ئۆپەراسیۆنی پاکتاوکردنی سیاسی؛ چەندین کەس دەستگیرکران - نوێکرایەوە
ئۆپەراسیۆنی پاکتاوکردنی سیاسی بۆ سەر بینای توای-دەر و چەندین ماڵ ئەنجامدرا. لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەدا چەندین کەس دەستگیرکران.
ئۆپەراسیۆنی پاکتاوکردنی سیاسی بۆ سەر بینای توای-دەر و چەندین ماڵ ئەنجامدرا. لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەدا چەندین کەس دەستگیرکران.
ئەم بەیانییە سەربازان و پۆلیس هەڵیانکوتایە سەر چەندین ماڵی هاووڵاتییانی ناوچەکانی نسێبین و قۆسەر لە پارێزگای مێردین. لە ئەنجامی ئەو هەڵکوتانەدا لە گوندی مەندەرە لە نسێبین، شیار کۆچ هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپەی نسێبین، کوێخای گوندەکە بە ناوی فارس ئالاک و هاوڵاتییەک بە ناوی فرات دەمیر دەستگیرکران.
هەر لەو هەڵکوتانەدا لە قۆسەر، مەحمود دامار هاوسەرۆکی دەبەپەی قۆسەر و هاوڵاتیان مەتین یڵماز و سامی ئیلدەم دەستگیرکران.
بەپێی سەرچاوەکان ژمارەی دەستگیرکراوەکان زیاترن و ئاماژە بەوە دەکرێت، بە تۆمەتی "هاوکاریکردنی ڕێکخستن" دەستکراوە بە لێکۆڵینەوە لە دەستگیرکراوەکان.
پۆلیس لە ٥ شاردا هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵان
هاوکات لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەک، کە لەلایەن داواکاری گشتیی مێرسینەوە ئەنجام دەدرێت، پۆلیس لە شارەکانی مێرسین، ئەنقەرە، ئەنتالیا، ئەدەنە و ئیزمیر لە یەک کاتدا هەڵیکوتایە سەر ٢٨ ماڵ و شوێن. لەو هەڵکوتانانەدا بەڕێوەبەرانی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە)، توای-دەر لە چوکورۆڤا و کەسوکاری زیندانییان دەستگیرکران. ئاماژەی بەوەدەکرێت، ئەو هەڵکوتانانە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە بۆ ڕێکخستن" و "هاوکاریکردنی دارایی زیندانییان" بەڕێوەدەچێت و هێشتا پشکینین و لێکۆڵینەوە لە بینای توای دەر لە چوکورۆڤا بەردەوامە.
ئۆزکان یاڵچن برای ڕۆژنامەنووس هاکان یاڵچن-یش دەستگیرکراوە، هاکانی ڕۆژنامەنووس لە ١٦ی ئایاردا ئازاد کرابوو. ئۆزکان لە ئەنقەرە دەستگیرکرا و لەلایەن پۆلیسەوە توندوتیژی و ئەشکەنجەی بەرامبەر ئەنجامدرا. بنەماڵەی پاڵچن لە دژی دڕندەیی و توندوتیژیی و ئەشکەنجەی پۆلیس سکاڵایان تۆمار کرد.
هەندێک لە دەستگیرکراوەکان بریتین لە: سەلیم ئەکیجی بەڕێوەبەری توای دەر لە چۆکۆرۆڤا، جەنگیز دەرەی دەبەپەیی، قەدری ئەزەر و ئۆزکان پاڵچن.
پەیامنێرێکی ئاژانسی میزۆپۆتامیاش دەستگیرکرا
دەلال ئاکیوز پەیامنێری ئاژانسی میزۆپۆتامیا (MA) لە هەڵکوتانە سەر ماڵاندا لە ئیزمیر دەستگیرکرا. ئاکیوزیش لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەی داواکاری گشتیی کۆماری لە مێرسین دەستگیرکراوە. ئاکیوز ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئیزمیر لە چانکایا کراوە.
ژ.ت