ئۆپەراسیۆنی پاکتاوکردنی سیاسی؛ پەیامنێرانی ئاژانسی میزۆپۆتامیا و ژن نیوز دەستگیرکران

لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی داواکاری گشتیی دەوڵەتی تورک لە ئەنقەرەوە، هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی تورک ئۆپەراسیۆنی پاکتاوکردنی سیاسییان ئەنجامدا و لەو ئۆپەراسیۆنەیاندا پەیامنێرانی ئاژانسی میزۆپۆتامیا و ژن نیوز دەستگیرکران.

لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکدا، کە لەلایەن داواکاری گشتیی دەوڵەتی تورک لە ئەنقەرەوە بڕیاری بۆ دەرکرابوو، هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی تورک هەڵیانکوتایە سەر ماڵان و پەیامنێرانی ئاژانسی میزۆپۆتامیا و ژن نیوز-یان دەستگیرکرد.

سەلمان گوزەل یوز پەیامنێرانی ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا (MA) لە ئامەد و هاکان یاڵچن شاری وان دەستگیرکران. پۆلیس لەو هەڵکوتانەدا دەستی بەسەر گۆڤارەکانی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک و ژنۆلۆژی و سەدان کتێبدا گرت.

لە ئامەدیش پۆلیس هەڵیکوتایە سەر ماڵی حەبیبە ئەرەن پەیامنێری ژن نیوز. دوای پشکنین و گەڕانی ماڵەکە، پەیامنێرانی ئاژانسی ژن نیوز حەبیبە ئەرەن و دەریا رەن دەستگیرکران.

هەروەها لە چوارچێوەی ئەو ئۆپەراسیۆنە پاکتاوکارییەدا ئۆزنور دەگەر پەیامنێری ژن نیوز لە مێردین دەستگیرکرا.

ژ.ت