ئەڵمانیا هاوکارە سیخوڕییەکەی میتی نەگرت

عەزیز د. هاوکاری سیخوڕی میت عەلی دەمیر، کە ساڵی ڕابردوو بە چەکەوە لە دوسلدۆرف دەستگیرکرابوو، سەرباری ئەوەى لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرا، بەڵام سزای زیندانیی بۆ دەرنەکرا و زیندان نەکرا.

لە ئەیلولی ٢٠٢١دا سیخوڕی میت عەلی دەمیر لە هێرشێکی پۆلیس بۆ سەر هۆتێلێک لە دوسلدۆرف دەستگیرکرا. ئەوە ڕوون بوو، کە عەلی دەمیر لە ساڵی ٢٠١٨ەوە زانیاری لەسەر ئۆپۆزسیۆن و نەیارانی ڕژێمی ئاکەپە - مەهەپە لە ئەڵمانیا کۆدەکردەوە. لە ژوورەکەی دەمیر دا چەک و تەقەمەنییەکی زۆر هەبوو، کە کرێکارێکی هۆتێلەکە کاتێک پێی زانیوە، سکاڵای کردووە، یەکە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیان لە مۆبایلەکەی دەمیر کرد و ئەوەیان دەستنیشانیان کرد، کە پەیوەندیی بە میتەوە هەیە.

دەمیر لە ١٧ی ئاداری ٢٠٢٢دا لە دادگای باڵای دوسلدۆرف و لە دادگایکردنەکەیدا دانی بەوەدا نا، کە کاری بۆ دەزگای سیخوڕیی دەوڵەتی تورک (میت) کردووە و چاودێریی سیاسەتمەدارانی کورد و کەسانی نزیک لە گروپەکەى گولەن لە ئەڵمانیا کردووە و ئەو کارانەشی بەهۆی ئەوەوە کردووە، کە "ناسیۆنالیستێکی تورک"ە.

دادگاییەکە لە مانگی حوزەیران دا کۆتایی پێهات و عەلی دەمیر سوودی لە "یاسای پەشیمانی" وەرگرت و بە ساڵێک و ٩ مانگ زیندانی سزا درا. هەروەها لەبارەی هاوکارەکەى بە ناوی عەزیز د. زانیاری گرنگی دابوو.

نوسینگەی داواکاری گشتیی فیدراڵی لە کارلسروهی لە سەرەتای مانگی ئابەوە دەستی بە لێکۆڵینەوە لە عەزیز د. کرد، کە هاوڵاتییەکی ئەڵمانییە. بەرپرسان وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) لەو بارەیەوە نەدایەوە، بەڵام دەوترێت عەزیز د، گرنگترین هاوکاری سیخوڕ عەلی دەمیر بووە.

بەپێی لێکۆڵینەوەکەی دادگا عەزیز د، ئەو کەسەیە چەک و فیشەکە دەستبەسەردا گیراوەکانی بۆ عەلی دەمیر دابین کردووە. هەردوو ئەندامی میت، عەزیز د و عەلی دەمیر بۆ تاقیکردنەوەی چەکەکان چوون بۆ پۆلیگۆن و چەکەکانیان تاقیکردووەتەوە، بەڵام سەرەڕای چەندین بەڵگە عەزیز د. دەستگیر و زیندانی نەکرا و بە شێوەی کەسێکی زیندانی نەکراو دادگایی دەکرێت.

ئەڵمانیا یەکێکە لەو وڵاتانە، کە تۆڕی سیخوڕی تورکیا زۆر تیایدا بەهێزە. لە ئەڵمانیا میت لە ڕێگەی دەزگای دیانەتی دەوڵەتی تورک (دی تیب / DÎTÎB) و مزگەوتە تورکییەکان، کونسوڵخانەکان، بانکەکان و نووسینگەکانی گەشت و گوزار (توریسم) خۆی رێکخستووە و کاری سیخوڕی دەکات.

میت بێدەنگیی دەوڵەتی ئەڵمانیا بە دەرفەتێک بۆ خۆی بەکارهێنا. لە ساڵی ٢٠٢٠دا ٤ جار و لە ساڵی ٢٠٢١دا ٧ جار و لە ساڵی ٢٠٢٢دا لەبارەی کەسانی سیخوڕ و پەیوەندیدار بە میتەوە لێکۆڵینەوە ئەنجامدرا. مەزەندەدەکرێت ئەو کەسەی ئەمساڵ خراوەتە ژێر لێکۆڵینەوە عەزیز د-یە.

لێکۆڵینەوە لە سیخوڕییەکانی دەوڵەتى تورک لە ساڵی ٢٠١٧شدا ئەنجامدرا و لەو ساڵەدا لێکۆڵینەوە لە ١٩ مەلا و پێشنوێژی سیخوڕی دەزگای دیانەتی تورک کرا، لە ئەنجامی سەودا و مامەڵەی نێوان حکومەتی ئەوکاتی مێرکل و ڕژێمی ئەردۆغان ئەو دۆسیەیە داخرا. لە دۆزی پەیوەندیدار بە میت و سیخوڕەکانییەوە تەنها سزای زیندانیکردن بەسەر عەلی دەمیر دا سەپێنراوە.

ژ.ت