'ئه‌گه‌ر مافی هیوا نه‌بێت ئه‌وە‌ ده‌بێته‌ ئه‌شكه‌نجه‌'

پارێزه‌ر كامیل ته‌كین سورەك باس له‌وه‌ده‌كات 'مافی هیوا'، كه‌ ئەنجوومەنی ئەوروپا له‌ بڕیاری ئۆجالان-٢ دا باسی لێوه‌ده‌كات، ده‌بێت بۆ هه‌موو كه‌سێك په‌یڕه‌و بكرێت.

كۆمیته‌ی وه‌زیرانی ئەنجوومەنی ئه‌وروپا له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا بڕیارێكی به‌ ناوی 'ئۆجالان-٢' راگه‌یاند. دادگای مافه‌كانی مرۆڤی ئه‌وروپاش پێشتر رایگه‌یاندبوو،‌ گرتنی هه‌تاهه‌تایی قورسکراو  له‌ دژی قه‌ده‌غه‌كردنی ئه‌شكه‌نجەیە‌ و داوای له‌ توركیا كردبوو، ئه‌وه‌ی پێویسته‌ له‌و باره‌وه‌ بیكات، به‌ڵام 'یاسای تایبه‌ت' له‌ دژی عه‌بدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و ئه‌و گیراوانه‌ی دیكه‌ كه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌ون رۆژ له‌ دوای رۆژ توندتر ده‌كرێته‌وه‌.

پارێزه‌ر كامیل ته‌كین سوره‌ك بڕیاری 'ئۆجالان -٢ 'ی كۆمیته‌ی وه‌زیرانی ئەنجوومەنی ئه‌وروپا و بڕیاره‌ هاوشێوه‌كانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بۆ ئاژانسی هه‌واڵی فورات (ANF) هه‌ڵسه‌نگاند.

'پێویسته‌ هه‌موو كه‌س خاوه‌نی مافی هیوای بێت'

پارێزه‌ر سوره‌ك ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، لە یاسای سزادانی هاوچه‌رخ دا‌ سزای گرتووخانه‌ی هه‌تاهه‌تایی به‌ پێی مامه‌ڵه‌كردن لەگەڵ‌ توركیا هه‌ڵناسه‌نگێنرێت و وتی، "له‌ یاسا و مافی سزادانی هاوچه‌رخ و مۆدێڕندا له‌ زیندان هێشتنه‌وه‌ی هه‌تاهه‌تایی بوونی نییه‌. بەڵێ، بەڵام   ٣٦ ساڵ، یان سزای تاكۆتایی ته‌مه‌ن ده‌سه‌پێنرێت و ئه‌وه‌ش وه‌ك قۆناغێكی چاكسازی لێکدەدرێتەوە، کە دادگای مافه‌كانی مرۆڤی ئه‌وروپا ئه‌وه‌ی وه‌ك 'مافی هیوا' پێناسه‌ كردووه‌. واته‌ ئه‌وکەسانه‌ی له‌وێ ئەو سزایەیان به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه،‌ پێویسته‌ هیوای ئه‌وه‌یان هه‌بێت، كه‌ رۆژێك ئازاد ده‌كرێن. خۆی له‌ خۆیدا ئه‌گه‌ر هیوا نه‌بێت، ئه‌وه‌ ده‌گۆڕدرێت بۆ ئه‌شكه‌نجه‌. ئه‌و مرۆڤه‌ی، كه‌ هیوای نه‌مابێت، ژیان بۆی ده‌بێته‌ ئه‌شكه‌نجه‌. له‌ یاسای هاوچه‌رخ و مرۆییدا به‌ بێ سه‌رنجدان به‌ تاوانه‌كه‌، پێویسته‌ ئه‌وه‌ ره‌چاو بكرێت. وه‌ك به‌رگریكارانی مافه‌كانی مرۆڤ و پارێزه‌ران هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌ پرسی عه‌بدوڵا ئۆجالان ئێمه‌ داکۆکیمان له‌و بڕیاره‌ی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا کرد".

پارێزه‌ر كامیل ته‌كین سوره‌ك سه‌رنجی راكێشایه‌ سه‌ر ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌، کە ئێستا له‌ یاسای سزادانی توركیادا بە کردەوە ئەنجام دەدرێن،  هه‌روه‌ها پێشێلكارییه‌كانی مافه‌كانی مرۆڤی به‌بیرهێنایه‌وه‌ و رونیكرده‌وه،‌ كه‌ ئه‌وه‌ جۆرێك له‌ ئه‌شكه‌نجەیه‌: "رێگه‌ نادرێت ئه‌و كه‌سانه‌ی سزای زیندانی هه‌تاهه‌تاییان به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌، له‌گه‌ڵ سزادراوانی دیكه‌ چاوپێكه‌وتن بكەن، یان وه‌رزش بكه‌ن. به‌شدارییان له‌ چالاكی كۆمه‌ڵایه‌تییەکان لێ قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێت و واده‌كه‌ن كه‌ به‌ ته‌نیایی سزاكه‌ی تێپه‌ڕێنێت. له‌ پرسی چاوپێكه‌وتندا ئاسته‌نگیان بۆ دروست ده‌كات. ته‌نیا رێگه‌ به‌ چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ كه‌سوكاری پله‌ یه‌ك ده‌دات. هاوكاتیش چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ پارێزه‌رانیان قه‌ده‌غه‌ ده‌كات. بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت‌ چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ سزادراوی له‌و جۆره‌ ئه‌نجام بدرێت، پێویسته‌ دۆسیه‌یه‌كی نوێ و سکاڵایەکی نوێ بكرێته‌وه‌، یان له‌ دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا دۆسیه‌یه‌ك و سکاڵایەک بكاته‌وه‌، یاخود به‌ یاسای تایبه‌ت مۆڵه‌ت وه‌ربگیرێت. یا ئه‌وه‌تا ده‌ڵێن، 'سزای هه‌تاهه‌تایی به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌ و سزاكه‌ یه‌كلا بووه‌ته‌وه‌ و بۆ ئەوە‌ش پێویستیی بە چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ پارێزه‌ران نییه‌'، ئه‌مانه‌ هیچیان له‌ ناو یاسادا جێیان نابێته‌وه‌".

ژ.ت