ئێشکگری دادپەروەری لە پەرلەمان: متمانە بە دادپەروەری و یاسا دێتەدی

پەرلەمانتاری دەم پارتی مەرال دەنیش بەشتاش سەردانی ئێشکگری دادپەروەری ئەمینە شەنیاشاری کرد و تیشکی خستەسەر بەرخۆدان دژی نادادی.

١٤ ی حوزەیرانی ٢٠١٨ لە پیرسوس، هاوژین و دوو کوڕی ئەمینە شەنیاشار لەلایەن پاسەوان و خزمەکانی پەرلەمانتاری پێشووی ئاکەپە ئیبراهیم خەلیل یەڵدزەوە کوژران و کوڕێکی زیندانی کرا. چالاکیی ئێشکگریی دادپەروەری ئەمینە شەنیاشار لەبەردەم پەرلەمان ٢١ ڕۆژە بەردەوامە.

ئەمینە شەنیاشار باسی کۆمەڵکوژییەکە و قۆناغی دوای کۆمەڵکوژییەکەی کرد، دیسانەوە داوای دادپەروەری دووپات کردەوە و داوای ئازادکردنی فازڵ شەنیاشاری کوڕی کرد.

پەرلەمانتارانی دەم پارتی مەرال دەنیش بەشتاش و دیلان ئایان کونت سەردانی ئەمینە شەنیاشاریان کرد.

بەشتاش ڕایگەیاند پەرلەمان بەئەنقەست خۆی لە داواکەی بنەماڵەی شەنیاشار بێدەنگ دەکات، ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر سەرۆکی پەرلەمان و ئەردۆگان کە گوێ نادەن بە داخوازییەکانی ئەمینە شەنیاشار، تیشکی خستەسەر بەرخۆدانی چەند ساڵەی بنەماڵەی شەنیاشار، گوتی: "بەرخۆدانێکی زۆر واتادارە. ئەگەر پەرلەمان نەبێتە بەردەنگی ئەم داخوازییە، ئیتر دەبێتە بەردەنگی چی؟ کاری چییە؟".

بەشتاش لێدوانی سەرۆکی پەرلەمان، نوعمان کورتولموشی بیرهێنایەوە کە گوتی "پەرلەمان متمانە لەدەست دەدات"، لەم بارەیەوە گوتی: "گەورەترین بێ متمانەیی نادادپەروەری و ستەمە. گەورەترین بێ متمانەیی ئەوەیە دادگاتان کردووەتە ئامرازی دەستی خۆتان. گەورەترین بێ متمانەیی سزانەدانی بکوژانە. متمانە بە دادپەروەری و یاسا دێتەدی".