەنگ و گۆشەگیری و قڕکردنی ژن و جەنگی قێزەون. لە ١٤ ـی ئایار کۆتایی بەم دەسەڵاتە دەهێنین.
«ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان سیمبولی چارەسەرە»
ئەمڕۆ، وەختێک تورکیا ڕووبەڕووی قەیرانە، هۆکاری یەکەم چارەسەرنەبوونی پرسی کوردە. بەبڕوای ئێمە، بۆ چارەسەری کێشەی کورد، دەبێت دەرگاکانی ئیمڕاڵی بکرێنەوە. لە هەموو جێگەیەک تێدەکۆشین تا کردنەوەی دەرگاکانی ئیمراڵی. دەزانین ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان سیمبولی دیموکراسی و ئازادی و چارەسەری پرسی کوردە. بۆیە دەڵێین، ئەمە هەڵبژاردنێکە لەنێوان ئازادی و فاشیزم. ئێمە بەرەو ئازادی دێین، بەرەو ئاشتییەکی پیرۆز. ئێمە لەپێناو ئازادی گەل و ئازادی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان هەنگاو دەنێین.
ئێمەی گەلی کورد خاوەنی مافیین، سەدەیەک تێدەکۆشین، دەسکەوتی مەزنمان هەبووە و باجی گەورەمان داوە، ئێمە زمان و کەلتوور و خاکی خۆمان دەخوازین. لەمڕۆوە خەباتی خۆمان فراوان دەکەین، هەڵبژاردن ئامرازێکی گرنگە بۆ ئەم خەباتە.
گەلی کورد و ژن و کۆمەڵگە، پێکەوە کۆشکەکەیان تێکدەدەین. لەڕێگەی درووشمی «ژن، ژیان، ئازادی» لە جیهاندا بووین بە سیمبول. لە کردنەوەی ئەم نووسینگەیەوە، ماڵ بە ماڵ، گەڕەک بە گەڕەک دەگەڕێین. ئەم هەڵبژاردنە ئازادی و ئاشتی دەهێنێت. یادگە و باوەڕی ئێمە پڕن. لەمڕۆوە، کاردەکەین بۆ ڕووخاندنی ئەم دەسەڵاتە. ئەرکی خۆمان بەجێ دەگەیەنین. ئێمە لە مێرسین دوو نوێنەرمان هەبووە، لەم هەڵبژاردنە ژمارەیان زیاتر دەکەین. ئێوە ئامادەن؟ لە هەموو جێگەیەک نوێنەرەکانمان دوو هێندە زیاد دەکەین.
لە هەموو جێگەیەکی تورکیا، دیموکراسی و یەکسانی دەچەسپێنین، لەڕێگەی تێگەیشتن و سیاسەتی خۆمانەوە. لە ١٤ ـی ئایار زیاتر لە ١٠٠ نوێنەری خۆمان دەنێرینە پەرلەمان، هیواخوازین ڕێگەکەمان کراوە بێت».