ئێشکگری دادپەروەری: بەشداری لە ڕێپێوانی ئازادی دەکەین

خزمی زیندانیان کە بەردەوامن لە چالاکییەکانیان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، بانگەوازیان کرد بۆ بەشداربوون لە "ڕێپێوانی مەزنی ئازادی" کە سبەی لە قەرس دەست پێ دەکات.

چالاکی ئێشکگری دادپەروەری خزمی زیندانیان و ڕێکخراوە جڤاکییەکان بە مەبەستی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی پرسی کورد لە چەندین شار بەردەوامە.

ئەدەنە

چالاکییەکەی ئەدەنە ٥٩ ڕۆژە بەردەوامە.

لە چالاکییەکەدا چالاکی هونەری ئەنجامدرا و درووشمی "بێ سەرۆک ژیان نابێ"  و "بژی بەرخۆدانی زیندان" بەرزکرانەوە. چالاکوانان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بانگەوازی تێکۆشانیان لە هەمووان کرد.

وان

چالاکییەکەی وان ٥٨ ڕۆژە بەردەوامە.

ئەندامی لیژنەی بەڕێوەبەری کۆمەڵەی ئارسیسای، فەیسەڵ یاجان ئاماژەی بەوە کرد زیندانیان چەندین ساڵە بەرخۆدان دەکەن و ئێمەش هەردەم بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان تێدەکۆشین. بە تێکۆشان دەگەیەنە ئامانج.

سیاسەتمەدار یاقوب ئاتاش ئاماژەی بەوە کرد بۆ کۆتایی هێنان بە گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پێویستە گەلی کورد ڕاپەڕێت.

ئەزمیر

چالاکییەکەی ئەزمیر ١٥ ڕۆژە بەردەوامە.

لە هۆڵەکەدا پانکارتی "بەرخۆدان دژی گۆشەگیری" و "لەپێناو دادپەروەری گۆشەگیری بشکێنن" و "بۆ ئاشتی جڤاکی با ببینە دەنگی زیندانەکان" هەڵواسران، درووشمی "بژی بەرخۆدانی زیندانەکان" بەرزکرایەوە.

ئامەد

چالاکییەکەی ئامەد ٥٨ ڕۆژە بەردەوامە.

خزمی زیندانیان لە چالاکییەکەدا ئەو نامانەیان خوێندەوە کە لە زیندانەکانی ئامەدەوە وەک پشتگیری هاتبوون. لە چالاکییەکەدا ڕەشاد ئادا گوتی: "ئێمە بەرخۆدانی شکۆمەندی زیندانیان پیرۆز دەکەین".

هاوکات خزمی زیندانیان بانگەوازیان کرد  بۆ بەشداربوون لە "ڕێپێوانی مەزنی ئازادی" کە سبەی لە قەرس و وان دەست پێ دەکات.