یەکێتیی داکۆکیکارانی دیموکراسی بانگەوازێکی لەسەر هەدەپە بۆ یەکێتیی ئەوروپا بڵاوکردەوە

یەکێتیی داکۆکیکارانی ئەوروپی بۆ دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ (ELDH) داوایکرد، لە دژی گوشارەکانی سەر هەدەپە، یەکێتیی ئەوروپا لە بریی بەرژەوەندییەکانی قورسایی بخاتە سەر داکۆکیکردن و پاراستنی دیموکراسی.

یەکێتیی داکۆکیکارانی ئەوروپی بۆ دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ (ELDH) لەبارەی پێشێلکاری و گوشارەکانی سەر هەدەپە راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دۆز بۆ داخستنی هەدەپە و هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانتاریی پەرلەمانتاری هەدەپە عومەر فاروق گەرگەرلی ئۆغڵو لە یەک رۆژدا بوو و لە رۆژی نەورۆزدا گەرگەرلی ئۆغڵو لە پەرلەمانی تورکیادا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا.

لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژ بەوەکراوە، ئەو رووداوە مەترسیدارانە هەموویان لە هەفتەى نەورۆزدا روویاندا. هێرشەکان بە شێوەیەى سیستماتیک و بەرنامە بۆ دانراو بۆ سەرکوتکردن و لە دژی هەبوون و بۆ لە ناوبردنی نوێنەرایەتیی سیاسیی گەلی کورد بەڕێوەدەچن.

"دۆزی داخستنی هەدەپە سیاسییە؛ ئۆپۆزسیۆن بە زیندانیکردن قوربانی دەدات"

لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بە ئاستێکی نوێی توندوتیژیی دەوڵەتی تورک کراوە و ئەنجامی چاودێریی چاودێرانی یەکێتیی داکۆکیکارانی ئەوروپی بۆ دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ (ELDH) لەسەر سکاڵاکانی دژ بە هەدەپە و هەدەپەییەکان بڵاوکراوەتەوە.

رایگەیاندووە، هەموو سکاڵا و دۆزەکانی دژ بە هەدەپەییەکان سیاسیین، بنەما بنەڕەتییەکانی دادگایکردنیش پێشێلکراون. ژمارەیەکی زۆر لە سیاسەتمەدارانی هەدەپە وەک فیگەن یوکسەکداغ و سەڵاحەدین دەمیرتاش، باجی ئۆپۆزسیۆن بوون بەرامبەر بە حکومەتی ئاکەپە – مەهەپە و زیندانیکردنیان بۆ چەندین ساڵ دەدەن.

لە راگەیاندراوەکەدا وتەکانی کۆمیسەری باڵای کاروباری دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا جۆزێب بۆریل و کۆمیسەری بەرفراوانکردنی یەکێتیی ئەوروپا ئۆلیڤەر ڤارهای بە بیرهێنراونەتەوە، کە وتبوویان، "داخستنی دووەمین گەورە حیزبی ئۆپۆزسیۆن، پەلاماردان و دەستبردنە بۆ مافی هەڵبژاردنی ملیۆنەها دەنگدەر لە تورکیا".

"تورکیا پەنابەران وەک ئامڕازێکی هەڕەشە و دانوستان بەکار دەهێنێت"

یەکێتیی داکۆکیکارانی ئەوروپی بۆ دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ (ELDH) ئەوەشی راگەیاندووە، کۆمسیۆن سەرنج دەخاتە سەر ئەو پێوەرانە، کە دەبێت وڵاتێکی پاڵێوراو بۆ یەکێتیی ئەوروپا و ئەندامی ئەنجوومەنی ئەوروپا لەو چوارچێوەیەدا بجوڵێتەوە.

راشیگەیاندووە، راگەیاندنی فەرمیی تورک کارتی ٤ ملیۆن پەنابەر بۆ گوشار زەق دەکاتەوە و "حکومەتی تورکیا زۆرجار پەنابەرانی وەک کەرەستەیەکی هەڕەشە و دانوستان بەکارهێناوە".

"دەبێت بە رووخۆشییەوە پێشوازی لە لەناوبردنی دیموکراسی نەکرێت"

لە راگەیاندراوەکەى یەکێتیی داکۆکیکارانی ئەوروپی بۆ دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ (ELDH) داوا لە یەکێتیی ئەوروپا و حکومەتانی وڵاتانی ئەوروپا کراوە، چیدی بە رووخۆشییەوە پێشوازی لە لەناوبردنی دیموکراسی و پێشێلکردنی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لەلایەن تورکیاوە نەکەن.

ئاماژە بەوەشکراوە، "دەبێت هێزە دیموکراسییەکان لە تورکیا نەبنە باج و قوربانیی بەرژەوەندیی ئابووری و سەربازیی یەکێتی ئەوروپا و ناتۆ، چونکە هیچ جێگایەک بۆ ئاجیندای جیاواز نییە".

ژ.ت