ئێشکگری دادپەروەری ١١٤ ڕۆژە بەردەوامە

ئێشکگری دادپەروەری بە داخوازی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەر پرسی کورد، لە چەند شارێک بەردەوامە.

خزمی زیندانیان و دایکانی ئاشتی بە داخوازی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" ئێشکگری دادپەروەریان دەست پێ کرد، چالاکییەکە لە شارەکانی ئامەد و وان و مێردین و ئەزمیر بەردەوامە. لە چالاکییەکاندا درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بێ سەرۆک ژیان نابێ" و "بژی بەرخۆدانی زیندان" و "ژن، ژیان، ئازادی" بەرزکرایەوە، دایکان یەلەکیان پۆشی و لەسەر نوسرابوو "گۆشەگیری تاوانێکی دژی مرۆڤایەتییە".

لە چالاکییەکەی مێردین دایکی ئاشتی عەتیە یەڵماز ڕایگەیاند ئەوان ئاشتی و ئازادیان دەوێت، ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی سیاسی دەخوازن و گوتی: "ئەردۆگان، ئیتر بەسە زوڵم"، پاشان گوتی: "ئێمە بۆ کردنەوەی ڕێگەیەک ئێشکگری دادپەروەری ئەنجام دەدەین. تا دەگەینە ئەنجامێک، درێژە بە چالاکییەکەمان دەدەین". 

لە چالاکییەکەی ئەزمیر، دایکی ئاشتی پەریهان کۆرتاک ڕایگەیاند لە مانگی ڕەمەزاندا داوا لە وەزارەتی داد دەکەین زیندانییەکان ئازاد بکات، تیشکی خستەسەر نەبوونی زانیاری دەربارەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گوتی: "ئەوە سێ ساڵە ڕێبەرێتیمان ناتوا‌نێت لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرانی کۆببێتەوە. با دەسەڵات باش بزانێت، هەرچی بکات، ناتوانێت ڕێبەری گەلی کورد و زیندانیان تەنها بکات. چارەسەری پرسی کورد بە هەڵگرتنی گۆشەگیری دەبێت و پێویستە ڕێگەی چارەسەر بدۆزرێتەوە. گۆشەگیری قبووڵ ناکەین و دەمانەوێت پرسی کورد چارەسەر بکرێت".

لە چالاکییەکەی مێرسین، دایکی ئاشتی نافیە شڤان ڕایگەیاند دەیانەوێت گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەڵبگیرێت و بەشێوەی جەستەیی ئازاد ببێت، داوای زیندانیانی مانگرتوو لە خواردن جێبەجێ بکرێت.