سەرۆکی ئەمەپە: دەبێت دادگای دەستووری بڕیاری داخستنی هەدەپە رەتبکاتەوە

ئەرجومەند ئاکدەنیز سەرۆکی گشتیی حیزبی کرێکار (ئەمەپە / EMEP) لەبارەی سکاڵای داخستنی هەدەپە وتی، بلۆکی دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە ترسێکی زۆریان بە سەر یاسا و دادگاوە دروستکردوە.

ئەرجومەند ئاکدەنیز سەرۆکی گشتیی حیزبی کرێکار (ئەمەپە / EMEP) لەبارەی تۆمارکردنی سکاڵا بۆ داخستنی هەدەپە وتی، داخستنی هەدەپە بەهۆی سەپاندنی ترسی بلۆکی دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپەیە بەسەر دادگا و دەزگای دادەوەریدا و وتی، "دەیانەوێت لە رێگەی هەدەپەوە ئۆپۆزسیۆنی کۆمەڵگە بخەنە ژێر گوشار. بۆ ئەوەى هەدەپە دانەخرێت، تێکۆشان لە رۆژهەڵات و رۆژئاوا ئەرکی هەموانە".

ئاکدەنیز لە بەردەوامیی وتەکانیدا ئەوەشی وت، "کاریگەری و گوشاری سیاسیی لەسەر دادگاکان هەیە. ئەوە تەنها بڕیاریک نییە لە دژی هەدەپە، بەڵکو دەیانەوێت لە رێگەى هەدەپە ئۆپۆزسیۆنی کۆمەڵگە چاوترسێن بکەن و گوشاریان لەسەر دروست بکەن. داوای سەرەکیمان ئەوەیە، کە دادگای باڵای دەستووری بڕیارەکە رەتبکاتەوە. ئەگەر نا ئەوە دەبێت بە بڕیارێک لە دژی هەموو حقوق و مافەکان".

ئاکدەنیز ئەوەشی راگەیاند، ئەوان پشتیوانی هەدەپەن و دۆزی داخستنی هەدەپە کێشەى هەموو گەل، دیموکراسی و ئازادییە. هەروەها  بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنمان بۆ هەدەپە و تێدەکۆشین بڕیاری داخستنی هەدەپە بە ئەنجام نەگات.

ژ.ت