'ئێشكگری ئازادی' لەلایەن كۆمیته‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی كه‌جه‌ده‌كه‌-ئه‌وروپا به‌رده‌وامه‌

ئێشكگری ئازادی كه‌ ماوه‌ی ١٠ ساڵه‌ له‌ گۆڕه‌پانێكی نێوان دامه‌زراوه‌كانی ئه‌وروپا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ئه‌م هه‌فته‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی كه‌جه‌ده‌كه‌-ئه‌وروپا به‌رده‌وام ده‌بێت.

چالاكیی 'ئێشكگریی ئازادی' كه‌ له‌ ٢٥ی حوزه‌یرانی ٢٠١٢ له‌ لایه‌ن ده‌ستپێشخه‌ریی ئازادی بۆ عه‌بدوڵا ئۆجالان له‌ شاری ستراسبورگی فه‌ره‌نسا له‌ پێناو ئازادیی جەستەیی عه‌بدوڵا ئۆجالان رێبه‌ری گه‌لی كورد ده‌ستیپێكردووە، پێینایه‌ هه‌فته‌ی ٤٩٧هه‌مینەوە.

چالاكییه‌كه‌ له‌ گۆڕه‌پانێكی به‌رده‌م دامه‌زراوه‌كانی ئه‌وروپا ئه‌نجام ده‌درێت و هه‌ر هه‌فته‌یه‌ك له‌لایه‌ن گروپێكی جیاواز له‌ كوردستانیان و دۆسته‌كانیان له‌ ئه‌وروپا به‌ڕێوه‌ده‌چێت. ئێشكگرانی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ پێكهاتوون له‌ كۆمه‌ڵێك له‌ ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی كه‌جه‌ده‌كه‌- ئه‌وروپا.

گروپه‌كه‌ له‌ ئاسمین ئه‌نگین، توران ئایدن، ده‌نیس ستۆرز و ئه‌ره‌ن چه‌لیك پێكهاتووه‌.

ئاسمین ئه‌نگین له‌سه‌ر ناوی گروپه‌كه‌ قسه‌ی كرد و رایگه‌یاند، رێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان ٢٣ ساڵه‌ له‌ ئیمراڵی له‌ ناو هه‌لومه‌رجێكی دژواری ئه‌شكه‌نجه‌دا راگیراوه‌.

ئاسمین ئه‌نگین باسی له‌وه‌كرد، له‌ رۆژی یه‌كه‌می پیلانگێڕی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ تائێستا ئه‌شكه‌نجه‌ و گۆشه‌گیری له‌سه‌ر ئۆجالان به‌ پاڵپشتیی ده‌وڵه‌ته‌ ئه‌وروپییه‌كانی هاوبه‌ش له‌ پیلانگێڕییه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت و ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، كه‌ له‌ دژی ئه‌وه‌ش چالاكی ئێشكگری ئازادی له‌ ئاستێكی مێژوویدا گرنگه‌.

ئاسمین ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو،‌ گه‌لی كورد له‌ رێگه‌ی ئه‌و چالاكییه‌وه‌ هه‌م هاوبه‌شانی پیلانگێڕی نێونه‌ته‌وه‌یی شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ن، هه‌م دووڕوویی ئه‌و وڵاتانه‌ هه‌ڵده‌ماڵێت و له‌قاوی ده‌دات، كه‌ خۆیان وه‌ك به‌رگریكارانی مافه‌كانی مرۆڤ و دیموكراسی وێنا ده‌كه‌ن.

 ئاسمین ئه‌نگین وتی، "ئه‌گه‌ر ئه‌وروپا ئازادی و مافه‌كانی مرۆڤ بۆخۆی به‌ بنه‌ما ده‌گرێت، ده‌بێت ده‌ستبه‌جێ هه‌نگاو بنێت، گۆشه‌گیری له‌سه‌ر رێبه‌ر ئاپۆ كۆتایی پێبهێنێت، به‌و جۆره‌ش ئه‌ركی خۆی به‌رامبه‌ر به‌ مرۆڤایه‌تی و گه‌لی كورد جێبه‌جێ بكات".

ئاسمین ئه‌نگین راشیگه‌یاند، "پێویسته‌ گه‌له‌كه‌مان له‌ ئه‌وروپا زۆر به‌ هێزه‌وه‌ خاوه‌نداری له‌و چالاكییه‌ بكات" و له‌پێناو سه‌رخستنی چالاكیه‌كه‌دا بانگه‌وازی ئاراسته‌ كردن.

ژ.ت