دەقی ئەنجامەکەى کەنەکە
ئەنجامنامەی کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان
دەستەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، رۆژی یەکشەمە 11.04.2021، بە شێوازی ئۆنلاین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی کرد. سەرەتا رووداو پێشهاتە نوێیەکان و دۆخی سیاسی کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بە فراوانی تاووتوێ کران. دوای ئەوە بەرپرسی کۆمسیۆن کۆمیتەکان ئەنجامی کارو چالاکیی وەرزی رابردوویان پێشکەش کرد. کارەکان هەڵسەنگێندران. کۆبوونەوەکە لە تەوەرێکی تردا بە تایبەت لەسەر بارودۆخی رێکخستنیی ك ن ك هەڵوەستەی کرد، دۆخی کۆمسیۆن و کۆمیتە و ئۆرگانەکانی ك ن ك نرخێندران. خاڵێکی گرنگی رۆژەڤی کۆبوونەوە، ئەوە بوو کە ئەمساڵ ساڵی هەڵبژارندنی ئەندامان و نوێکردنەوەی ئۆرگانەکانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانە. کۆبوونەوە لەسەر ئەم تەوەرە وتوێژی کرد و هەنگاوی هەڵێنا. بڕیار درا دۆخی پەتای کۆرۆنا لەبەرچاو بگیرێت و بەو پێیە کارەکان بەڕێوە بچن. لە دوا تەوەردا پلان بۆ کارو خەباتی وەرزی داهاتوو داڕێژران.
کوردستان، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان روو بە گۆڕانکارین. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستا شەڕ و قەیران و ئاڵۆزییەکی زۆر هەیە. کوردستانیش وەک زۆرێک وڵاتانی دی، لە ناو ئەو شەڕ و قەیران و ئاڵۆزیانەدایە. تا رادەیەک مرۆڤ ئەتوانێ بڵێت کە قەیران و شەڕ و کێشەکانی کوردستان، لە هی زۆر وڵات زیاتر و قووڵترن. ئەم دۆخە لە لایەکەوە مەترسی و لە لایەکی تریشەوە دەرفەتێکە. لەبەرئەوە پێویستە کوردان بە هەستیاری و وردبینیی هەنگاو بنێن.
لە باکوری کوردستان شەڕ و تێکۆشانی مان و نەمان بەردەوامە. دەولەتی تورکیا بە هەموو توانایەوە لە هێرشدایە بۆ سەر کوردستان و دەستکەوتەکانی کوردان. لە ئێستادا هێرشی گەورە لەسەر سیاسەت و سیاسەتمەدارانە. لە هەوڵی ئەوەدان پارتی هەدەپە دابخەن و کوردان لە مەیدانی سیاسەت دووربخەنەوە. تورکیا نەوەک هەر لە باکور، لە باشوور و رۆژاوای کوردستانیش لە هێرشکردنی بەردەوامدایە. لە ئەمڕۆدا دەوڵەتی تورکیا دوژمنی سەرەکیی خەڵکی کوردستانە. سەرباری هێرش و پەلامارەکانی خۆی، بووە بە چاوساغی داگیرکەرانی دیکەی کوردستان و پێشرەوییان ئەکات و لە دژی کوردان رێکیان ئەخات. لە بەرامبەر ئەم دوژمناکارییەشدا بەرخۆدانی گەلی کوردستان و خەباتکارانی شۆڕش، لە هەموو شوێنێك و بە هەموو شێوازێک بەردەوامە. تێکشکاندنی هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر گارێ، هەڵمەتێکی مەزنی شۆڕشی کوردستان بوو. بەشداریکردنی ملیۆنان کەس لە پیرۆزکردنی نەورۆدا لەم دۆخی کۆرۆنایەدا دووەم سەرکەوتنی گەورە بوو. ئەمانەش واتای ئەوە ئەدەن کە تەنیا یەک رێگامان لە پێشە، ئەویش بەهێزکردنی بەرگریکاران و بە هێزکردنی بەرخۆدانە.
لە رۆژهەڵاتی کوردستان پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، لە سیدارەدانی گیراوانی سیاسی، گوشار و هێرشی جۆراوجۆری رژێمی ئێران لەسەر گەلی رۆژهەڵات بەردەوامن. دەوڵەتی ئێران بەشێکی زۆری سوپای خۆی لە شارەکانی کوردستان جێگیرکردووە. جار جاریش هێرشی سەربازی ئەکاتە سەر هێزە کوردییەکانی ئەو بەشەی کوردستان. تێرۆرکردنی خەباتکارو کەسایەتی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدەرەوەی سنووری ئێرانیش یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی رژێمە. بەهۆی سیاسەتی ئابووریی رژێمەوە کە خوازیاری ئەوەیە خەڵکی کوردستان بە هەژاری بمێننەوە، خەڵڵک لە بێکاری و دۆخی ئابووری سەختدا ژیان بەسەرئەبەن. ئەو بارودۆخەش رۆژ بەرۆژ خراپتر ئەبێت. ئەم رەوشەش خەڵکی برسی و ناچاری کاری کولەمەرگی کۆڵبەری و کۆچبەریی کردووە. هێزەکانی رژێمیش رۆژانە بە بیانووی پاراستنی سنوورەکانەوە پەلاماری خەڵکی سەر سنوورەکان ئەدەن. تا ئێستا بە دەیان کەسی سڤیل وکۆڵبەر کوژراون. کە لە راستیدا تاوانەکەیان تەنیا کوردبوونە.
لە کۆبوونەوەدا بە بەرفراوانی باسی بارودۆخی رۆژهەڵاتی کوردستان کرا. پەیوەندی روسیاو چینیش لەگەڵ ئێران نرخێندران. هەروەها هەڵسەنگاندن بۆ کۆنفرانسی راوێژی تایبەت بە رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە مانگی شوباتدا بەڕێوەچوو، کرا. بە کۆنفراسنێکی باش و سەرکەوتوو ئەژمارکرا. لە ئەنجامی کۆنفرانسەکەشدا کۆمیتەیەک بۆ بەدواداچوونی بڕیار و راسپاردەکانی کۆنفرانس پێکهێنرا.
لە رۆژاوای کوردستان بارودۆخ هەستیارە. هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و هاوکارەکانی درێژەیان هەیە. تورکیا لە فرسەت و بیانوو ئەگەڕێت تا هێرش و پەلامارەکانی فراوانتر بکات و دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لەناوبەرێت. لە لایەکی ترەوە رژێمی سوریاش ئامادەی دانوستان نییەو بەردەوام هەڕەشە لە سیستەمی خۆسەریی باکورو رۆژهەڵاتی سوریا ئەکات. ئەگەرچی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی بەڕێوەبەرێتی خۆسەر لە ساڵی پار باشترە، بەڵام تا ئێستاش ئەو بەڕیوەبەرێتییە لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکان و دەزگا نێودەوڵەتی و دەولەتانەوە بە فەرمی نەناسراوە. پێویستە خۆبەڕێوەبەرێتی خۆسەر بەهێزتربکرێت، لە ئاستی دیپلۆماسیشدا هەوڵی زیاتر بۆ بە فەرمی ناساندنی پێگەی خۆسەر لەئاستی نێونەتەوەییدا بدرێت. ئەم ئەرکەش لە پلانسازیی کۆبوونەوەدا بوو بە ئەرکێکی گرنگی کاروخەباتی داهاتوو.
لە باشووری کوردستان بە داخەوە کێشەو قەیرانەکان هەر بەردەوامن. بە تایبەتی ئەو کێشانەی دوای ریفراندۆم دەرکەوتن، وەک ناوچەدابڕاوەکان کە کەوتنە بەر پەلاماری هێزە عێراقییەکان و داگیرکرانەوە.ئەمەش قەیرانەکانی هەرێمی باشووری کوردستانی قووڵتر کردەوە. ئاشکرایە دەمێکە باشوور بەدەست قەیرانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و دیپلۆماسی و کۆمەڵیک بواری تریشەوە ئەناڵێنێ. پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، پرسی بودجەو نەوت بە تەواوەتی چارەسەر نەبوون. هەرچەند لەم رۆژانەی دواییدا هەنگاوی پۆزەتیڤ لەوبارەیەوە نران، بەڵام وەک پێویست چارەسەرێکی ریشەیی بۆ کێشەکان نەکراوە. لە ناوچەدابڕاوەکان (ناوچەکانی مادەی 140)، هەر لە کەرکوک و گەرمیان و زۆر شوێنی ترەوە بگرە، دۆخی گەلی ئێمە زۆر خراپە.هێرش کرایە سەر خەڵک، موڵک وماڵیان داگیر کرا، خەڵک ئاوارە بوون. ئەمەش بۆتە هۆی گۆڕانی دیمۆگرافیایی ئەو ناوچانە. کێشە تەنیا لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عێراقیش نییە، بەڵکو هێرش و دەستتێوەردانەکان تورکیاو ئێرانیش لە باشووری کوردستان، ئەوەندەی دی بارودۆخەکەیان ئاڵۆزتر کردووە و زیانێکی زۆریان بە خەڵک گەیاندووە.
کێشەی شەنگاڵیش تا دێ قووڵتر ئەبێت. لەسەر پرسی شەنگاڵ پەیمانێک لە نێوان دەسەڵاتداریی هەرێم و حکومەتی بەغدا ئیمزاکرا. بەڵام خەڵکی شەنگاڵ ئەو پەیماننامەیە قبووڵ ناکەن و لەدژی هەڵوێست ئەگرن. لەو پەیەیماننامەیدا پرس بە خەڵکی شەنگاڵ نەکراو ئیرادەیان پشتگوێ خرا. شەنگاڵ بە پێکهاتەکەیەوە ناوچەیەکی خاوەن تایبەتمەندییەکی جیاوازە. زۆربەی دانیشتووانەکەی کوردی ئێزدین و شەنگاڵیش پارچەیەکە لە خاکی کوردستان. هەر لەبەر ئەو تایبەتمەندییەشە سەدان ساڵە بۆتە ئامانجی نەیاران. هەرەدواییش هێرشی داعش بوو بۆ سەر ئەو ناوچەیە، کە برینی قووڵی کردە جەستەی شەنگاڵییەکان. پێویستە دۆخی شەنگاڵ و خەڵکی شەنگاڵ و کێشەی شەنگاڵ بە شێوازێکی تایبەت چارەسەربکرێن. پێویستە ویست و خواستی خەڵکی شەنگاڵ لەبەرچاوبگیرێت. لە کۆبوونەوەدا بڕیار درا لەماوەکی نزیکدا کۆنفرانسێکی تایبەت بە بارودۆخی شەنگاڵ بەڕێوەبچێت.
لە باشووری کوردستان گوشارێکی زۆر لەسەر رۆژنامەوان و چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی و مافی مرۆڤ و خەڵکانی ئۆپۆزیسیۆن هەیە. هەندێک لەوانە زیندانی کراون ورووبەڕووی ئەشکەنجە بوونەوە. چارەنووسی هەندێکیشیان نادیارەو هیچ زانیارییەک لەبارەیانەوە نییە. هەندێک لە زیندانییەکانی ماوەیەکە مانیان لەخواردن گرتووە. ئەو دۆخەیە بەهیچ شێوەیەک مایەی قبووڵکردن نییە. لەو بارەیەوە ئێمە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەکەین لە زووترین کاتدا ئەو کەسانە ئازاد بکات.
بارودۆخی کوردانی فەیلی تەوەرێکی تری کۆبوونەوەی کۆنسەی ک ن ک بوو. 41 ساڵ پێش ئێستا رژێمی بەعس هێرشی کۆمەڵکوژیی کردە سەر کوردانی فەیلی، ماڵ و مڵکیان تاڵان کرا، ژمارەیەکی زۆریان کۆمەڵکوژ کران و ئەوانەی مایەوە دەربەدەر کران. ئەم تاوانە برینێکی قووڵی کردە جەستەی گەلی کوردستانەوە بە گشتی و کوردانی فەیلی بە تایبەتی. نەکو هەر برینەکان ساڕێژ نەکراون، بەڵكو کێشەی کوردانی فەیلی تا ئێستاش هەر بێ چارەسەریی گونجاو بەردەوامە. لە کۆبوونەوەدا بڕیار درا لە ماوەی داهاتوودا کۆنفرانسێکی تایبەت بە بارودۆخی کوردانی فەیلی بەڕێوەبچێت.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان هەر دوو ساڵ جارێک لە کۆبوونەوەی گشتیی خۆیدا ئەندامانی هەڵئەبژێرێت و ئۆرگانەکانی نوێ ئەکاتەوە. ئەمساڵ ساڵی هەڵبژاردن و نوێکردنەوەیە. ئەم بابەتە تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەی کۆنسەی بەڕێوەبەری ك ن ك بوو. بە درێژی وتووێژی لەسەر کرا. ئایا لە دۆخی پەتای کۆرۆنادا چۆن پلانسازیی بۆ جڤاتی گشتیی بکرێت و چۆن بگاتە ئەنجام. دەرفەتی ئەوە ئەبێت راستەوخۆ و رووبەڕوو بکرێت یا نا. ئەم پرسیارانە تاووتوێ کران. سەرەڕای ئەم دۆخەش هەنگاوی نوێکردنەوە بڕیار دراو دەستپێکرا. لە ماوەی داهاتوودا پەیوەندی بە پارت و رێکخراوو کەسایەتییەکان ئەکرێت و راوبۆچوونی هەمووان لەسەر ئەو پرسە وەردەگیرێت. دوای ئەوە بە پێی هەڵسەنگاندنەکان بڕیاری چۆنێتی بەڕیوەچوونی جڤاتی گشتی ئەدرێت.
لە کۆتایی کۆبوونەوەدا پلانی بەرفراوان بۆ کارو خەباتی وەرزی داهاتوو داڕیژران.
ژ.ت