ئێشکگری دادپەروەری: بۆ ناردنەوەی قەیومەکان بچنە سەر سندووقەکان!

خزمی زیندانیان لە ئێشکگری دادپەروەری بانگەوازیان لە هەمووان کرد سبەی لەپێناو دەم پارتی و ناردنەوەی قەیومەکان بچنە سەر سندووقەکان.

خزمی زیندانیان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی پرسی کورد درێژە بە ئێشکگری دادپەروەری دەدەن. چالاکییەکە لە شارەکانی ئامەد و مێردین و ئێلح بەردەوامە. لە چالاکییەکاندا درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بێ سەرۆک ژیان نابێ" و "بژی بەرخۆدانی زیندان" و "ژن، ژیان، ئازادی" بەرزکرایەوە، دایکان یەلەکیان پۆشی و لەسەر نوسرابوو "گۆشەگیری تاوانێکی دژی مرۆڤایەتییە".

لە چالاکییەکەی مێردین دایکێک بە ناوی حەسیبە مەنگرکۆن تیشکی خستەسەر چالاکی مانگرتن لە خواردنی زیندانیان و ئێشکگری دادپەروەری و گوتی: "تاکە ئامانجمان ئازادی سەرۆکمانە، ڕێگەی دیالۆگ بکەنەوە، گۆشەگیری لە زیندانەکان هەڵبگرن".

حەسیبە سەرنجی خستەسەر هەڵبژاردنەکان و گوتی: "هەر دەنگێک بۆ دەم پارتی، دانانی گوڵێکە لەسەر ئاشتی، ٨ ساڵە شارەوانییەکانمان لەلایەن قەیومەکانەوە دەستبەسەرکراون. ئێمە پێداگرین، قەیومەکان دەنێرینەوە. بانگەواز لە هەمووان دەکەم بچنە سەر سندووقەکان و ئیرادەی سیاسیی خۆیان پیشان بدەن".

لە چالاکییەکەی ئامەد، ژنە زیندانییەکانی نێو زیندانی سینجان نامەیان بۆ دایکانی ئێشکگر نارد و یەکگرتووی و پشتیوانی خۆیان دووپاتکردەوە.

هاوکات لە چالاکییەکەی ئێلح، چالاکوانێک بە ناوی هەردەم کۆچەر گوتی: "بانگەواز لە گەلی شکۆداری ئەم خاکەمان دەکەم، دەست بدەنە دەستی یەک و سبەی بچنە سەر سندووقەکان. با هەموو قەیومەکانی نێو کوردستان بنێرینەوە ئەنقەرە".