ئەحمەد تورک: دەبێت لەم هەڵبژاردنە بە جیاوازییەکی زۆرەوە سەربکەوین

ئەحمەد تورک، کاندیدی هاوسەرۆکی شارەوانی شاری مێردین، سەردانی کاندیدی هاوسەرۆکی شارەوانی شڕناخی کرد. لەوێ وتی: "پێویستە لەم هەڵبژاردنە بە جیاوازییەکی زۆرەوە سەربکەوین".

ئەحمەد تورک، کاندیدی هاوسەرۆکی شارەوانی دەم پارتی شاری مێردین، سەردانی کاندیدی هاوسەرۆکی شارەوانی شرناخی دەم پارتی کرد،  لە لایەن کاندیدەکانی هاوسەرۆکی شارەوانی بێریڤان کوتلو و توران ساڵتان و نەورۆز ئویسال ئەسلان پەرلەمانتاری دەم پارتی و ئەندامانی جەماوەرێکی زۆر پێشوازی لێکرا.

تورک لە وتارەکەیدا وتی: "گەلی کورد بۆ ئازادی باجی قورسی داوە، هەرچەند گوشار و چەوساندنەوەکانی دەوڵەت زیاتر بێت، گەلەکەمان قەد تەسلیم نابێت لەبەر ئەم هۆکارە دەبێت بە جیاوازییەکی زۆر لەم هەڵبژاردنەدا سەرکەوتن بەدەست بهێنین."

ئەحمەد تورک، سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ و سیاسەتمەدارەکانی دیکەی بەبیر هێنایەوە کە لە زیندان بە دیل گیراون و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "هەزاران هاوڕێمان بەهۆی ناڕەزایەتیەکانیانەوە لە زینداندان. چونکە پارێزوانی گەلی کورد بوون، بەهۆی پاراستنی ئایندەی گەلەکەیانەوە دەستگیرکران، ئێمە ناسنامەی خۆمان لەم کوردستانەدایە، دەبێت بە دەستی خۆمان ناسنامەی خۆمان لەکوردستان پێناسە بکەین."

لە سەردانەکەدا تورک و جەماوەرێکە هاوڕاییان دەکرد، سەردانی کاسبکارانیان دەکرد و لە لایان کاسبکارانەوە پێشوازیان لێکرا.