ئێشکگری دادپەروەری ئەمینە شەنیاشار ٦٠ ڕۆژە بەردەوامە

ئێشکگری دادپەروەری ئەمینە شەنیاشار لەبەردەم وەزارەتی داد، ٦٠ ڕۆژە بەردەوامە.

رۆژی ١٤ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٨، کەسوکار و پاسەوانەکانی ئیبراهیم خەلیل یڵدز، پەرلەمانتاری پێشووی ئاکەپە لە ڕحا، لە ناوچەی پیرسوس هێرشیان کردە سەر بنەماڵەی شەنیاشار. لەو هێرشەدا هاوژین و دوو کوڕی ئەمینە شەنیاشار بەشێوەیەکی دڕندانە کوژران. ئەمینە شەنیاشار و کوڕەکەی پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) فەرید شەنیاشار کە بە برینداری لە هێرشەکە دەربازی بوو، ئێشکگری دادپەروەریان گواستەوە بۆ بەردەم وەزارەتی داد، ئێشکگرییەکە لە ڕۆژی ٦٠ هەمیندا بەردەوام بوو. ئەمینە شەنیاشار لەگەڵ فەرید شەنیاشاری کوڕی هاتنە بەردەم وەزارەتی داد، ئەمڕۆش داوای دادپەروەری کرد.

ئەندامانی کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە) و هاوڵاتیانی ئەنقەرە سەردانی دایکە شەنیاشاریان کرد. پاش ئەوەی شەنیاشار لەگەڵ بەشداربووان چالاکی دانیشتنی ئەنجامدا، لەبەردەم وەزارەتی داد ڕۆژووی شکاند و ڕوویکردە پەرلەمان.