ئەنجوومەنی ئەوروپی: پێویستە یوکسەکداغ و دەمیرتاش ئازاد بکرێن

کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەوروپی داوای کرد زیندانیانی سیاسی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ ئازاد بکرێن.

دادگای ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ (DMME) بڕیاری "پێشێلکردن"ـی دەرکرد سەبارەت بە دادگایکردنی هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپە فیگەن یوکسەکداغ و سەڵاحەدین دەمیرتاش کە ئێستا لە زیندانن، سەرەڕای بڕیارەکەی دادگای ئەوروپی بۆ مافی مرۆڤ، کەچی دادگای باڵای دەستووری هیچ بڕیارێکی نەداوە سەبارەت بە یوکسەکداغ و دەمیرتاش، بۆیە کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەوروپی ناڕەزایەتی دەربڕی سەبارەت بە دەرنەکردنی ئەم بڕیارە، داوای کرد یوکسەکداغ و دەمیرتاش ئازاد بکرێن.

پارێزەرەکەی دەمیرتاش، مەهسونی کارامان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر سەبارەت بە بڕیاری کۆمیتەکە بۆچوونی دەربڕی، ئاماژەی بەوە کرد ئەگەر لە دانیشتنی داهاتوو یوکسەکداغ و دەمیرتاش ئازاد نەکرێن، ئەوکات کۆمیتەکەی هەنگاوی جدیتر دەگرێتەبەر.