ئەحمەد تورک: تێکۆشانی ئێمە بۆ ئازادی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانە

ئەحمەد تورک بەربژێر بۆ هاوسەرۆکایەتی شارەوانیی گەورەی مێردین لە دەم پارتی، ڕایگەیاند: "بەڕێز ئۆجالان بۆ ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەسێکی گەورە، مامۆستا و ناونیشانی چارەسەرییە. تێکۆشانی ئێمە بۆ ئازادیی بەڕێز ئۆجالانە".

ڕێپێوانی مەزنی ئازادی کە بە داخوازی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە دوو قۆڵەوە دەستیپێکردووە، لە ڕۆژی هەشتەمدا درێژە بە چالاکییەکانی دەدات.

باڵی شاری وانی ڕێپێوانەکە بە پێشەنگایەتی هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیمۆکراتیکەکان (دەبەپە) کەسکین بایندر هاوسەرۆکی فیدراسیۆنی کۆمەڵەکانی پشتیوانی یاسایی بنەماڵەی زیندانیان و سزادراوان مەد ئەمینە کایا، پەرلەمانتارانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان و زۆرێک لە نوێنەرانی ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان و هەروها خەڵکی مەدەنی، گەیشتنە ناوچەی نسێبینی مێردین.

هاووڵاتیان لە دەروازەی شارەوە بە گوڵ و دروشمی "بژی بەرخۆدانی زیندان" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" سڵاویان ئاراستەی ڕێپێوانانی ئازادی کرد و مەشخەڵیان داگیرساند.

'بەرخۆدانمان هەر ڕۆژ لە گەشەکردندایە'

بێریتان گونەش پەرلەمانتاری دەم پارتی مێردین لە پارکی ئاشتی، قسەی بۆ گەل کرد و وتی: "من سڵاوی وان، قەرس و سەرحەدم بۆ هێناون، نسێبین هەمیشە خۆڕاگریی کردووە، لەمەودواش خۆڕاگریی دەکات، ئێمە لە ١ی شوباتەوە ڕێپێوانمان دەست پێکردووە  ڕۆژ بە ڕۆژ جەماوەرمان و بەرخۆدانمان لە زیادبووندایە، نسێبین هەر وەک دوێنێ ئیرادەی خۆی نیشانداوە، ئەم ڕێپێوانە ئەمڕۆ دەستی پێنەکردووە، بەڵکوو سەد ساڵە بەردەوامە، ئێمە لە نسێبینەوە بۆ زیندانەکان و بۆ ئەوانەی بەرخۆدان دەکەن سڵاو دەنێرین، ئەم ڕێپێوانە تا ئازادی جەستەیی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوام دەبێت. ئەم ڕێپێوانە، ڕێپێوانی ئازادییە، ئێمە ڕێپێوان دەکەین بۆ ئەوەی دایکان نەگرین، دایکانی ڕۆبۆسکی داوای ئاشتی دەکەن. هەروەها دایکانی شەممە و دایکانی ئاشتی و هەموو ئەو دایکانەی لە پێناو ئاشتیدا تێدەکۆشن ئاشتیان دەوێت، کەس مافی ئەوەی نییە ڕێگری لەم تێکۆشانە بکات، ئەمڕۆ ڕۆژی ئێمەیە، ٢٥ ساڵە پیلانێک لە دژی بەڕێز ئۆجالان بەردەوامە گەلی کورد بۆ ئازادی بەڕێز ئۆجالان تێکۆشانی دەست پێکردووە، بەرخۆدانی گەلی کورد لە جیهاندا بڵاو بووەتەو سەردەکەوین".

ئەحمەد تورک تێکۆشانی ئێمە بۆ ئازادی بەڕێزعەبدوڵا ئۆجالانە

بەربژێر بۆ هاوسەرۆکایەتی شارەوانیی شاری مێردین ئەحمەد تورک لە دەم پارتی، دواتر قسەی کرد و وتی: "دەوڵەت درێژە بە سیاسەتی ستەم و توندوتیژی دژ بە گەلی کورد دەدات. ئێمە ئەمڕۆ لە نسێبین قەڵای بەرخۆدانین کە بۆ ئازادی هەمیشە باجێکی قورسیان داوە. زۆر سوپاس بۆ بەشداری و بەخێرهاتنتان. گەلی کورد ساڵانێکە بۆ ئاشتی و ئازادی تێدەکۆشێت. ئەمڕۆ گەلەکەمان دیسانەوە لە مەیداندایە بۆ دادپەروەری و یاسا و پرسی کورد لە تێکۆشاندایە. سیستەمی دەوڵەتی داگیرکەر نەک تەنها باکوری کوردستان، بەڵکو ڕۆژئاواش دەکاتە ئامانج. هەمووان دەزانن بەڕزێز ئۆجالان کەسایەتیەکی زانا و مامۆستایەکی بەتوانایە و موخاتەبی چارەسەری ئاشتییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. تێکۆشانی ئێمە بۆ ئازادی بەڕێز ئۆجالانە. هەروەها زیندانیان بۆ ئازادی بەڕێز ئۆجالان دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە. ئێمەیش لەگەڵیانین و پشتیوانیان لێدەکەین، تێکۆشانی ئێمە بۆ نرخی مرۆیی و پێکەو ژیانی گەلانە".

دواتر ڕۆژنامەنووس-نووسەر ڕێدور دیجلە بە ناوی دەستپێشخەری بۆ ئاشتی دەنگ هەڵبڕە، قسەی کرد و وتی: "بە پاڵپشتی ڕێپێوانەکە، بەردەوام دەبن لە تێکۆشان بۆ ئازادی بەڕێز ئۆجالان".